مەحمود بەرخودان: بەرەو سوریایەکی نوێ؛ یەک دەوڵەت، یەک ئاڵا و یەک سوپا

٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:٥٤ پاش نیوەڕۆ

مەحمود بەرخودان: بەرەو سوریایەکی نوێ؛ یەک دەوڵەت، یەک ئاڵا و یەک سوپا

پەنجەرە

بەرپرسی کۆبانێی PYD-SDG مەحمود بەرخودان، بە ئاماژەدان بەوەی کە %٩٩ی کێشەکان لەبارەی تێکەڵبوونەوە لەگەڵ سوپا و حکومەتی سوریا تێپەڕێنراون، وتی: "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەڵوەشاندنەوەی YPG-SDG ڕادەگەیەنین. پێکهاتەی بەڕێوەبەریی خۆسەریش نامێنێت. لە چوارچێوەی یەک سوپا، یەک دەوڵەت، یەک ئاڵا و نیشتمانی هاوبەشدا، دەست لەناو دەست سوریایەکی نوێ بونیاد دەنێینەوە."

جووڵانەوەی هەزار ساڵە

بەرخودان بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی ئەو قۆناغەی لە سوریادا پێی گەیشتوون بە سەربەخۆ لە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر"ی ناو تورکیا هەڵناسەنگێندرێت، وتی: "سەرۆککۆمار ئۆردۆغان و ڕێبەری MHP باهچەلی، هەرچەندە مەترسیی زۆر گەورەشی هەبوو، بەڵام ڕەنگە جووڵانەوەی هەزار ساڵەیان کردبێت. جگە لە وەستاندنی ڕشتنی خوێن، ئەو لاپەڕە نوێیەی کە هەڵدراوەتەوە نەک تەنیا لە ئاستی سوریا، عێراق و ئێراندا، بەڵکو کاریگەری زۆر گرنگی لەسەر جیوپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبێت.
ئەمەش لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبینین. لەم ڕوانگەیەوە کە سەیر بکرێت، ئەو ئەرکەی بەڕێز ئۆردۆغان و باجچەلی گرتوویانەتە ئەستۆ، بەرپرسیارێتییەکی ڕاستەقینەی نیشتمانپەروەرانە و هەڵوێستی بنیادنانی ئایندەیە. ڕێگەچارەیەکی زۆر ژیرانەیان بەرهەمهێنا. خۆی جگە لەمە هیچ ڕێگەچارەیەکی دیکەش نەبوو. دەربازبوون لەم کەشوهەوای پشێوییە بە پشتگوێخستن یان فەرامۆشکردنی کوردەکان سەخت بوو. پێم وایە ئۆردۆغان و باجچەلی ئەمەیان زۆر بە ڕوونی بینیوە. هەنگاوێکی لەم شێوەیەش  تەنیا پیاوانی دەوڵەتی گەورە دەتوانن بینێن و بچنە مێژووەوە."

گەڕانەوە نییە

بەپێی وتەی مەحمود بەرخودان کە لە ساڵی ٢٠١٢دا دامەزراندنی YPGی ڕاگەیاندبوو، تێکەڵبوونەوە لەگەڵ سوپای سوریا لە ئاستی تیۆریدا تەواو بووە. بەرخودان وتی: "بڵاوکردنەوەی دۆسیەی YPJ یەکێکە لەو دۆسیانەی کە بە تەواوی یەکلا نەبۆتەوە. شەڕڤانانی YPGی بەڕەگەز تورکیش بابەتێکی دیکەی گفتوگۆ لەسەرکراوە. بەڵام هیچ کامێکیان کێشەی تێنەپەڕێنراو نین. لە ڕوانگەی ئێمەوە لەم قۆناغەدا هیچ گەڕانەوەیەک نییە. لەم چوارچێوەیەدا چەکەکانمان ژێرخاک کرد. ئیتر وەک بەشێک و ڕەگەزێکی سەرەکیی سوریا، لەناو یەکێتی و تەباییدا بەردەوامی بە بوونی خۆمان دەدەین. لەژێر هەمان ئاڵا و لە چوارچێوەی بەها و ئامانجە هاوبەشەکاندا. لە ڕاستیدا تا هێرشەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، ئێمە هەمیشە خاوەندارێتیمان لەم ئاڵایەی سوریا کردووە. تەنانەت لە ساڵی ٢٠١٢ کاتێک دامەزراندنی YPGم ڕاگەیاند، ئەم ئاڵایە لە پشتمەوە بوو. ئێمە هەمیشە بڕوامان بەم ئاڵایە هەبووە. ئێستا ئەوەی دەکەوێتە سەر شانی لایەنی دیمەشق، هاوشانی تێکەڵکردنی سەربازی، ئامادەکردنی دەستوورێکی گشتگیر و دادپەروەرانەیە کە مافی هەموومان بپارێزێت و لەبەرچاوی بگرێت. ئەمە نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکو دەبێت چوارچێوەیەک بکێشرێت کە ڕەچاوی هەموو جیاوازییەکانی تورکمان، عەرەب و تەنانەت ئاشووری، ئێزدی، ئەرمەنی، دروز و عەلەویش بکات. بەعس کۆتایی هات و دەبێت ئەو عەقڵییەتەش بە تەواوی بنبڕ بێت. ئێمە بە دڵسۆزییەوە بەردەوامین لە سەرڕاستیمان بۆ ڕێککەوتنی ٢٩ی کانونی دووەم."

چوارچێوەی ئومەتی ئیسلامی بێزارمان ناکات

مەحمود بەرخودان بەرپرسی کۆبانێی PYD-SDG ئاماژەی بەوەش کرد، هاوشانی تێکەڵبوونەوەی سەربازی، قۆناغەکانی وەک دەستبەرسەرداگرتنی دامەزراوە گشتییەکان و بیرە نەوتەکانیش لە قۆناغی تەواوبووندان و گوتی: "کۆدەکان بۆ ژیانی پێکەوەیی لە هەموو ڕوویەکەوە شێوە دەگرن. کورد لە بنەڕەتدا کۆمەڵگەیەکی موسڵمانە و لە سوریا یان لەو جوغرافیایانەی تێیدا دەژین، چوارچێوەی ئومەتی ئیسلامی هیچ کوردێک بێزار ناکات." 

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئەمە سۆسیۆلۆژیای سروشتیی ئێمەیە. لە ناو سوریا و لە جوغرافیاکانی دیکەشدا تەنیا بەم شێوەیە دەتوانین بەردەوامی بە بوونی خۆمان بدەین. تەنیا بە هەمان ئاڵا، هەمان دەوڵەت، نیشتمان و سوپای هاوبەش دەتوانین لەسەر پێی خۆمان بڕەستین."

داوای دەوڵەتی سەربەخۆمان نییە

ئێمە داوای دەوڵەتێکی سەربەخۆمان (کوردستان) نییە. لە ڕاستیدا هیچ کاتێک لە سوریادا نەمانگووتووە دەوڵەتی سەربەخۆ دامەزرێنین. بۆ نموونە وتنی 'کۆبانێ دەبێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ' شێتییەکی دوور لە ئەقڵە. کوردانی سوریا بە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوبوونەتەوە و لە ڕووی زمان، دین و کلتوورەوە بەشێکی بەهێز و قووڵی ئەم کۆمەڵگەیەن. بە دەستەواژە دروستەکە بووینەتە گۆشت و ناخون. ئەم دۆخە بۆ تورکیاش جیاواز نییە. لە سەرانسەری تورکیادا هەزاران کەس و کارم هەیە. دەمەوێت هەموویان ببینم. دەمەوێت ئاستەنگەکانی نێوانمان نەمێنن و دەست لەملانیان ببمەوە. ئێمەیان لە ساڵی ١٩٢٦دا بە هێڵی برۆکسل وەک ئەوەی بە چەقۆ بڕابێت لە یەکتر جیاکردەوە. ئێستا کاتی داخستنی ئەم کەوانەیە و کاتی ئاشتییە.
کاتێک داعش هێرشی کرد کۆبانێ چۆڵ بوو و تەواوی خەڵکەکەمان پەڕینەوە بۆ تورکیا. لەوێ ڕێزیان لێگیرا. ئێمە ناتوانین خۆ لەمانە بێئاگا بکەین. لەم سەردەمەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا بە دڵنیاییەوە هەڵە ڕوویان دا، بەڵام هەموویانمان لەپشت سەرمان بەجێهێشت. ئیتر دەبێت باسی ئاشتی، یەکێتی و بنیادنانی ئایندەمان بەپێکەوەیی بکەین. بە دڵنیاییەوە سەختی هەن، بەڵام لە ناخی دڵمەوە بڕوام وایە دەگەینە کەناری ئارامی."

ئەوەی گوتمان هەمانە

بەرخودانی تەمەن ٥٢ ساڵ کە لە کۆبانێ قسەیکرد و بەرپرسی SDG-YPGیە، گوتی: "تا ئێستا ١٠ هەزار شەڕڤانمان تێکەڵی سوپای سوریا بوون. ڕەنگە ئەم ژمارەیە بگاتە ١٢ هەزار. ئەو لێکدانەوانەی پێشتر لەبارەی ئێمەوە دەکران کە گوایە سوپایەکی ٧٠ بۆ ١٠٠ هەزار کەسین، ڕاستییەکەی نیشان نەدەدا. هەروەها لە ئێستادا لە ناو تۆڕەکەماندا هیچ کەسێکی عەرەب نەماوە. تەنیا لە ناوچەی قامیشلۆ-جەزیرە ڕەنگە چەند کەسێک مابێتن."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو