مۆبایلە کۆدکراوەکەی هەولێر: نهێنی ئەو پەیوەندییەی ئیدارەی ترەمپ بە فەرماندەی سوپای پاسدارانی گەیاند
٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:٥٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئاژانسی هەواڵی «ئەکسیۆس»ی ئەمریکی بڵاویکردەوە و دەڵێت: ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاریداوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، بکاتە لینکی نهێنی و ڕاستەوخۆ بۆ ئەوەی پەیوەندی بە سەرکردەکانی «سوپای پاسداران»ی ئێرانەوە بکەن.
ئەمریکییەکان ئەم هەنگاوەیان دوای ئەوە نا کە گومانیان لا دروستبوو لەوەی ئایا ئەو کەسانەی لە لایەن ئێرانەوە دانوستان دەکەن، بەڕاستی دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە ڕێککەوتن بکەن و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن یان نا.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکان بۆ ئەو ماڵپەڕە، لە سەرەتای مانگی پێنجدا (ئایار) کۆشکی سپی گومانی بۆ دروستبوو لەوەی کە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران (محەمەد باقر قالیباف) و وەزیری دەرەوەی ئێران (عەباس عێراقچی) دەسەڵاتی تەواویان نەبێت بۆ بڕیاردان، بەڵکو بڕیارەکانیان پێویستی بە ڕەزامەندی سوپای پاسداران بێت. ئەم گومانەش کاتێک دروستبوو کە ئەمریکا پێی وابوو زۆر نزیکن لە ڕێککەوتن، بەڵام ئێران وەڵامەکەی بۆ زیاتر لە دە ڕۆژ دواخست.
لە دەوروبەری ١٠ی ئایاردا، «تولسی گابارد» کە بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا بوو، پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانییەوە کرد و داوای لێکرد یارمەتییان بدات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ «ئەحمەد وەحیدی» بکەن کە فەرماندەی سوپای پاسدارانە.
گابارد بە بارزانی گوتبوو کە ئەم کارە بە ڕەزامەندیی ڕاستەوخۆی ترەمپ و جێگرەکەی (جەی دی ڤانس) دەکرێت، و ئەمریکا دەیەوێت بزانێت ئایا سوپای پاسداران هاوڕان لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەی قالیباف و عێراقچی قسەی لەسەر دەکەن، یان داواکاری دیکەیان هەیە.
ئەمریکا لەبەر چەند هۆکارێک نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەم ئەرکە هەڵبژارد؛ چونکە پەیوەندییەکی مێژوویی و بەهێزی لەگەڵ هەردوو لایەندا هەیە. نێچیرڤان بارزانی لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا لە ئێران ژیاوە، لە زانکۆی تاران خوێندویەتی، بە ڕەوانی بە فارسی قسە دەکات و پەیوەندی کەسیی نزیکی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران و فەرماندەکانی سوپای پاسداران هەیە.
تەنانەت برێت مەگۆرک (ڕاوێژکاری پێشووی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) وتبووی کە بارزانی نزیکەی هەموو بەرپرسەکانی تاران و واشنتۆن بە باشی دەناسێت.
پەیوەندییە تەلەفۆنییە نهێنییەکە لەگەڵ وەحیدی
نێچیرڤان بارزانی ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر گەیاندنی پەیامەکە، بەڵام مەرجی دانابوو کە دەبێت ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ خۆی «وەحیدی» بکات. لە ١٤ی ئایاردا، بەرپرسێکی سوپای پاسداران هاتە ئۆفیسی بارزانی لە هەولێر و مۆبایلێکی تایبەتی هێنا کە هێڵەکەی پارێزراو بوو تاوەکو پەیوەندییەکی بەهێز و نهێنی ئەنجام بدەن.
لە پەیوەندییەکەدا بارزانی لە وەحیدی پرسی کە ئایا سوپای پاسداران پشتگیری لە دانوستانکارەکانی ئێران دەکەن؟ وەحیدی لە وەڵامدا گوتی: «بەڵێ، بە تەواوی پشتگیرییان دەکەم و ئەمە هەڵوێستی فەرمیی سوپای پاسدارانە، چونکە ئێمە پێمان باشترە قەیرانەکە بە ڕێگەی دانوستان چارەسەر بێت.»
دەستبەجێ دوای تەواوبوونی پەیوەندییەکە، بارزانی وەڵامەکەی دایەوە بە تولسی گابارد و ئەویش زانیارییەکانی گەیاندە کۆشکی سپی. دوای ئەمە، ئیدارەی ترەمپ بیرۆکەی ئەوەی هێنایە ئاراوە کە کۆبوونەوەیەکی زۆر نهێنی لە هەولێر لە نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئێراندا ڕێکبخرێت.
ئێرانییەکان بەم پێشنیارە ڕازی بوون، بەڵام لەبەر هۆکاری ئەمنی و لە ترسی ئەوەی نەک هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) هێرش بکاتە سەر شاندەکەیان لە کوردستان یان لە ڕێگەدا، پاشگەز بوونەوە و کۆبوونەوەکە نەکرا.
ئەم هەوڵە نهێنییە دەرخەری ئەوەیە کە ئەمریکا دوای شەڕەکە تووشی چ کێشەیەکی گەورە بووەتەوە لە تێگەیشتن لەوەی کێ بڕیاردەری کۆتاییە لە ناو کۆماری ئیسلامی ئێراندا، بەتایبەت دوای کوژرانی عەلی خامنەیی و چەندین بەرپرسی باڵا، کە بووە هۆی بەهێزتربوونی دەسەڵاتی سوپای پاسداران.
لە ئێستادا ئاسانکارەکانی وەک پاکستان و قەتەر بەردەوامن لە گەیاندنی پەیام لە نێوان واشنتن و تاراندا، بەڵام هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆ بەدی نایەت. هەندێک سەرچاوە دەڵێن پاکستان کەمێک دیمەنەکە بە گەشبینتر نیشان دەدات تاوەکو جووڵەیەک لە دانوستانەکاندا دروست بکات. لە لایەکی ترەوە نێچیرڤان بارزانی دیسانەوە ئامادەیی خۆی بۆ کۆشکی سپی دەربڕیوە بۆ ئەوەی هاوکارییان بکاتەوە لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان، بەڵام وەک برێت مەگۆرک ئاماژەی پێداوە: کێشەکە ناوەندگیر و ناوبژیوانەکان نین، بەڵکو سیاسەتی ئێرانە بەرامبەر گەرووەکە کە ئەستەمە لە کاتێکی نزیکدا بگوڕێت.