لە شەش مانگ زیندانی تا ٣٠ ساڵ؛ پەرلەمانی ئێران چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیاکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە تاوان دەناسێنێت

٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:٥٨ پاش نیوەڕۆ

لە شەش مانگ زیندانی تا ٣٠ ساڵ؛ پەرلەمانی ئێران چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیاکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە تاوان دەناسێنێت

پەنجەرە

میدیای ئێرانی بڵاویكرده‌وه‌، پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسایەکی پەسەند کردووە کە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن یان هەر شێوازێک لە پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەو میدیایانەی بە دژبەری کۆماری ئیسلامی دادەنرێن، لەوانەش میدیاکانی سەر بە ئەمریکا یان ئیسرائیل و ئەو میدیایانەی لەلایەن ئەوانەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێن، بە تاوان دەناسێنێت.

بپێی پڕۆژەیاساکە، کە پێویستە پێش ئەوەی ببێتە یاسا لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، ئەنجامدانی چاوپێکەوتن یان بەشداری لە گفتوگۆ لەگەڵ ئەم میدیایانەدا قەدەغە دەکرێت، سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردن بۆ ماوەی شەش مانگ تا دوو ساڵ دەبنەوە.

ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیا بیانییەکانی دیکەش پێویستی بە ئاگادارکردنەوەی وەزارەتی ئیتلاعات دەبێت، لە کاتێکدا سزای پەیوەندیکردن بە باڵیۆزخانە بیانییەکان یان نوسینگەی ڕێکخراوە بیانییەکان یان دامەزراوە نا ئێرانییەکانی دیکە بەبێ ئاگادارکردنەوە و مۆڵەتی نووسراوی وەزارەتی دەرەوە، بریتی دەبێت لە پێبژاردن (غەرامە) و بێبەشکردن لە هەندێک مافی کۆمەڵایەتی.

پڕۆژەیاساکە هەروەها بڕیار لەسەر توندکردنەوەی سزاكان دەدات بۆ ئەو تاوانە ئابوورییانەی بە ڕێنمایی یان سەرپەرشتی بیانییەکان ئەنجام دەدرێن، و پێشکەشکردنی زانیاری بە بیانییەکان بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتی ئیتلاعات قەدەغە دەکات، و هاوکاریی زانستی لەگەڵ ئەو دامەزراوە بیانییانەی لە لیستی پەسەندکراودا نین سنوردار دەکات.

تەنانەت سزادانی پێشنیارە سیاسی یان یاسادانانییەکانیش دەگرێتەوە کە بە ڕێنمایی دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان پێشکەش دەکرێن، ئەگەر زەرەر بە ئاسایش یان سەربەخۆیی ئێران بگەیەنن، بە زیندانیکردن تا ۳۰ ساڵ. دادگا شۆڕشگێڕییەکانیش تایبەتمەند دەبن بە بڕیاردان لەسەر ئەم کەیسانە.

ئەم هەنگاوە یەکەمجار نییە کە تاران هاوکاری لەگەڵ لایەنە بیانییەکان بکاتە تاوان؛ بەڵکو یاسایەک کە لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەدوای جەنگی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل دەرچوو، سزای توندتری بەسەر ئەوانەدا سەپاند کە بە هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دژبەر ئەژمار دەکرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو