هەولێر دان بە ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆسدا دەنێت: نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵی نێوەندگیریی لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا گێڕاوە
٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:٠٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕاستی و دروستیی ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردەوە کە پێشتر لەلایەن ماڵپەڕی ئەمریکی "ئەکسیۆس"ەوە بڵاوکرابوونەوە، سەبارەت بە ڕۆڵی نێوەندگیریی نێچیرڤان بارزانی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.
لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "ئێران ئینتەرناشناڵ"، دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە لە ئاڵوگۆڕکردنی پەیامەکان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران.
وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد، "یەکێک لە بنەما نەگۆڕەکانی سیاسەتی بارزانی ئەوەیە کە دەبێت کێشە و ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێن."
سەبارەت بە هۆکاری بەکارهێنانی ئەم کەناڵەش، ئاشکرای کرد کە پەیوەندییە باش و هاوسەنگەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی، بووەتە هۆی ئەوەی داوای لێ بكرێت ئەم ڕۆڵە ببینێت.
ئەم لێدوانە فەرمییەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت کە پێشتر ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردبوو، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کردنی کەناڵێکی پەیوەندی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە، داوای هاوکاریی لە نێچیرڤان بارزانی کردووە.