مەترسیدارترین چەکی نوێی ئێرانی لە ئاسمانی هەولێر؛ «حەدید ۱۱۰» چییە؟

٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:٢٠ پاش نیوەڕۆ

مەترسیدارترین چەکی نوێی ئێرانی لە ئاسمانی هەولێر؛ «حەدید ۱۱۰» چییە؟

پەنجەرە

دەزگای دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوی ئێرانی لە جۆری «حەدید ۱۱۰» نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی ئاژانسی «پاراستن»یان لە هەولێر کردووەتە ئامانج، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیی لێ بکەوێتەوە.

ئێران چەند مانگێک پێش هەڵگیرسانی جەنگ لە حوزەیرانی ۲٠٢٥دا، وردەکاریی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژە نوێیەی خۆی بەناوی «حەدید ۱۱۰» ئاشکرا کردبوو، کە بە «دالاهۆ»ش دەناسرێت و بە بزوێنەری جێت کاردەکات. 

بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەوکات لە ماڵپەڕەکانی «سوپای پاسداران»دا بڵاوکرابوونەوە، فڕۆکەکە بۆ لێدانی ئامانجە پارێزراوەکان دیزاین کراوە، ئەوەش لەڕێگەی خێرایی بەرز و پەیکەرێک کە ڕادەی دەرکەوتنی لەسەر ڕادار کەمە، تاوەکو کاتی کاردانەوەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی کەم بباتەوە.

وردەکارییەکانی ئەم فڕۆکەیە بۆ یەکەمجار لە ۱۲ی شوباتی ۲۰۲٥ دا بە ئاشکرا دەرکەوتن، کاتێک ئاژانسێکیی سەر بە سوپای پاسداران وێنەکانی بڵاوکردەوە و وەک دەستکەوتێکی وەزارەتی بەرگری پێشکەشیکرد. 

وێنەکان تاقیکردنەوەی هەڵدانی فڕۆکەکەیان لە ژێردەریاییەکی بێفڕۆکەوانەوە نیشان دەدا، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری بەکارهێنانی لە دەریادا. بەڵام سوپای پاسداران چوونەخزمەتکردنی ئەم ڕێگەیەی لە ئەرکێکی جەنگییدا یان ئەنجامدانی هەڵدانی هاوشێوەی ڕانەگەیاندووە.

دواتر «حەدید ۱۱۰» لە پێشانگای «اقتدار ١٤٠٣» نیشاندرا، کە عەلی خامنەیی لە کانوونی دووەمی ۲۰٢٥ سەردانی کردبوو. دواتر ئێران ڕایگەیاند کە وەشانە نوێیەکەی دەتوانێت بە خێراییەکی زیاتر و لە بەرزییەکی نزمتردا بفڕێت و کەمتر لەسەر ڕادار دەربکەوێت. بەڵام تایبەتمەندییەکانی مۆدێلەکەی ئاشکرا نەکرد، ئەمەش ڕێگرە لە دیاریکردنی ئاستی ئەو گۆڕانکارییەی بەسەریدا هاتووە.

تایبەتمەندییە تەکنیكییەکان: بزوێنەری جێت و مەودای کورتتر

«حەدید ۱۱۰» بزوێنەرێکی بچووکی «تۆربۆجێت»ی هەیە، بە پێچەوانەی بزوێنەرە پەروانەدارەکانی تر کە زۆربەی درۆنە خۆکوژەکانی ئێرانی پێ لێدەخوڕرێن. ڕاگەیاندنی سوپای پاسداران دەڵێت ئەم گۆڕانکارییە خێراییەکی بەرزتری پێدەبەخشێت، بەڵام لە بەرامبەردا سووتەمەنی زیاتر سەرف دەکات و مەوداکەی کورتتر دەبێتەوە.

هەڵدانی فڕۆکەکە بە پاڵنەرێکی سووتەمەنی ڕەق دەستپێدەکات تاوەکو دەشگاتە خێرایی و بەرزیی پێویست، دواتر بزوێنەرە جێتەکە دەستبەکار دەبێت. ئەمەش پێویستیی بە باندی فڕین ناهێڵێت و ڕێگە دەدات لەسەر ئۆتۆمبێل و هەڵدەرە جووڵاوەکان جێگیر بكرێت.

 خێرایی ئاسایی: ٥١٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا

 ئەوپەڕی خێرایی : ٥١٧ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا
 مەودای کارکردن: ۳٥٠ کیلۆمەتر (ماوەی فڕینی نزیکەی ۱ کاتژمێر)
 ئەوپەڕی بەرزیی فڕین: ۳۰ هەزار پێ (نزیکەی ۹ هەزار مەتر)
 کڵاوەی جەنگی (بۆمبەکەی): ۳۰ کیلۆگرام (تایبەت کراوە بۆ پێكانی ئامانجی ورد، نەک وێرانکاریی بەربڵاو)

بەراوردکردنی لەگەڵ درۆنی «شاهد١٣٦» ڕوونی دەکاتەوە کە شاهد بزوێنەرێکی پەروانەیی هەیە و خێراییەکەی ۱۸٦کـم/کەژییە، بەڵام سووتەمەنی کەمتر سەرف دەکات و مەودای زۆر درێژتر دەبڕێت. 
ڕۆژنامەی «همشهری» باسی لەوە کردووە کە دەنگی حەدید کەمترە، بەڵام بەهۆی نەبوونی زانیاری ڕوون لەسەر بزوێنەرەکەی، ئەم زانیارییە هێشتا سەلمێندراو نییە. بە کورتی: «حەدید ۱۱۰» بۆ گەیشتنی خێرا بۆ ئامانجە نزیکەکان دروستکراوە، لە کاتێکدا «شاهد ۱٣٦ “بۆ گەشتە دوورەکان باشترە.

دیزاینێک کە دۆزینەوەی لەسەر ڕادار قورس دەکات

لەشی فڕۆکەکە شێوەی باڵێکی تێکەڵکراوی (دێلتا)ی هەیە و ڕووەکەی فرەگۆشەیە. ئەم دیزاینە دەبێتە هۆی لادانی شەپۆلەکانی ڕادار و دۆزینەوەی فڕۆکەکە لە مەودای دوورەوە قورس دەکات. شوێنی چوونی هەوا کەوتووەتە بەشی سەرەوەی جەستەکە تا لە ڕادارە زەمینییەکان بشاردرێتەوە، هەروەها پەرەکانی بزوێنەرەکەشی لەناو جەستەکەدا شاردراونەتەوە.
سوپای پاسداران دەڵێت جەستەکەی بە ماددەیەک داپۆشراوە کە شەپۆلی ڕادار هەڵدەمژێت. بەڵام هیچ بەڵگەیەک یان تاقیکردنەوەیەکی ئاشکرا نییە کە بیسەلمێنێت بە تەواوی شاراوەیە (رادارگریزە). بەڵکو تەنها دیزاین کراوە تا دۆزینەوەی دوابکەوێت، و دواتر خێراییە بەرزەکەی ڕێگە نادات سیستەمی بەرگری کاتی بەسەرەوە بێت بۆ تێکشکاندنی.

فڕۆکەکە سیستەمی فڕینی ئۆتۆماتیکی (جی پی ئێس و ڕێبەری زاتی) هەیە. شوێنی ئامانجەکە پێش هەڵدان لەڕێگەی تابڵێتێکەوە تێیدا تۆمار دەکرێت و دواتر خۆی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەڕوات. 
ڕۆژنامەی «همشهری» ئاماژەی بە ئەگەری هەبوونی کامێرا کردووە، بەڵام ڕوون نییە کە ئایا دەتوانرێت دوای هەڵدانیش ڕێڕەوەکەی بپێکڕێتەوە یان بەدوای ئامانجی جووڵاودا بگەڕێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە فڕۆکەکە تەنها بۆ لێدانی شوێنی جێگیر و دیاریکراو بەکاردێت.

ئامانجەکان و بەکارهێنانی لە مەیدانی جەنگدا

ئامانجە سەرەکییەکانی پێکهاتوون لە: ڕادارەکان، ناوەندەکانی بڕیاردان، کۆگاکانی تەقەمەنی و ژێرخانە هەستیارەکان.
گرنگیی ئەم فڕۆکەیە کاتێک دەردەکەوێت کە لەگەڵ موشەکی بالیستی، کرۆز و درۆنە هێواشەکاندا بە یەکەوە دەهاوێژرێن. بەهۆی جیاوازیی خێراییەکانیانەوە، سیستەمی بەرگریی دوژمن تووشی سەرلێشێوان دەکات.
فڕۆکەکە لە مەشقەکانی «سەهەند» و هەروەها لە ئۆپراسیۆنی «بەڵێنی ڕاستەقینەی٤» لە ئازاری ٢٠٢٦ بەکارهێنراوە. بەڵام تاوەکو ئێستا ئێران هیچ بەڵگەیەکی ئاشکرای نیشان نەداوە کە دەسەڵاتی جەنگی و ڕێژەی سەرکەوتنی ئەم درۆنە بسەلمێنێت، و زانیاری لەسەر کێشی گشتی، تێچوو و ژمارەی بەرهەمهێنراوی هێشتا نادیارن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو