حیزبولڵا هەڕەشە لە زەیدی دەکات
٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:٢٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
میلیشیای کەتیبەکانی حیزبولڵای عێراق، کە گرووپێکی چەکداری بەهێز و لایەنگری ئێرانە، هەڕەشەیان لە عەلی ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد. ئەم گرووپە دووبارە جەختیان کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت ناکەن تاوەکو چەند مەرجێک نەیەنە دی. کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا و تورکیا لە عێراق، هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان.
ئەم هەڕەشانە لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە لە نیوەشەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە بڵاوکرانەوە، ئەوەش تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق سەرکردەیەکی دیاری میلیشیای نوجەبایان بە ناوی عەباس ئەلیەعقوبی دەستگیرکرد، کە بەرپرسی زانیاری (ئیستخبارات)ی ئەو میلیشیایەیە.
لە بەیاننامەکەدا، کە کەتیبەکانی حیزبولڵا لە سەکۆکانی خۆیان بڵاویان کردووەتەوە، مەرجەکانی ئەوان (کە بە بەرگریی ئیسلامی ناویان بردووە) بۆ ڕێککەوتن یان کارکردن لەگەڵ هەر حکومتێکدا سەبارەت بە دیاریکردنی چارەنووسی چەکەکانیان، لەم چوار خاڵەدا کۆدەبێتەوە:
چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
ڕزگارکردنی بڕیاری سیاسی و ئابووریی عێراق لە ژێر دەسەڵات و هەژموونی ئەمریکا.
دەرکردنی هێزەکانی تورکیا لە باکووری عێراق.
هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
ئەم میلیشیایە، کە لەلایەن ئەمریکاوە خرابووە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە، بە توندی هێرشی کردە سەر سەرۆک وەزیران عەلی ئەلزەیدی. ئەوان سەد ڕۆژی یەکەمی حکومەتەکەیان بە "زیرەکیی بەتاڵ" وەسف کرد و ڕایانگەیاند کە پێویستە ناوبراو لە هاوکێشە ڕاستەقینەکان تێبگات و گوێ لە ئامۆژگاریی سیاسییە کۆن و بەتەمەنەکان بگرێت.
هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە هیچ نیشانەیەکی پێگەیشتن یان تێگەیشتنیان لە بارودۆخە ئاڵۆزەکانی عێراق و ناوچەکە لە ئەلزەیدی نەدیوە، بەڵکو بەهۆی جێبەجێکردنی ئامۆژگارییەکانی توم باراک( نێردراوی ئەمریکا)، کێشەکانی قووڵتر کردووەتەوە.
گرووپەکە ئەوەشی زیاد کرد کە ئارامییان بەرامبەر ڕەفتارە ئاژاوەگێڕانەکانی ئەلزەیدی بەرەو تەواوبوون دەچێت، بەتایبەت بێزارکردنی خێزانی شەهیدان، برینداران، چەکداران و کەسایەتییە ئایینییەکان لە ڕێگەی هەڵکوتانە سەر ماڵەکانیان بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی ئەمریکییەکان.
کەتیبەکانی حیزبولڵا: دەرفەتەکانی ئەلزەیدی کۆتایییان پێهات و کار بە بنەمای (چاو بەرامبەر چاو) دەکەین
میلیشیاکە ڕایگەیاند کە دەرفەتەکان بۆ سەرۆک وەزیران کۆتایییان پێهاتووە و لەمەودوا بەپێی بنەمای "چاو بەرامبەر چاو و ددان بەرامبەر ددان" مامەڵە دەکەن، هەروەها ڕێکارە ئەمنییەکانی حکومەتەکەی ئەلزەیدییان بە "کاری لار و ناڕاست" وەسف کرد.
ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدا دێن کە تەنها شەش هەفتە ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی حکومەت دیاریی کردووە (تا ٣٠ی ئەیلوول) بۆ کۆکردنەوەی چەکی هەموو گرووپەکان. بەپێی پلانەکە، دوای ئەو بەروارە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەپێی یاسای دژە تیرۆر مامەڵە لەگەڵ هەر چەکێکدا دەکەن کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە کەتیبەکانی حزبوڵا لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا ڕایانگەیاندبوو کە هیچ جۆرە نیازیان نییە چەکەکانیان بپێچرێنەوە و بە هیچ شێوەیەک ڕادەستی ناکەن تا ئەو کاتەی "ئیمامی مەهدی" دێت و ڕادەستی ئەوی دەکەن.
لەلایەکی ترەوە، ئەندامێکی دیاری پەرلەمانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "العربي الجديد" (کە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت) ڕایگەیاند کە ئەم بەیاننامەیە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی سەرۆک وەزیران. ناوبراو ئاشکرای کرد کە سەردانەکەی ئەم دواییەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ بەغدا، ئەنجامەکەی ئەوە بووە کە ناوبراو پشتگیریی لەوە کردووە کە چەکی گرووپەکان ڕادەست نەکریت و تەنانەت نەخرێتە ژێر چاودێریی حکومەتیشەوە.
ئەم ئەندامەی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش دا کە ئێستا سەرۆک وەزیران عەلی ئەلزەیدی کەوتووەتە دۆخێکەوە کە لایەنە سەرەکییەکانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" و حزبە شێعییە گەورەکان پشتیان تێکردووە لە دۆسیەی چەکداماڵیندا. دوای سەردانەکەی قائانی، بەشێک لەو حزبانە بڕیاریان داوە پشتگیری لە حکومەت نەکەن لەم بابەتەدا، بەشێکی تریشیان بێدەنگییان هەڵبژاردووە، تاوەکو یان لەگەڵ سیاسەتی ئێراندا بگونجێن یانیش نەکەونە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانەدا.
سەبارەت بەم پێشهاتانە، ئەحمەد ئەلعوبەیدی، ئەندامی سەنتەری بەغدا بۆ لێکۆڵینەوە سیاسییەکان بە "العربي الجديد"ی ڕاگەیاند کە ئەو مەرجانەی کەتیبەکانی حزبوڵا دایانناوە بۆ ڕادەستکردنی چەک، مەرجی نەگونجاو و تەنها بۆ خۆپێشاندان و نمایشکردنن.
ڕوونی کردەوە کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەپێی ڕێککەوتننامەکان لە ئایندەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت، و گەورەکردنی دۆسیەی هێزەکانی تورکیا لە سەر سنوور تەنها بەهۆی ئامادەیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وەیە. بەڵام هێنانی ناوی پێشمەرگە، کە هێزێکی فەرمی و دەستووریی وڵاتە، و داواکردنی هەڵوەشاندنەوەیان، نیشانەی ئەوەیە کە گرووپەکان دەیانەوێت بابەتەکە بەرەو خراپترین سیناریۆی ڕووبەڕووبوونەوە ببن.
ئاماژەشی بەوە دا کە نەمانی پشتگیریی سیاسی و ئایینیی شێعە بۆ سەرۆک وەزیران لەم دۆسیەیەدا، دەکرێت لە کۆتاییدا ناچاری بکرێت دەست لەکار بکێشێتەوە، ئەگەر بێت و چارەسەرەکە تەنها شەڕی چەکداریی ناوخۆیی بێت لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و گرووپە چەکدارەکاندا.
لەلایەکی ترەوە، عوسمان ئەلشەیبانی، ئەندامی کۆمسیۆنی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا هۆشدارییەکی زۆر مەترسیداری لە سەرۆک وەزیرانەوە گواستەوە. ئەلشەیبانی ڕایگەیاند کە ئەلزەیدی جەختی کردووەتەوە ئەگەر دامەزراوە نیشتمانییەکان و دەوڵەت نەتوانن چەک لە دەستی گرووپەکان دەربێنن و لە دەستی خۆیاندا کۆیبکەنەوە، ئەوا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئەمریکا خۆیان دێنە ناو بابەتەکەوە و بەدەستی خۆیان ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکەن.
ئەلشەیبانی زیاتر ڕوونی کردەوە کە ئەم دەستوەردانە نێودەوڵەتییە تەنها لە ڕێگەی فشاری سیاسییەوە نابێت، بەڵکو دەکرێت بگۆڕێت بۆ هێرشی سەربازیی بۆردومانی چڕ و لەناوبردنی ڕاستەوخۆی بنکە و بارەگاکانی ئەو گرووپانە؛ ئەمەش هەمان ئەو بارودۆخەیە کە حکومەت هەوڵ دەدات لێی بەدوور بێت لە ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەکە لە ناوخۆدا و هێنانی هەموان بۆ ژێر چەتری دەوڵەت.
هەروەها سەرۆک وەزیران وێنەیەکی زۆر مەترسیداری ئابووریی خستووەتە ڕوو، کاتێک ئاماژەی بەوە کردووە کە شکستخواردن لە چارەسەری کێشەی گرووپە چەکدارەکان عێراق ڕووبەڕووی گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتیی سەخت دەکاتەوە، بەجۆرێک حەواڵەکردنی پارە لە ڕێگەی بانکی جیهانی ڕادەگیرێت و دااهاتی نەوتی عێراقیش دەسڕێت (بلۆک دەکرێت).