ئێران بە "داڵاهۆ" شەڕی "پیرمام" دەکات

٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:٣٠ پاش نیوەڕۆ

ئێران بە "داڵاهۆ" شەڕی "پیرمام" دەکات

پەنجەرە

لەهێرشەکەیدا دوێنێیدا بۆ سەر بارەگای مەسرور بارزانی- سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئێران نەوەیەکی نوێی لە درۆنە خۆتەقێنەرەوەکانی بەکارهێناوە کە تائێستا کەمتر بەکاری هێناوە، ئەویش "حەدید-١١٠"ـەیە کە بە "داڵاهۆ" ناسراوە.

لەم ڕاپۆرتەدا بەپشتبەستن بە سەرچاوە سەربازییەکان، لەسەر تایبەتمەندییەکانی ئەم درۆنە دەوەستین.

داڵاهۆ؛ لە چیاکانی کرماشانەوە بۆ ئاسمانی هەولێر

ناونانی ئەم درۆنە بە "داڵاهۆ" وەک نەریتێکی سەربازیی ئێران دێت کە ناوی چیا و هێما نەتەوەیی و ئایینییەکان لە چەکەکانی دەنێت. 

داڵاهۆ ناوی چیایەکی سەرکەشە لە پارێزگای کرماشان.

"خێراترینە"؛ تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی درۆنی داڵاهۆ

ئەم درۆنە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ پەردەی لەسەر لادرا، یەکەم ئەزموونی کردەییی خۆی، لە ئۆپەراسیۆنی "پەیمانی راستگۆیانە (وعد الصادق) ٤" لە ئاداری ٢٠٢٦ تاقیکردەوە. 

ئەوەی "داڵاهۆ" یان "حەدید-١١٠" لە درۆنەکانی دیکە جیادەکاتەوە، بزوێنەرەکەیەتی کە لەجۆری جێت "نفاس"ـە.

ئەم بزوێنەرە خێراییەکەی دەگاتە زیاتر لە ٥١٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، ئەمەش وایکردووە ببێتە خێراترین درۆنی خۆتەقێنەرەوەی ئێرانی.

هاوکات دیزاینی ئەم درۆنە بە شێوەیەکە کە کەمترین نیشانەی ڕاداری هەیە، ئەمەش کاتی کاردانەوەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی کەمدەکاتەوە.

جگە لەوەش، کڵاوەیەکی تەقەمەنی بە کێشی ٣٠ کیلۆگرام هەڵدەگرێت کە بۆ پێکانی ئامانجە وردەکان و بنکە سەربازییەکان گونجاوە.

داڵاهۆ دەتوانێت مەودای ٣٥٠ کیلۆمەتر ببڕێت، کە ئەمەش مەودایەکی دوور نییە، بەڵام بۆ ئامانجی نزیک کارایە.

جیاوازی "داڵاهۆ" و "شاهد"؟

پەنابردنی ئێران بۆ ئەم درۆنە لەکاتێکدایە کە ئەو وڵاتە زۆرتر درۆنی شاهد و بەتایبەتی شاهد ١٣٦ بەکاردێنێت. بۆیە ڕەنگە پرسیاری ئەوە بێتە ئاراوە کە جیاوازی ئەم دوانە چییە؟

بەپێی سەرچاوە سەربازییەکان، شاهد بۆ هێرشی بەکۆمەڵ و سەرقاڵکردنی بەرگریی ئاسمانییە، بەڵام داڵاهۆ بۆ هێرشی تاکی و خێرا و تێپەڕاندنی ڕادارەکانە.

لەلایەکی ترەوە "داڵاهۆ" چەکێکی گرانبەهایە و بۆ ئامانجی "جۆریی" بەکاردێت، بە پێچەوانەی شاهێد کە بەهۆی هەرزانییەکەیەوە بە "چەکی هەژاران" دەناسرێت.

لە بواری مەودا و دووریشدا، مەودای ٣٥٠ کیلۆمەتریی داڵاهۆ، بە تەواوی بۆ پێکانی ئامانجە ناوچەییەکان دیزاینکراوە، نەک بۆ شەڕی مەودا دوور، کە بەپێچەوانەوە شاهد لەمەیاندا کارایە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو