ئۆجەلان و گۆڕانکاری گەورە: "داهاتووی تورکیا بە ئیمرالیدا تێدەپەڕێت"
٢٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:٠٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لە تورکیا ڕایگەیاندووە کە لایەنی سەرەکیی گفتوگۆکانی ئەو لە «پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک»دا ، دەوڵەتی تورکیایە نه ک حزبی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان( ئاکپارتی). هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێگەی گەیشتن بە دیموکراسی لە زیندانی «ئیمڕاڵی»یەوە دەست پێدەکات، کە ماوەی ٢٧ ساڵە تێیدا زیندانی کراوە.
کۆنووس و وردەکاریی دوایین کۆبوونەوەی ئۆجەلان ئاشکرا کرا، کە لە یەکی ئابی ڕابردوودا لەگەڵ شاندی «پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان» (دەم پارتی)ی لایەنگری کورد ئەنجامی دابوو، کە بە «شاندی ئیمڕاڵی» ناسراون.
شاندەکە پێکهاتبوو لە دوو پەرلەمانتاری حزبەکە (پەروین بوڵدان و مەدحەت سنجار) بە هاوڕێیەتی پارێزەر فایەق ئۆزگور ئیرۆل لە نوسینگەی یاسایی «عەسرین» کە پارێزەری دۆسیەی ئۆجەلانە.
ئەم دیدارە ٩ ڕۆژ پێش تاووتوێکردنی یاسای «بەهێزکردنی تەبایی نیشتمانی و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی» بەڕێوەچوو، کە بە «یاسای چوارچێوەیی» بۆ پڕۆسەی ئاشتی ناسراوە. ئەم یاسایە مەرجە یاساییەکان بۆ گەڕانەوەی چەکدارانی «پەکەکە» و تێکەڵبوونەوەیان لە ناو کۆمەڵگەی تورکیادا دیاری دەکات، بەمەرجێک حزبەکە بەتەواوی هەڵبوەشێنرێتەوە و سەرجەم چەکەکانیشی ڕادەست بکات.
هەنگاوی یەکەم
بەپێی وتەی ڕۆژنامەنووس ڕوشەن چاکر، سەرنووسەری ماڵپەڕی «مێدیاسکۆپ» ، ئۆجەلان جەختی کردۆتەوە کە ئەگەر ئەم یاسایە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت، دەبێتە یەکەم هەنگاو لە «ڕێگەیەکی زۆر درێژدا بۆ ئاشتی.
ئۆجەلان وتوویەتی: «دوای پەسەندکردنی یاساکە، هەموو لایەک گوێم لێ دەگرن. بەڵێنتان پێ دەدەم کۆمارێکی دیموکراتیک بەدی بێنین کە گەورەییەکەی کەمتر نەبێت لەو قوربانیدانەی لە کاتی دامەزراندنی کۆماری تورکیادا (لە سەر دەستی مستەفا کمال ئەتاتۆرک لە ساڵی ١٩٢٣) درا»، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆماری تورکیا ئەگەر کورد نەبووایە هەر لە بنەڕەتدا دانەدەمەزرا.
هەروەها ئۆجەلان ڕووی دەمی کردە ئەندامانی شاندەکە و وتی: «پێویستە بە هەموو لایەکی ڕابگەیەنن کە گرتنەبەری ڕێگەی یاسا و دیموکراسی دوایین دەرفەتە بۆ هەمووان، بەتایبەتی بۆ ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی. پێشیان بڵێن کە ڕێگەی دیموکراسی لە ئیمڕاڵی و بە دەستی ئۆجەلانەوە تێدەپەڕێت، نه ک لە زیندانی سیلیڤرییەوە (کە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ و کاندیدی سەرۆکایەتی، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی تێدا زیندانی کراوە)».
گۆڕینی پێکهاتەی بزووتنەوەی کوردی
ئۆجەلان زێدەتر وتی: «ئەو بزووتنەوەیەی ئێستا کاری لەسەر دەکەم (بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و کۆمار)ە. ئێمە پێشتر لایەنگری سەربەخۆیی بووین، بەڵام ئێستا، ئاستەنگیشمان بۆ دروست بکەن، هەر بە لایەنگری کۆمار دەمێنینەوە. ئەم هەڵوێستەش بنەمای مێژوویی و کۆمەڵایەتیی بەهێزی هەیە».
ئاماژەی بەوەش کرد کە پارتی «دیموکراتی گەلان» (هەدەپە)، بە سەرکردایەتی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ کە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە دەستبەسەرکراون، بەهۆی ڕەخسانی دەرفەتی دیالۆگ لە ساڵی ٢٠١٣دا دامەزرا، لە کاتێکدا ئەو سەردەمە کەس بڕوای نەدەکرد بشێت دیالۆگ لەگەڵ دەوڵەتدا بکرێت. ڕوونیشی کردەوە کە بزووتنەوە نوێیەکە «بزووتنەوەی ئازادی» ڕێکدەخاتەوە، کە ئەمە ئەو ناوە نوێیەیە بۆ بزووتنەوەی کوردی هەڵبژێردراوە دوای ئەوەی پەکەکە لە ١٢ی ئایاری ٢٠٢٥دا بە وەڵامدانەوەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان (کە لە ٢٧ی شوباتی هەمان ساڵدا بڵاوی کردبووەوە) بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی دا.
هاوکات زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئۆجەلان دەبێتە «ڕێکخەری پڕۆسەی ئاشتی و بەسیاسیبوون». ئەم پێشنیارە پێشتر لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کرابوو. باخچەلی دوای پەسەندکردنی یاسای چوارچێوەیی لە پەرلەمان لە ١٠ی ئابی ڕابردوودا، دیسانەوە جەختی لەسەر پێویستیی گۆڕینی بارودۆخی زیندانیکردنی ئۆجەلان کردەوە.
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باسیان لەوە کردووە کە دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان یاساکەی پەسەند کرد و ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرایەوە، بابەتی دامەزراندنی «لیژنەی ئاشتی و بەسیاسیبوون» بووەتە ڕۆژەڤ. ئەم لیژنەیە «بزووتنەوەی ئازادیی کوردی» (ناوی نوێی پەکەکە) لەخۆدەگرێت و ئۆجەلان خۆیشی دەبێتە ئەندام تێیدا. هەروەها کارەکانی لەگەڵ «دەستەی چاودێری و هەڵسەنگاندن» بە سەرۆکایەتی جەودەت یڵماز (جێگری سەرۆک کۆمار) و «لیژنەی چاودێریی پەرلەمان» بە سەرۆکایەتی نعمان کورتولموش (سەرۆکی پەرلەمان) هەماهەنگ دەکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، بارودۆخی زیندانی و گوزەرانی ئۆجەلان باشتر دەکرێت، تاوەکو بتوانێت لە ڕێگەی ئەم لیژنەیەوە بەشداریی کاریگەر لە پڕۆسەی ئاشتیدا بکات.
ئۆزێل سەردانەکانی دەستپێدەکات
لە لایەکی دیکەوە، ئۆزگور ئۆزێل، ڕێبەری ئۆپۆزسیۆن، ڕۆژی هەینی یەکەمین گەشتی مەیدانیی خۆی بۆ ناوچە جیاوازەکانی تورکیا دەستپێدەکات دوای ئەوەی «پارتی نوێ»ی بە سەرۆکایەتیی خۆی دامەزراند. ئەو شاری ترابزۆنی (کە زێدی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵە) وەک خاڵی دەستپێک هەڵبژاردووە، و دواتریش سەردانی شاری ڕیزە (زێدی سەرۆک ئەردۆغان) دەکات.
لە میانی ئەم گەشتەدا، ئۆزێل لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا وتار پێشکەش دەکات، سەردانی کێڵگەکانی فندقی ترابزۆن و چایی ڕیزە دەکات و لە نزیکەوە گوێ لە کێشە، سکاڵا و داواکارییەکانی جووتیاران دەگرێت.