سزاکانی ترامپ و وەڵامی تاران؛ جەنگی ئابووریی ڕووبەڕووبوونەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزتر دەکات
٢٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:١٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئێران لە وەڵامی ڕاگەیاندنی هەڵمەتێکی نوێی سزاکان و گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر تاران لەلایەن دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، کە بە توندترینی جۆری گەمارۆ وەسفی کردبوو، واشنتۆنی بە ئەنجامدانی "تێرۆری ئابووریی" و ئامانجگرتنی هاوڵاتییانی ئاسایی ئێران تۆمەتبار کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، سزادانە ئابووریی و بازرگانییە نوێییەکانی ئەمریکا هاوڵاتییانی ئاسایی ئێران دەکەنە ئامانج، و بە "تێرۆری ئابووریی" و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی وەسفی کردن. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ڕێکارانەی ئەمریکا ئیرادەی تاران بۆ بەرگریکردن لە سەربەخۆیی، سەروەریی نیشتمانی و بەرژەوەندییەکانی لاواز ناکات.
ئەم هەڵوێستەی ئێران دوای ڕۆژێک هات لە هەڕەشەکانی ترامپ بە سەپاندنی سزای دارایی توند بەسەر هەر وڵاتێکدا کە ئەوەی خۆی ناوی نابوو "جۆرێک لە شادەماری ژیان" پێشکەش بە ئێران بکات، ئەوەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا کە ئامانجی زیادکردنی گۆشەگیریی ئابووریی تارانە.
لای خۆشییەوە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، چڕکردنەوەی گوشاری ئابووریی بۆ سەر ئێران ڕەنگە ئەگەری ناچاربوونی ئەمریکا بۆ گەڕانەوە بەرەو کردەی سەربازیی بەربڵاو کەم بکاتەوە.
بێسێنت بە تۆڕی (CNBC)ی ڕاگەیاند، ئەگەر واشنتۆن "ئەوپەڕی گوشاری ئابووریی" بەکاربهێنێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە "گەڕانەوەیەکی بەربڵاو" بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان ڕوونادات، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە تەنها بۆ "کاتی ئێستا" ڕاستە.
لێدوانەکانی بێسێنت ئاماژەن بۆ ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا هەڵمەتە ئابوورییە نوێیەکە وەک هۆکارێک دەبینێت بۆ بەردەوامبوونی گوشارەکان لەسەر تاران، بێ ئەوەی لە قۆناغی ئێستادا بگەڕێتەوە بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازیی فراوان. بەڵام ئەم وەرچەرخانە بەرەو گوشاری ئابووریی، هاوزەمانە لەگەڵ بەردەوامیی ئامادەییی سەربازیی گەورەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جۆرج واشنتۆن" دەستی بە کارەکانی کردووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە لە چوارچێوەی بڵاوەپێکردنێکی پێشوەختە پلان بۆ داڕێژراودا گەیشتە ناوچەی ئۆپراسیۆنەکانی سێنتکۆم. جۆرج واشنتۆن شوێنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" دەگرێتەوە، کە ماوەیەکی درێژ لە ناوچەکەدا مابووەوە و بەشداریی لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکاندا کردبوو.
پەرچەکرداری بەرپرسانی ئێران
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هەڕەشەکانی ترامپی ڕەتکردەوە و بە هەوڵێک بۆ لادانی سەرنجەکان لەسەر کێشە داراییەکانی ئەمریکا وەسفی کرد.
عێراقچی لە ڕێگەی سۆشیال میدیای ئێکسەوە ڕایگەیاند، ئەوەی ترامپ ناوی ناوە "ڕۆژی دابەزینی ئابووری" تەنها هەوڵێکە بۆ دوورخستنەوەی سەرنجەکان لە "قەیرانەکەی خودی ئەمریکا"، و ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی قەرزی ئەمریکا و تێچووی سوودەکانی کرد. سەرباری ئەوەش، بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتە شکستخواردووەکان تەنها دەبێتە هۆی "شکستی زیاتر و دوژمنکاریی ئێرانییەکان".
لای خۆشییەوە، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران گاڵتەی بە گوشارەکانی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، واشنتۆن ئیدعای ئەوە دەکات ئێران لە لێواری ڕووخاندا بێت، کەچی داوای هاوکاری لە هاوپەیمانەکانی دەکات.
هاوکات ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران، ئیبراهیم ڕەزایی رایگەیاند کە "باشترین وەڵام" بۆ پەرەسەندنی جەنگی ئابووریی ترامپ، کشانەوەی ئێرانە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT).
پێشتر ترامپ لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٦، ڕایگەیاندبوو کە ڕووبەڕووی ئێران دەبنەوە بە "سەختترین ئۆپراسیۆنی ئابووری لە مێژوودا دژ بە هەر وڵاتێک". هەروەها وەرزی نوێی جەنگی ئابووریی بە ئامانجی بڕینی داهاتی نەوتی ئێران دەستپێکردووە کە بە شێوەیەکی سەرەکی ڕووی لە چینە.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و چاوەڕوانی لە بازاڕەکانی کەنداو
نادیاریی ڕێڕەوی ڕووبەڕووبوونەوەکە لە بازاڕەکانی ناوچەکەدا ڕەنگیدایەوە؛ نرخی نەوت بەڕێژەی %٣.١ بەرزبووەوە و بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە ٩٤.٦٠ دۆلار، کە بەرزترین ئاستییەتی لە دوای ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٦ەوە.
هاوکات ڕووداوە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامن؛ حوسییەکانی یەمەن ڕایانگیاند کە دوو هێرشیان بە ڕوانگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کردووەتە سەر ئامانجگەلێک لە شارۆچکەی نجرانی سعودیە و کۆمپانیای ئارامکۆ، ئەگەرچی تا ئێستا دەسەڵاتدارانی سعودیە بە شێوەیەکی فەرمی ڕاستی و دروستیی هێرشەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.