حەلبووسی وردەکاریی کۆنترۆڵکردنی چەک، مووچە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ئاشکرا دەکات
٢٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:١٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، هەیبەت حەلبووسی، وردەکاریی چەندین دۆسیەی ئاشکرا کرد، لەوانەش مووچە، کۆنترۆڵکردنی چەک و ئەنجومەنی پارێزگاکان.
حەلبووسی لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی دیالۆگی بەغدا ڕایگەیاند "هیچ پێکدادانێک لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان (فەسائیل)دا روونادات"، جەختیشی کردەوە کە "دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دۆسیەیەکی عێراقی و دەستوورییە و کارکردن تێیدا بەردەوامە".
ئەوەشی خستەڕوو کە "مووچە بەردەوامە و هیچ مەترسییەک لەبارەی خەرجکردنییەوە نییە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "حکومەت و پەرلەمان هەنگاوی ڕوونیان هەیە بۆ چاکسازیی ئابووری".
ڕوونیشیکردەوە کە "ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێی بودجە دەکات و میوانداریی وەزیرە پەیوەندیدارەکان دەکات"، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد کە "حکومەت لە هەفتەی ڕابردوودا ٤٢ یاسای ڕەوانەی ئەنجومەنەکە کردووە".
لە دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیشدا، حەلبووسی جەختی کردەوە لەوەی "هیچ کوتلەیەکی سیاسی دژایەتیی هەڵمەتەکەی نەکردووە"، سەرنجیشی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە "بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران لە کاتی پشووی یاساداناندا لە دەسەڵاتی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەراندایە".
سەبارەت بە گەرووی هورمز، حەلبووسی ئاشکرایکرد کە "سەرۆکی ئەنجومەنی شوورای ئێران پێی ڕاگەیاندووە کە لەگەڵ سەرکردە ئێرانییەکاندا تاوتوێی بەدەرکردنی عێراق لە گەرووی هورمز دەکات".
هەروەها ڕایگەیاند لەبارەی "پێکهێنانی لیژنەیەکی ئەمنی بۆ وردبینییکردنی ناوی تەواوی ئاوارەکانی جرف نەسر (جرف الصخر)"، و ڕوونی کردەوە کە "ئەنجومەنی پارێزگاکان دەستوورین و بەبێ هەموارکردنەوەی دەستوور هەڵناوەشێندرێنەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە "هەڵوێستی لەسەر ناونانی کەنداو ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی دەوڵەتی عێراقە"، باسی لەوەش کرد کە "کۆتایی ئەیلوولی داهاتوو دەستپێکێک دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا".