نوسینگەی نەتانیاهۆ: ئەردۆغان کۆمەڵکوژیی لە دژی کورد ئەنجام داوە

٢٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:٥٢ پاش نیوەڕۆ

نوسینگەی نەتانیاهۆ: ئەردۆغان کۆمەڵکوژیی لە دژی کورد ئەنجام داوە

پەنجەرە

نوسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیای بە "دیکتاتۆرێکی دژەسامیی" وەسف کرد و بەڵێنی دا کە ئیسرائیل "بەردەوام دەبێت لە بەرپەرچدانەوەی بەهێزی هەوڵەکانی تورکیا بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە".

نوسینگەی نەتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ئەردۆغان دیکتاتۆرێکی دژەسامییە کە کۆمەڵکوژیی لە دژی کورد ئەنجام داوە، پشتیوانی لە کۆمەڵکوژییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی 'حەماس' دەکات و گەلەکەی خۆی سەرکوت دەکات"، هەروەها جەختی کردەوە کە "ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە بەرپەرچدانەوەی بەهێزی هەوڵەکانی تورکیا بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشەکەی".

ئەمەش لە کاتێکدایە کە تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و هاووڵاتییەکی دیکەی ئیسرائیلی دەرکردووە، وەک ئەوەی ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا ئەمڕۆ هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ڕایگەیاند، ئەوەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی "کەشتیگەلی خۆڕاگری" لەلایەن ئیسرائیلەوە، کە لە مانگی ئایاری ڕابردوودا بەرەو کەرتی غەززە دەڕۆیشت و چالاکوانانی سەر کەشتییەکەی دەستگیر کران.

گورلەک نووسیویەتی: "لە چوارچێوەی ڕێکارە دادوەرییەکانی پەیوەست بە هێرشکردنە سەر چالاکوانانی کەشتیگەلەکە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، و لەسەر بنەمای دوو فەرمانی دەستگیرکردن کە لە ١٤ی تەممووزی ڕابردوودا بە تۆمەتی جینۆساید لە دژی بنیامین نەتانیاهۆ و ئەفیق مۆسکۆڤیتچ دەرچوون، وەزارەتی داد داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە کە بڵاوکراوەی سوور (نۆتیسی سوور) دەربکات بە مەبەستی دەستگیرکردنیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی".

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، نەتانیاهۆ و مۆسکۆڤیتچ لە تورکیا ڕووبەڕووی پەڕاوی یاسایی بونەتەوە لەسەر بنەمای ئەنجامدانی "تاوانی دژی مرۆڤایەتی، جینۆساید، بێبەشکردنی توندی ئازادییەکان، لێدان و بریندارکردنی ئەنقەست، ئەشکەنجەدان، تێکدانی کەلوپەل و تاڵانکردنی توند و لادانی ئامرازەکانی گواستنەوە".
لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل زیاتر لە ٤٣٠ چالاکوانی دەستبەسەر کرد کە لەسەر پشتی نزیکەی ٥٠ بەلەم لە دەریای ناوەڕاستدا بوون، ئەمەش دوای ڕاگرتنیان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژئاوای کەناراوەکانی قوبرس، و بردیانن بۆ زیندانی کتسیعۆت لە باشووری ئیسرائیل پێش ئەوەی ڕەوانەی وڵاتەکانی خۆیانیان بکه نەوە.

ئامانج لە دەستپێشخەری "کەشتیگەلی خۆڕاگری" کە لە تورکیاوە بەڕێکەوت، خستنەڕووی ڕووناکی بوو لەسەر بارودۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە کە بەهۆی جەنگی زیاتر لە دوو ساڵەی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی "حەماس" وێران بووە، ئەوەش لە ڕێگەی شکاندنی گەمارۆی دەریایی کە ئیسرائیل بەسەریدا سەپاندوویەتی.
پێشتریش ئیسرائیل لە مانگی نیسانی ڕابردوودا ڕێگری لە کەشتیگەلێکی دیکە کردبوو کە بەرەو غەززە دەچوو، لە بەرامبەر کەناراوەکانی یۆنان.
لەلایەکی دیکەوە، ئیتامار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل کە کەسایەتییەکی ڕاستڕەوی توندڕەوە، شەپۆلێک ئیدانەکردنی لە ئیسرائیل و دەرەوەدا نایەوە، دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا چالاکوانان دوای دەستگیرکردنیان لە دەریادا، بە دەستبەستراوی و لەسەر چۆک نیشان دەدرێن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو