لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە: حەلبوسی و قالیباف ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە

٢٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:٥٣ پاش نیوەڕۆ

لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە: حەلبوسی و قالیباف ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە

پەنجەرە

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەیبەت حەلبوسی، لە سەرۆکی ئەنجومەنی شوورای ئێران، محەمەد باقر قالیبافی پرسی ئایا تاران ڕازی دەبێت عێراق گرووپی چەکدار لە ناوخۆی ئێراندا پێکبهێنێت و پشتگیرییان بکات؟

قالیباف لە وەڵامدا گوتی: بە دڵنیاییەوە نەخێر، ئێمە پشتگیری لە بڕیاری دەوڵەتی عێراق دەکەین.

حەلبوسی وەڵامی دایەوە: "کەواتە دەبێت کۆتایی بە هەر شتێک بهێنرێت کە پشتگیریی ئێوە بۆ پێچەوانەی ئاڕاستەی دەوڵەتی عێراق دەردەخات."

ئەم وردەکارییانەی لەو کەسانەوە دزەیانکردووە کە بەشدارییان لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوو بەرپرسەکەدا کردووە، کە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ئاب لە باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەران لە ناوچەی سەوز لە بەغدا بەڕێوەچوو.

قالیباف بەیانیی هەمان ڕۆژ لەسەر داوای حەلبوسی لەچوارچێوەی وەفدێکی باڵای پەرلەمانیدا گەشتبووە بەغدای پایتەختی عێراق، لە سەردانێکی فەرمیدا کە سێ ڕۆژ دەخایەنێت.

لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ حەلبوسی، باسی دۆسیەی چەک کرا.
بەپێی وتەی ئامادەبووان، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە دەبێت ئێران پشتگیری لە هەوڵەکانی حکومەت بکات بۆ قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، و ڕێگری لەو هەوڵە نەکات یان هانی گرووپەکان نەدات بۆ ڕەتکردنەوەی ڕادەستکردنی چەکەکانیان. لەمەشەوە پرسیارەکەی ئاڕاستەی قالیباف کرد دەربارەی ئەوەی ئایا تاران بە بوونی گرووپی چەکداری عێراقی کە لە ناوخۆی ئێراندا کاربکەن ڕازی دەبێت.

ئەم گفتووگۆیە نزیکەی ٤٠ ڕۆژ پێش ئەو وادەیە دێت کە حکومەتی عێراق لە ٣٠ی ئەیلوولدا دیاری کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، کە هەمان ئەو ڕۆژەیە کە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆتایی پێدێت.

حکومەتی عێراق بە هاندان و لەژێر گوشارەکانی ئەمریکا، هەوڵی کۆتاییهێنان بە بوونی چەک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان دەدات، لە بەرامبەردا ئێران هەوڵێکی چڕ دەدات بۆ ڕێگریکردن لە چەک داماڵینی ئەو گرووپانەی کە وەلائیان بۆی هەیە لە عێراق.

بزووتنەوەی "عەسائیبی ئەهلی حەق" و "کەتائیبی ئیمام عەلی" کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان، لە ٢ی حوزەیراندا جیابوونەوەی خۆیان لە پێکهاتەکانی حەشدی شەعبی و دەستپێکردنی ڕێکارەکانی قۆرخکردنی چەک ڕاگەیاند، دوای هەنگاوێکی هاوشێوەی "سەرایای سەلام". بەڵام کەتائیبی حزبوڵا، کەتائیبی سەید ئولشوهەدا، و بزووتنەوەی نوجەبا دەستیان بە چەکەکانیانەوە گرتووە، کە هەموویان لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە وەک تیرۆریست پۆلێنکراون.

سەرچاوەکانی ئاگادار لە سەردانەکەی قالیباف بۆ عێراق پێشتر  ڕایگەیاندبوو کە سەرۆکی ئەنجومەنی شوورای ئێران پێشنیاری بۆ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی فەرمانڕەوا لە عێراق کردووە کە چەکی گرووپە چەکدارەکان لەلای خۆیان بهێڵنەوە، یان ڕادەستی دەستەی حەشدی شەعبیی بکەن، لەبری ئەوەی ڕادەستی حکومەتی بکەن.

یەکێک لە سەرچاوەکان گوتیشی یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی قالیباف بۆ عێراق هەوڵدان بوو بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی کە ئیسماعیل قانی فەرماندەی فەیلەقی قودس نەیتوانی لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا بەدەستی بهێنێت.
قائانی نۆ ڕۆژ پێش گەیشتنی قالیباف سەردانی بەغدای کردبوو، و داوای لە سەرکردەی گرووپەکان کردبوو پارێزگاری لە چەکەکانیان بکەن، و پێی گوتبوون ئەو چەکەی باسی ڕادەستکردنی دەکرێت چەکی ئێرانە.

کۆبوونەوەکەی نێوان حەلبوسی و قالیباف بەسەرکردنەوەی دۆسیەکانی دیکەی پەیوەست بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بەخۆیەوە بینی لە کەشوهەوایەکی ئاڵۆزدا.
لە کاتی قسەکردنی حەلبوسی و قالیبافدا، بەرپرسە ئێرانییەکە دەستەواژەی "کەنداوی فارس"ی بەکارهێنا. حەلبوسی ناڕەزایەتی دەربڕی و پێی گوت "شتێک بەم ناوەوە بوونی نییە".

ئێران بە فەرمی ناو و نیشانی "کەنداوی فارس" بەکاردێنێت، لە کاتێکدا عێراق و وڵاتانی دیکەی عەرەبی ناونیشانی "کەنداوی عەرەبی" پەسەند دەکەن، لە ناکۆکییەکی کۆندا کە ساڵانێکی زۆر پێش ئەم دوو بەرپرسە هەبووە. 

بەڵام ئەمجارەیان ئەم ناوە لە ناوەڕاستی دانوستانێکی ئاڵۆزدا دەربارەی دۆسیە گرنگەکانی نێوان بەغدا و تاران هات، کە گەرووی هورمز یەکێک بوو لەوانە.
حەلبوسی لە قالیبافی پرسی بۆچی ئێران ڕێگری لە کەشتییەکانی عێراق دەکات لە پەڕینەوە لە گەرووەکەدا، سەرەڕای سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئەو پشتگیرییەی عێراق پێشکەشی ئێرانی کردووە، و گوتی بەغدا چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد تاران ئیستیسنای تایبەتی بۆ بکات.
قالیباف وەڵامی دایەوە کە ئێران ناتوانێت ئیستیسنا بۆ عێراق بکات، چونکە ئەگەر ئەوە بکات وڵاتانی دیکەش داوای هەمان شت دەکەن، و دۆخی ئێستا ڕێگە بە پێشکەشکردنی بەشتی لەم شێوەیە نادات.
لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، حەلبوسی بابەتێکی وروژاند کە پەیوەندی بەوەوە هەبوو کە بە "دەستوەردان"ی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لە بابەتی پەیوەندیدار بە دەستپاکی و دژایەتیکردنی گەندەڵی و بەرگریکردنی لە تۆمەتباران لە هەندێک لەو دۆسیانەدا ناوی برد، بەپێی ئەوەی کەسانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە دزەیانپێکردووە. قالیباف وەڵامی ئەم بابەتەی نەدایەوە.

دواتر ناکۆکی لەسەر ناوی کەنداو خێرا گەڕایەوە کاتێک قالیباف دووبارە دەستەواژەی "کەنداوی فارس"ی بەکارهێنایەوە، کە ئەوەش بووە هۆی بێزاربوونی حەلبوسی.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، گرژی و ئاڵۆزی بەسەر پەیوەندی نێوان هەردوو بەرپرسەکەدا زاڵ بوو، بەپێی وتەی هەمان سەرچاوەکان.

دوای چەند کاتژمێرێک لە کۆبوونەوەکە، ناکۆکییەکە گواسترایەوە بۆ تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" (X). قالیباف وێنەیەکی خۆی لە بەغدا بڵاوکردەوە کە لە پشت سەرییەوە وێنەیەکی دیواری نەخشەی ناوچەکەی لەسەر بوو کە کەنداو و گەرووی هورمزی تێدا دەردەکەوت، و بە فارسی لەسەری نووسیبووی "خليج فارس".

ڕۆژی دواتر، حەلبوسی وێنەیەکی هاوشێوەی خۆی لە بەرامبەر نەخشەیەک بڵاوکردەوە کە بە عەرەبی لەسەری نووسراوبوو "الخليج العربي". هیچ کۆمێنتێکی نەنووسی، و تەنها بە بەکارهێنانی هاشتاگی "#الخليج_العربي" دانابوو.
پۆستەکەی حەلبوسی ١.٩ ملیۆن بینەری تێپەڕاند، لە بەرامبەر ننزیکەی ٦٠٠ هەزار بینەر بۆ پۆستەکەی قالیباف.

ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە دوای کۆبوونەوەکە دەرچوو، هیچ ئاماژەیەکی تێدا نەبوو بۆ دانوستانەکانی دەربارەی چەکی گرووپەکان، یان ناکۆکی لەسەر ناونانی کەنداو، یان قسەکانی حەلبوسی دەربارەی دەستوەردانی باڵیۆزی ئێران لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردبوو کە حەلبوسی داوای لەبەرچاوگرتنی "تایبەتمەندی عێراق"ی کردووە لە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی بپارێزێت، و جەختی لەوە کردبووەوە کە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی ناوچەکە کە زۆربەی کاریگەری پێشهاتە بەردەوامەکانی بەرکەوتووە، هەروەها باسی لە چالاککردنی لیژنەکانی دۆستایەتی و بەهێزکردنی دیپلۆماسی پەرلەمانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا کردبوو.
قالیباف دوای ئەوە درێژەی بە سەردانەکەی دا، و چاوی بە سەرۆک وەزیران عەلی فاڵح ئەلزەیدی و سەرۆک کۆمار نزار ئامێدی کەوت، و بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگیدا کرد، دواتریش ڕۆژی پێنجشەممە چاوی بە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری فایەق زێدان کەوت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو