بەغدا و ئاڵەنگاریی کۆنترۆڵکردنی چەک؛ تێکەڵکردنی گرووپەکان یان مەرجی هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە؟
٢٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:٥٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کاتێک بەغدا هەنگاو دەنێت بەرەو ئەوەی چەک تەنها لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا بێت، پەرلەمانتارێکی نزیک لە حەشدی شەعبی بە میدیای (ئەلمارگی) ڕاگەیاند کە ئامانجی سەرەکی "یەکخستن و ڕێکخستنەوەی" ئەو هێزانەیە لەناو دەوڵەتدا، نەک هەڵوەشاندنەوەیان. بەڵام لە ئێستادا بابەتەکە بەرفراوانتر بووە؛ بەجۆرێک ئەو گرووپە چەکدارانەی لە ئێرانەوە نزیکن دەڵێن ئامادەن گفتوگۆ لەسەر ڕادەستکردنی چەکەکانیان بکەن، بەڵام بەو مەرجەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، کە لە دەستووری عێراقدا دانیان پێدا نراوە، هەڵبوەشێنرێنەوە.
عێراق لە وادەی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ نزیک دەبێتەوە، کە ئەو ڕێککەوتە دیاری دەکات ئایا عەلی ئەلزەیدی سەرۆک وەزیران دەتوانێت گرووپە چەکدارەکانی وڵات بخاتە ژێر کۆنترۆڵی کرداریی حکومەتەوە یان نا.
حکومەتەکەی فەرمانیکردووە ڕەشنووسی یاسایەک ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت، و هۆشداریشی داوە کە بوونی چەکی بێکۆنترۆڵ یاسا لاواز دەکات و هێزە ئەمنییەکانیش بێدەسەڵات دەکات. بەڵام ئەم یاسا پێشنیازکراوە هێشتا بڵاونەکراوەتەوە، بۆیە مەودا و ڕێگەچارەکانی جێبەجێکردنی ناڕوونن.
ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی فەرمی پەیوەندی بە تەواوی دەستەی حەشدی شەعبییەوە نییە. چونکە پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٦دا حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق ناساند و خستیە ژێر فەرماندەیی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان (سەرۆک وەزیران)، و داوای لە ئەندامانی کرد کە خۆیان لە کاروچالاکی سیاسی و حزبی دوور بخرێنەوە. بەڵام هەڵمەتەکەی ئێستا زیاتر لەسەر ئەو گرووپانەیە کە هێشتا بڕیار و فەرماندەیی سەربەخۆ، کۆگای چەکی تایبەت، باڵی سیاسی، و توانای ئۆپراسیۆنی سەربەخۆیان هەیە بەبێ مۆڵەتی حکومەت.
گوشارەکان بۆ سەر بەغدا زیادیان کرد دوای ئەوەی فڕۆکەکانی ئەمریکا و سعودییە لە ٢٩ی تەمووزدا هێرشی هاوبەشیان کردە سەر بنکەکانی حەشدی شەعبی لە حەوت پارێزگای عێراق. حەشدی شەعبی ڕایگەیاند کە لانیکەم ٢٠ ئەندامیان کوژراون و ٣٢ی دیکەشیان بریندار بوون. واشنتۆن و ڕیاز ڕایانگەیاند کە ئەو گرووپانەی سەر بە ئێرانیان کردووەتە ئامانج کە بەرپرسن لە هێرشەکانی سەر سەربازانی ئەمریکی و دامەزراوە نەوتییەکانی سعودییە، لە هەمان کاتدا گرووپی "بەرگریی ئیسلامی لە عێراق" ڕەتیکردەوە پەیوەندی بە هێرشەکانی سەر سعودییەوە هەبێت. حکومەتی عێراقیش ئەو هێرشانەی وەک پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق ئیدانە کرد.
وەڵامی گرووپە چەکدارەکان بۆ ئەم بڕیارە جیاواز بوو. سەرایا سەلام، عەسائیبی ئەهلی حەق، و کەتیبەکانی ئیمام عەلی ئامادەییان نیشانداوە بۆ تێکەڵبوون یان ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت. تەنانەت عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگەیاند کە لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ ژماردن و تۆمارکردنی هەموو چەکدار، ئۆتۆمبێل، کەلوپەل و چەکە سەربازییەکانی.
بەڵام لە بەرامبەردا، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، و سەرایا ئەولیا دەم ڕازی نەبوون چەکەکانیان ڕادەست بکەن. لە لایەکی دیکەشەوە، تەنها بەڵێندانی ئاشکرا بەبێ کردار ئاماژە نییە بۆ ئەوەی کە چەکەکان بە ڕاستی ڕادەست کراون یان فەرماندەیییە سەربەخۆکانیان هەڵوەشێنراونەتەوە.
لە ڕووی سیاسییەوە، ئەلزەیدی پشتگیرییەکی بەدەست هێناوە. "هاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت" پشتگیری لەوە کردووە کە چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە لایەنەکانی ناو هاوپەیمانییەکە ڕێککەوتنی بەهێزیان هەیە بۆ پشتیوانیکردنی سەرۆک وەزیران ئەگەر گرووپەکان دوای تێپەڕبوونی وادەکە داواکارییەکان ڕەتبکەنەوە، بەڵام جەختیشی کردەوە کە پێویستە پێش هەر کاردانەوەیەکی سەربازی، لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکە چارەسەر بوبکرێت.
هەڵوێستی کرداریی ئێران تا ئێستا تەمومژاوییە. ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، لە کۆبوونەوە نهێنییەکاندا بە بەردەوامی ئامۆژگاری سەرکردە عێراقییەکانی کردووە کە چەکی گرووپەکان ڕادەست نەکەن، چونکە تاران پێشبینی دەکات ململانێ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دووبارە سەرهەڵبدەنەوە. لە لایەکی دیکەوە، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی پێشتر داوای کردبوو کە چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت، بەڵام لە کاتی دەستبەکاربوونی حکومەتەکەی ئەلزەیدییەوە، نوسینگەکەی هیچ هەڵوێستێکی نوێی ڕانەگەیاندووە.
محەممەد بەڵداوی، پەرلەمانتاری نزیک لە حەشدی شەعبی بە (ئەلمارگی) ڕاگەیاند کە پەرلەمانتاران هێشتا ڕەشنووسی یاساکەیان بە دەست نەگەیشتووە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی ئەم هەنگاوە دەبێت تێکەڵکردنی ئەو گرووپانە بێت لەناو دەزگا فەرمییەکاندا، نەک هەڵوەشاندنەوەیان.
بەڵداوی گوتی: "ئامانجی پڕۆسەکە یەکخستنی تەواوی هێزەکانە لەژێر فەرماندەیی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندا. هیچ پلانێک بۆ هەڵوەشاندنەوەیان نییە، بەڵکو پڕۆسەکە تێکەڵکردنیانە لەگەڵ حەشدی شەعبی، کە دامەزراوەیەکی یاساییە و بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق."
بەڵداوی زیاتر ڕوونی کردەوە کە گرووپەکان دڵنیاییان دەوێت لەوەی ئەندامەکانیان لە ناو دامەزراوە فەرمییەکاندا پۆستیان پێ بدرێت و هێزە بیانییەکانیش عێراق جێبهێڵن. ئەو پێشبینی کرد کە ئەم کێشەیە بە ئاشتییانە کۆتایی بێت و ئەگەری شەڕی چەکداری لەگەڵ هێزەکانی حکومەتدا ڕەت کردەوە.
بەپێی زانیارییەکانی (ئەلمارگی)، بەشی یاسایی لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کار لەسەر ياسایەک دەکات کە تەواوی کەرتە ئەمنی و سەربازییەکان دەگرێتەوە، کە ڕەنگە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا هەوڵیان داوە هێزەکانی پێشمەرگەش بپێچنەوە بەم بابەتەوە. لەکاتێکدا پێشمەرگە لە دەستووری عێراقدا وەک هێزی سەربازیی فەرمی و پاسەوانی هەرێمی کوردستان ناسێنراوە.
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا سێ مەرجیان داناوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ڕادەستکردنی چەکەکانیان بوبکەن: کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا، چوونە دەرەوەی هێزەکانی تورکیا، و هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە. دیارە ئەم مەرجانە بۆ ئەوەن کە چەکداماڵین وەک پڕۆسەیەکی گشتی لە سەرانسەری عێراق نیشان بدرێت، نەک تەنها ئاڕاستەی گرووپەکانی نزیک لە ئێران بکرێت.
ئەم بەراوردکارییەی گرووپەکان لە ڕووی یاساییەوە ڕاست نییە و شوێنی ناکۆکییە. ماددەی ١٢١ی دەستووری عێراق بە ڕوونی دەسەڵاتی داوەتە حکومەتی هەرێم بۆ ڕێکخستنی ئاسایشی ناوخۆ، لەوانە ئاسایش، پۆلیس و پاسەوانی هەرێم (پێشمەرگە).
بۆیە پێشمەرگە بنەمایەکی دەستووری هەیە کە گرووپە چەکدارەکانی تر نیانە. بەڵام لە واقیعدا، پێشمەرگەش بەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەکێتی)دا دابەش بووە. سەرڕای ئەوەی بڕیارێکی مانگی شوبات بەرپەرسیارێتی کارگێڕی و سەربازیی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ی خستە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام هێشتا فەرماندەکانیان بەو دوو حزبەوە بەستراونەتەوە.
د. محەممەد نەناع، شارەزای ئەمنی عێراقی بە (ئەلمارگی) ڕاگەیاند کە بەدەستهێنانی ڕەزامەندی پەرلەمان قورس دەبێت چونکە هەڵوێستەکان ڕوون نین، تەنانەت لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانیشدا. ئەو گوتی: "ئەوەی کارەکە ئاڵۆزتر دەکات ئەوەیە کە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا ئاڕاستەکەرە سەرەکییەکەیان ئێرانە، ئەمەش دەکرێت گرژی سەربازی دروست بکات." نەناع پێی وابوو حکومەت دەبێت بە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەست پێ بکات کە تاوانیان ئەنجامداوە، بەڵام جەختیشی کردەوە کە قورسترین ئەرک کۆنترۆڵکردنی کۆگاکانی چەکی ئەو گرووپانە دەبێت.
وائل ئەلرکابی، توێژەری سیاسی عێراقی، کەمێک گەشبینتر بوو و بە (ئەلمارگی) گوتی: "بڕیاری کۆتایی لەسەر بێچەککردن دراوە." یاسای پێشنیازکراو ڕاستەوخۆ دژی حەشدی شەعبی یان پێشمەرگە نییە چونکە هەردوویان بنەمای یاسایی و دەستوورییان هەیە، "بەڵام ئەگەر بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە یان هەر گرووپێکی تر لە دەرەوەی یاسا کار بکەن، ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە." ڕکابی ئاماژەی بەوەش کرد کە یاساکە دەتوانێت خاوەندارێتی چەکی قورس، چەکی هۆزەکان و چەکی کەسانی تایبەتیش ڕێکبکاتەوە.
سەردار هەرکی، شارەزای یاسایی و پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان، بۆچوونی جیاوازی هەبوو. ئەو گوتی ماددەی ١١٠ی دەستوور دەسەڵاتی ڕەهای ئاسایشی نیشتمانی دەداتە حکومەتی بەغدا. بۆیە بەغدا دەتوانێت یاسا دەربکات بۆ ئەو هێزانەی هەرێم کە دەستوور نەیانپارێزێت، بەتایبەت ئەو هێزانەی سەر بە حزب یان گرووپ و کەسایەتییەکانن.
هەرکی پێی وابوو دەزگاکان نیازیان بە یاسای نوێ نییە، چونکە دەستوور و یاسای سزادان و یاسای حزب پێشتر ڕێگەیان داوە ڕێگری لە چەکی بێ مۆڵەت بکرێت. بە بڕوای ئەو، ئەم یاسا نوێیە تەنها بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی سیاسییە.
لە هەمان کاتدا، ئەلزەیدی گۆڕانکاری لە چەندین پۆستی بەرزی ئەمنیدا کردووە، لەوانە سەرکردایەتی دژە تیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی. بەڵام کاتێک بەرپرسێکی هەواڵگری بزووتنەوەی نوجەبا دەستگیرکرا و تەنها دوای یەک ڕۆژ بەهۆی گوشاری گرووپەکەیەوە لە دژە تیرۆر وەرگیراوە و ڕادەستی ئەمنییەتی حەشدی شەعبی کرا، بێدەسەڵاتی و سنوورداربوونی حکومەتی دەرخست. ئەم ڕووداوە گومانی دروستکرد لەسەر توانای دامەزراوە فیدراڵییەکان بۆ وەستاندنەوەی گوشاری گرووپەکان لە کاتی جێبەجێکردنی بڕیارە گەورەکاندا.
زانیارییەکانی (ئەلمارگی) ئاماژە بەوە دەکەن کە بەغدا بە فەرمی لەگەڵ هەرێمی کوردستان قسەی نەکردووە دەربارەی تێکەڵکردنی پێشمەرگە لەم پڕۆسەیەدا.
سەرچاوەیەک لە پێشمەرگەوە گوتی کە ئەگەر پلانەکەی بەغدا سەرکەوتوو بێت ڕەنگە دۆخەکە بگۆڕێت: "ڕەنگە دۆسیەی پێشمەرگە لە قۆناغێکی تردا بباتە پێشەوە، بەتایبەت لەبارەی ژمارەی سەرباز و جۆری چەکەکان... دەکرێت ناویان بچێتە ناو ئەو بنکە زانیارییەی (داتابەیس) کە دروست دەکرێت بۆ بەهێزکردنی سەروەریی دەوڵەت."
بەپێی ئەم دۆخە، ڕەنگە ٣٠ی ئەیلوول تەنها سەرەتایەک بێت بۆ پڕۆسەیەکی درێژخایەنی ڕێکخستنەوەی ئەمنی لە عێراقدا، نەک کۆتاییهاتنی داماڵینی چەکی گرووپەکان.