ئاوات شێخ جەنگی: لاهور شێخ جەنگی داوای یەکلاییکردنەوەی دۆسییەکەی و ئازادکردنی گیراوان دەکات
٢٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:٥٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئاوات شێخ جەنگی، خوشکی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی دەستگیرکراوی بەرەی گەل، ڕایدەگەیەنێت کە براکەی داوای یەکلاییکردنەوەی دۆسییەکەی و بەردانی گیراوەکان دەکات.
ئەو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا کە ئەمڕۆ لەبەردەم دادگای سلێمانی ئەنجامیدا هاوکات بە ساڵڕۆژی ڕووداوەکەی لالەزار و دەستگیرکردنی براکانی، وتی: "لاهور هەر لەسەر ئەوە سوورە و دەڵێت هەموو پێشمەرگەکان ئازاد بکرێن، بەس من و پۆڵادی برام بمێنینەوە و (..) خەمی خۆی نییە و ورەی بەرزە."
بەوتەی ناوبراو، جگە لە براکانی (لاهور و پۆڵاد شێخ جەنگی)، ٢٧ چەکداری دیکە کە لەگەڵیاندا بوون لە بەندینخانەدا هێشتا ماونەتەوە و ئازاد نەکراون.
لەبارەی دۆسییەکەشەوە ئاوات شێخ جەنگی جەختیکردەوە کە داواکارییان ئەوەیە یەکلابکرێتەوە و هۆشدارییدا کە لە هەفتەی داهاتوودا پەیامیان دەبێت و وەکخۆی وتی: "دوای وەزعەکە لەدەستی ئێمەدا نامێنێت و لە کۆنترۆڵ دەرئەچێت."