پارێزەری لاهور شێخ جەنگی: یەکێک لە چارەسەرەکان ئاشتەوایی کردنە
٢٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:٥٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەمڕۆ شەممە، ژمارەیەک لە لایەنگرانی "بەرەی گەل" و کەسوکاری لاهور شێخ جەنگی و خێزانی ئەو پێشمەرگانەی لەسەر کەیسی "لالەزار" دەستبەسەرکراون، هاوکات لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەستبەسەرکردنیان، لە بەردەم دادگای سلێمانی کۆبوونەوە و داوای یەکلاکردنەوەی کەیسەکەیان لە ڕێگەی دادگاوە دەکرد، هەروەها داوای ئازادکردنی ئەو کەسانەیان دەکرد کە دەڵێن هیچ پەیوەندییەکیان بەو ناکۆکییەوە نییە کە بووەتە هۆی دروستبوونی ئەم کەیسە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بورهان ڕەشید، ئەندامی تیمی پارێزرانی دۆسیەکە ڕایگەیاند، تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەستبەسەرکردنی لاهور شێخ جەنگی و هەڤاڵانی بێ ئەوەی کەیسەکە یەکلا بکرێتەوە یان ئاڕاستەی یاسایی کۆتایی بۆ دیاری بکرێت، پڕسیار لە لای تیمی پارێزەران دروست دەکات.
بورهان ڕەشید ڕوونیشیکردەوە کە تیمی بەرگری چەندین جار داوای تەمیزکردنەوەی کەیسەکەیان کردووە بۆ ئەوەی دۆسیەکە بگوێزرێتەوە بۆ دادگای تەمیز لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەپێی وتەی ئەو، وەڵامی ئەو داواکارییانە نەدراوەتەوە، ئەمەش وایکردووە تۆمەتباران و تیمی بەرگری لە مافی تانەدان لە بڕیارە دادوەرییەکان بێبەش ببن.
وتیشی: ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە و یەکلاکردنەوەی کەیسەکە کاتە یاساییەکانی تێپەڕاندووە". ئاماژەی بەوەشدا کە دۆسیەکە چووەتە ساڵی دووەمییەوە بەبێ ئەوەی کاتێک بۆ ئەوەی ناوی ناوە "دادگاییکردنی جددی" دیاری بکرێت، یان تانە و بڕیارەکان ڕەوانەی لایەنە دادوەرییە پەیوەندیدارەکان لە هەولێر بكرێن.
ئەندامەکەی تیمی پارێزەران، جەختی لە بوونی "کاریگەریی سیاسی و حزبی" لە بەڕێوەچوونی کەیسەکەدا کردەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەکرد کە قسەکانی "هەموو ئەندامانی دادگا یان دادوەران ناگرێتەوە"، بەڵکو مەبەستی ئەوەیە کە ناوی ناوە "ئاڕاستەی گشتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکەدا".
ڕەشید ئاماژەی بەوەشدا کە دەستەی پارێزەران لە داواکارییەکانیدا پشت بە بڕگەكانی یاسای ئوسوڵی دادگاییکردنی سزایی عێراقی دەبەستێت و دەست بە مافی خۆیەوە دەگرێت لە تەمیزکردنەوەی بڕیارە دەرچووەکانی کەیسەکە، داوای لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە باڵاکانی دادوەری کرد دەستوەردان بکەن بۆ زامنکردنی یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە لە چوارچێوە یاساییەکاندا.
ئاماژەی بەوەشدا کە تا ئێستا هیچ ڕێککەوتن یان ئاشتەواییەک لە نێوان هەردوو لایەنی کەیسەکەدا نەکراوە، ڕەنگە ئاشتەوایی بوبێتە یەکێک لە ڕێگەچارە پێشنیازکراوەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە.
لە لایەکی ترەوە، ئاوات شێخ جەنگی، خوشکی لاهور شێخ جەنگی، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند، بارودۆخی دەروونی و ورەی برایەکەی و دەستبەسەرکراوان "باشە و ورەیان بەرزە"، روونیشیکردەوە کە داواکاری سەرەکییان لە ئێستادا ئازادکردنی ئەو پێشمەرگانەیە کە لەسەر ئەم کەیسە دەستبەسەرکراون.
بەپێی وتەی شێخ جەنگی، ژمارەی ئەم پێشمەرگانە ٢٧ کەسە، و پێی وابوو کە "هیچ پەیوەندییەکیان بەو ناکۆکییەوە نییە کە بووەتە هۆی دروستبوونی کەیسەکە"، بۆیە بەردەوامی دەستبەسەرکردنیان کاریگەریی ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەروونی لەسەر خێزانەکانیان دروستکردووە، بەتایبەت کە ژمارەیەک لەوانیش سەرچاوەی بژێوی سەرەکی خێزانەکانیان بوون.
روونیشیکردەوە کە خێزانی دەستبەسەرکراوان ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەختی گوزەران بوونەتەوە و بەشێکیان هیچ سەرچاوەیەکی تری داهاتیان نییە، داواشی کرد پێشمەرگەکان ئازاد بكرێن و بەرپرسیارێتی تەنها بۆ ئەو کەسە بێت کە تاوانەکەی لە بەردەم دادگادا بەبەڵگەوە دەسەلمێندرێت.
شێخ جەنگی ئامادەیی خێزانەکەی بۆ قبوڵکردنی هەر بڕیارێک کە لە "دادگایەکی دادپەروەرانە" دەربچێت دەربڕی، ئەگەرچیش توند بێت بەرامبەر بە لاهور شێخ جەنگی و برایەکەی، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ڕێکارەکان و دادگاییکردنەکە، بە بڕوای ئەو، مەرجە یاساییەکانی تێدا بێت.
سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن، ڕایگەیاند تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ ڕوودانی ئاشتەوایی لەگەڵ لایەنی سکاڵاکاردا نییە، لە هەمان کاتدا هۆشدارییدا لە توڕەیی لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی لە حاڵەتی بەردەوامبوونی کەیسەکە بەبێ یەکلاکردنەوە.
داواشی لە هەموو لایەنەکان کرد بەرپرسیارێتی هەموو لێکەوتەکان بگرنە ئەستۆ لەئەگەری پەرچەکرداردا، جەختی کردەوە کە لەم قۆناغەدا ئەولەوییەتی خێزانەکە ئازادکردنی پێشمەرگە دەستبەسەرکراوەکانە و یەکلاکردنەوەی کەیسەکەیە لە ڕێگەی دادگاوە.
ئەم کۆبوونەوەیەی بەردەم دادگای سلێمانی دوای ساڵێک لە دەستبەسەرکردنی لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە نزیکەکانی لەپاشخانی ڕووداوەکانی "لالەزار" دێت، لە کاتێکدا تیمی بەرگری و خێزانی دەستبەسەرکراوان بەردەوامن لە داواکردنی خێراکردنی ڕێکارەکان و یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە لە ڕێگەی دادگاوە.