دوای ۲۲ ساڵ لە هەناردەکردنی پارە؛ عێراق هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی داراییە دزراوەکانی لە لوبنان چڕ دەکاتەوە

٢٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:٠٧ پاش نیوەڕۆ

 دوای ۲۲ ساڵ لە هەناردەکردنی پارە؛ عێراق هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی داراییە دزراوەکانی لە لوبنان چڕ دەکاتەوە

پەنجەرە

هەڵمەتی "صولة الفجر" کە لەلایەن عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە لە حوزەیرانی ڕابردوودا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی دزینی سامانی گشتی دەستی پێکرد، دەرگای واڵا کرد بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو سامانانە بکرێت کە براونەتە دەرەوە.

لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوودا، بە ملیارەها دۆلار لە عێراق براوەتە دەرەوە، بەشێکیان پەیوەندیدار بوون بە سەردەمی ڕژێمی سەدام حسین و بەشێکیشیان بە دۆسیەکانی گەندەڵی دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی لە ساڵی ۲۰۰۳.

لە ساڵی ۲۰۲۱دا، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، قەبارەی ئەو پارانەی له دوای ۲۰۰۳وە بە قاچاخ براونەتە دەرەوە بە نزیکەی ۱٥٠ ملیار دۆلار خەمڵاند. لوبنانیش یەکێک بوو لە دیارترین ئەو شوێنانەی بەشێک لەو پارانەی بۆ براوە.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، جەخت دەکاتەوە کە ئەمە یەکەمجارە دەسەڵاتدارانی عێراق بە جددی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا دەکەن.

ئەو دەڵێت: لە ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بڕوا وایە پارەی قاچاخکراو یان پرۆسەی سپیکردنەوەی پارەیان تێدا ئەنجامدرابێت.

کۆچەر لوبنان دەخاتە ناو ئەو وڵاتانەوە کە پارەی بۆ براوە و پێشبینی دەکات لە قۆناغی داهاتوودا پەیوەندی دادوەری لەگەڵ لوبنان دروست بکرێت، هاوشێوەی جوڵەکانی فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بۆ تورکیا و سوریا و سعودیە.

ڕەگ و ڕیشەی کۆن

بردنی پارەی عێراقی بۆ لوبنان پێش ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسین دەستیپێکرد. لە ساڵانی سەردەمی سزای نێودەوڵەتیدا کە دوای جەنگی ڕزگارکردنی کوێت بەسەر عێراق سەپێنرا، ڕژێم تۆڕی دارایی لە دەرەوەی عێراق بەکارهێنا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ داهاتی نەوت و کۆمسیۆن و پارەی پەیوەندیدار بە بەرنامەی "نەوت بەرامبەر خۆراک".

لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەریانخستووە کە بەشێک لە داهاتی ڕێککەوتنە بازرگانییەکانی نەوت گوازراونەتەوە بۆ هەژماری بانکی لە لوبنان، کە بەشێکیان بە ناوی کۆمپانیای وەهمی یان کەسایەتییەکانەوە کراون بۆ شاردنەوەی جوڵەی پارەکان.

دوای ڕووخانی ڕژێم، پرۆسەیەکی نێودەوڵەتی بۆ بەدواداچوونی داراییەکانی لە دەرەوە دەستی پێکرد، لوبنان یەکێک بوو لەو وڵاتانەی پشکنین بۆ هەژمار و داراییە عێراقییەکان تێیدا ئەنجامدرا.

لە تەمموزی ٢٠٠٥دا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بڕێکی زۆر لە داراییە سڕکراوەکانی عێراق لە لوبنان و سویسران، و ئاشکرایکرد کە واشنتۆن لەگەڵ هەردوو وڵاتدا کاردەکات بۆ دیاریکردن و جیاکردنەوە و گەڕاندنەوەی داراییەکانی ڕژێمی پێشوو بۆ عێراق.

لەگەڵ ناردنی ملیارەها دۆلار و دووبارە بنیاتنانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق، کەلێنی گەورە لە چاودێریکردنی خەرجکردندا هەبووب، هاوکات لەگەڵ دۆسیەکانی گەندەڵی کە گرێبەست، بەرتیل، کۆمسیۆن و سپیکردنەوەی پارەیان دەگرتەوە.

لێکۆڵینەوە ئەمریکییەکان بەڵگەنامەیان لەسەر دۆسیەگەلێک کۆکردووەتەوە کە تێیاندا پارە لە ڕێگەی هەژماری بانکییەوە لە چەندین وڵاتی دەرەوەی عێراقەوە گوازراوەتەوە.

بۆچی لوبنان؟

ماوەی چەندین ساڵە ئەو وڵاتە کەرتی بانکی دامەزراندووە کە لەسەر ئازادی جوڵەی سەرمایە، حەواڵەکردن و مامەڵەی بەرفراوان بە دراوی ئەمریکی بونیاتنراوە، بەمەش داراییەکی زۆری لە چەندین وڵاتی عەرەبییەوە پێگەیشت.

لە سەردەمی سزادانی عێراقدا، بەپێی وتەی جاسم عەجاقە شارەزای ئابووری بۆ ماڵپەڕی "الحرة"، بانکە لوبنانییەکان ڕۆڵی "بنکەی لۆجستیکی"یان بۆ پرۆسەکانی هاوردەکردنی عێراق بینیوە.

لەگەڵ قووڵبوونەوەی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات دوای ۲۰۰۳، تۆمەتی بەکارهێنانی هەژمار و کۆمپانیای وەهمی بۆ شاردنەوەی سوودمەندی ڕاستەقینەی بەشێک لە پارەکان سەریان هەڵدا، بەتایبەت لەگەڵ توندکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا لەسەر کەسایەتی و دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە ئێرانییەوە.

هەردوو هۆکاری دارایی و سیاسی لە شیکارییەکەی جەمال کۆچەردا بە یەک دەگەن، کە دەڵێت سیستەمی بانکی لوبنان هاوکار بووە لەوەدا، جگە لە بوونی عێراقییەکان لە لوبنان و بوونی زەمینەیەکی مەزهەبی هاوکار.

هیچ ئامارێکی فەرمی نییە کە قەبارەی پارە عێراقییەکانی ناو لوبنان دیاری بکات، هەروەها خەمڵاندنەکانیش جیاوازن لەبەر ڕۆشنایی قورسی بەدواداچوونی جوڵەی پارە و ئاڵۆزی ئەو کەناڵانەی پێیاندا تێپەڕیوە.

جەمال کۆچەر مەزەندە دەکات کە ئەو پارانەی دوای ۲۰۰۳ چوونەتە لبنان نزیکەی ٤٠ ملیار دۆلار ببن.
بەڵام جاسم عەجاقە پێیوایە ئەو ژمارەیە ڕەنگە گونجاو بێت ئەگەر کۆی گشتی ئەو پارانە بگرێتەوە کە لە ڕێگەی بانکە لبنانییەکانەوە تێپەڕیون، نەک ئەوانەی وەک ئامانەت تێیاندا ماونەتەوە.
ئاماژە بەوەش دەکات کە قەبارەی کەرتی بانکی لوبنان لە لوتکەیدا نزیکەی ۱۸۰ ملیار دۆلار بووە، بەمەش بوونی نزیکەی ٤٠ ملیار دۆلار وەک ئامانەتی عێراقی واتە نزیکەی چارەکی قەبارەی کەرتەکە، کە ئەستەمە ژمارەیەکی بەم قەبارەیە بە شاراوەیی بشاردرێتەوە.

بەڵام گەڕان تەنها لە ئامانەتەکاندا وێنەکە بە تەواوی دەرناخات، چونکە پارە، خانوبەرە، وەبەرهێنان، کارگە، هۆتێل، جگە لە بازرگانی و کەلوپەل و حەواڵەی بازرگانیش بوونیان هەیە.
هەروەها بوونی پارەی عێراقی لە بانکە لبنانییەکاندا  مانای ئەوە نییە کە پارەی دەوڵەت بێت یان سەرچاوەکەی گەندەڵیی بێت.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە کۆمپانیای "دیلۆیت" بۆ حکومەتی هەرێم ئامادەی کردووە، نزیکەی ٢٩٤ ملیۆن دۆلار و ٣١٠ملیۆن یۆرۆ لە داهاتی نەوتەکەی لە هەژمارەکانی لوبناندا تا کۆتایی چارەکی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۳ ماونەتەوە، بەهۆی سنووردارکردنی حەواڵەکردنی دراوی بیانی بۆ دەرەوە.

عەجاقە خەمڵاندنی بۆ ئەوە کردووە کە پارەی حکومی یان پەیوەندیدار بە لایەن و دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق لە ١٥٪ی کۆی ئامانەتە عێراقییەکان تێنەپەڕیووە، لە بەرامبەردا نزیکەی ٨٥٪ی بۆ کەرتی تایبەت بووە، بە بازرگانان، کۆمپانیاکان و کەسایەتییەکانەوە.

پرۆسەی جیاکردنەوەش ئاڵۆزتر دەبێت چونکە داتا بانکییە لبنانییەکان دانەرانی ئامانەتەکان دەخەنە کەرتی نیشتەجێ و نانیشتەجێ، و ئامانەتەکانیش بەپێی دراو پۆلێن دەکەن نەک بەپێی ڕەگەزنامەی خاوەنەکانیان. جگە لەوەش بەکارهێنانی بریکار و کۆمپانیای وەهمی زیاد دەبێت.

لە سەلماندنەوە بۆ گەڕاندنەوە

عێراق و لوبنان چوارچێوەیەکی فەرمییان بۆ هاوکاری هەیە لە شوباتی ۲۰٢٦ ەوە، کاتێک دەستەی نیشتمانی بۆ دەستپاکی لە لوبنان و دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان ئیمزا کرد بە ئامانجی بەهێزکردنی هاوکاری و چالاککردنی هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی لە گەندەڵییەوە پەیدا کراون.
بەڵام دیاریکردنی شوێنی پارەکە بەس نییە بۆ گەڕاندنەوەی. 
محیەدین شەحیمی مامۆستای یاسا و سیاسەتە دەرەکییەکان ڕوونی دەکاتەوە کە ڕێڕەوی یاسایی بۆ سڕکردن، دەستبەسەرداگرتن و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی عێراق لە لوبنان، پشتیوان بە هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت، جگە لە یاسا لوبنانییەکان.

شەحیمی بۆ ماڵپەڕی "الحرة" دەڵێت: ڕێڕەوەکە بە لێکۆڵینەوە و دیاریکردنی داراییەکان دەست پێدەکات، لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق بەدواداچوون بۆ پارە، هەژمار و ناوە خوازراوەکان دەکەن، دواتریش داواکاری دادوەری لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە پێشکەش دەکرێن.
دواتر دۆسیەکە دەگوێزرێتەوە بۆ دادوەری لوبنان، لەوێ دەکرێت داوای سڕکردنی هەژمار و داراییەکان و دەستبەسەرداگرتنی  بکرێت.
لە حاڵەتی سەلماندنی ماف و دەرچوونی بڕیاری کۆتایی دادوەری، ڕێکارەکان دەگەنە دەستبەسەرداگرتنی پارەکان و هەماهەنگی نێوان لایەنە دادوەری و داراییەکان بۆ گوێزرانەوەیان بۆ دەوڵەت یان لایەنی زیانلێکەوتوو.

لە کانوونی دووەمی ڕابردوودا، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق گەڕاندنەوەی زیاتر لە ۳ ملیۆن دۆلاری لە لوبنان ڕایگەیاند لە چوارچێوەی دۆسیەی ئیختیلاسی نزیکەی ۱۷ ملیار دینار لە ئەمانەتی بەغدا.

دەستەکە پێشتریش سەرکەوتوو بوو لە گەڕاندنەوەی نزیکەی ٩.٦ ملیۆن دۆلار لە هەمان دۆسیەدا، دوای ئەوەی بەدواداچوونی بۆ ئەو پارانە کردبوو کە بەسەر ٥بانکی لبنانیدا بە ناوی خوازراوەوە دابەشکرابوون.

شەحیمی هەروەها ئەزموونی تونس بە نموونە دەهێنێتەوە، کە توانی پارە سڕکراوەکانی لە بانکە لبنانییەکاندا بگەڕێنێتەوە دوای هەوڵە دادوەری و دیپلۆماسییەکان.

شەحیمی پێیوایە گەڕاندنەوە ئەستەم نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی یاساییە کە پێویستی بە بەردەستبوونی بەڵگە و بەڵگەنامەکان هەیە.
بەڵام دوای سەلماندنی مافی پارەکە، ئاستەنگێکی گەورەتر دێتە پێشەوە کە بریتییە لە واقیعی خودی بانکە لبنانییەکان.
لە سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە ساڵی ۲۰۱۹وە، سنووردارکردن بەسەر ڕاکێشان و حەواڵەکردندا سەپێنرا کە دانەرانی ئامانەتی عێراقیشی وەک ئەوانی تر گرتەوە، لەکاتێکدا توانای کرداری بۆ گەڕاندنەوەی ئامانەتەکان کەمی کردووە.
عەجاقە ئاڵۆزییەکە کورتبکاتەوە و دەڵێت: بانکەکان پارەی نەقدی پێویستیان نییە.. ئیتر چۆن دەتوانن ئەم پارانە بگەڕێننەوە؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو