لە نەجەفەوە تا موسەنا؛ سوپای عێراق کۆنتڕۆڵی ٨٠٠ کیلۆمەتر سنوور لەگەڵ سعودیە دەکات

٢٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:١٤ پاش نیوەڕۆ

لە نەجەفەوە تا موسەنا؛ سوپای عێراق کۆنتڕۆڵی ٨٠٠ کیلۆمەتر سنوور لەگەڵ سعودیە دەکات

پەنجەرە

لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە، بەرپرسێکی باڵای سەربازیی عێراق بە ڕۆژنامەی "العربي الجديد"ی ڕاگەیاندووە کە سێ لیوای سوپای عێراق لەسەر سنوورەکانی سعودیە بڵاوبوونەتەوە. 
ئەم دەستپێشخەرییە کە بە ئامانجی دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکانە، بە یەکەم جێگیربوونی لەو شێوەیە و بەم ژمارە زۆرەی هێزەکانی سوپا دەژمێردرێت لەسەر درێژایی سنووری ٨٠٠ کیلۆمەتری  سعودیە.

جێگیربوون

سەرجەم هێزە بڵاوکراوەکان لە چوارچێوەیەکی فەرمیی نوێدا ڕێکخراونەتەوە و ناوچە دیاریکراوەکانیان گرتووەتە دەست. هێزەکان لەژێر ناوی "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بادەیی" بە فەرماندەیی لیوا ڕوکن عەماد عوبێد ئەلمالکی کار دەکەن. بارەگای سەرەکیی فەرماندەیییەکە لە قەزای سەلمان سەر بە پارێزگای موسەنا جێگیر کراوە.

 هێزەکان لە ناوچەکانی بادەی سەلمان، بەسەییە، و ئەلشەبەکە ئەرکەکانیان دابەش کراوە و بەرپرسن لە پاراستنی ئاسایشی ڕێگەکانی بەرەو دەروازەی سنووریی جومەیمە.

 سوپای عێراق بە فەرمی چەندین بنکەی سەربازی لە دەست هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی نوجەبا و کەتائیبی حزبوڵڵا وەرگرتووەتەوە کە لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر ببوون.

ئامانجی سەرەکیی ڕێگرییە لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت بڕینەوەی ڕێگەی گواستنەوە یان شاردنەوەی درۆن و چەک لە ناوچە بیابانییەکاندا، دوای ئەوەی پێشتر لە خاکی عێراقەوە هێرشکرایە سەر دامەزراوەکانی وزەی سعودیە.

بەهۆی خێرایی لە دەركردنی بڕیاری جێگیربوونەکە، سەربازە عێراقییەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی لۆجستی بونەتەوە؛ لەوانە کەمی شوێنی خەوتن، ئاستەنگ لە داڵدەدان و خاوبوونەوەی پرۆسەی گەیاندنی خۆراک.

 جەمال ئەلکەنانی، شارەزای سەربازیی، ئاماژەی بەوە کردووە سوپا کەوتووەتە خۆ بۆ دروستکردنی سەربازگە و بارەگا، بەڵام ئامادەکردنی تەواوەتییان چەند مانگێکی پێدەچێت.
 سعودیە لە لایەنی خۆیەوە سیستەمی دژە-درۆن و ڕاداری پێشکەوتووی لەسەر سنوورەکان جێگیر کردووە.

ئەنجام

ئەم بڕیارەی بەغدا بە دوای ڕووداوەکانی کۆتایی مانگی تەمووزدا هات، کاتێک فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعودیە هێرشێکی هاوبەشیان بۆ سەر بنکەی گرووپە چەکدارەکان لە ناوخۆی عێراق ئەنجامدا و لە ئەنجامدا ٢٠ چەکدار کوژران و دەیانی تریش بریندار بوون. بڵاوبوونەوەی سوپا هەوڵێکی بەرچاوە بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی تەواوەتی دەوڵەت بەسەر سنوورەکانیدا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو