چەکی میلیشیاکان؛ لەنێوان ململانێی ڕادەستکردن و مانەوەدا
٢٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:١٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە بەغدا دانوستانێکی چڕ لە نێوان حکومەت و گرووپە چەکدارەکان بەڕێوەدەچێت. ئامانجەکە دۆزینەوەی چارەسەرێکە بۆ کۆکردنەوەی چەکی دەستی گرووپەکان، بە جۆرێک کە نە حکومەت شەرمەزار بێت و نە گرووپەکانیش وا دەربکەون کە لەژێر گوشاردا چەکیان ڕادەست کردووە.
حکومەت تا ٣٠ی ئەیلولی وەک دوا مۆڵەت دیاریکردووە، بەڵام بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن کە بە ئەگەری زۆرەوە ئەم وادەیە دوادەکەوێت.
ڕێککەوتنێک هەیە کە چەکی گرووپەکان نەدرێتە دەست ڕاستەوخۆی حکومەت، بەڵکو ڕادەستی "دەستەی حەشدی شەعبی" بکرێت. بەم شێوەیە چەکەکە دەکەوێتە چوارچێوەی دامەزراوەیەکی فەرمی دەوڵەت، بەبێ ئەوەی گرووپەکان هەست بە شکست بکەن.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، بە ئاشکرا و بە نهێنی بە سەرکردەی گرووپەکانیان ڕاگەیاندووە چەکەکانیان ڕادەست نەکەن. قائانی گوتبووی: "چەکی ڕادەستکراو، چەکی ئێرانە."
واشنتۆن جەخت لەسەر کۆکردنەوەی تەواوەتی چەکی گرووپە نزیکەکانی ئێران دەکاتەوە، کە ئەمەش بەڵێنێک بوو عەلی ئەلزەیدی لە کۆشکی سپی بە دۆناڵد ترەمپی دابوو.
گرووپەکانی وەک (کتائب حزب الله، کتائب سید الشهداء، و حركة النجباء) بە تەواوی ڕادەستکردنی چەک ڕەت دەکەنەوە. تەنانەت هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزیان بەرامبەر حکومەت کردووە ئەگەر بە تیرۆریست سەیر بکرێن.
لە کۆتاییدا، حکومەت هەوڵدەدات لەبری دەستەواژەی "کۆکردنەوەی چەک"، چەمکی "ڕێکخستنی چەک" بەکاربێنێت تا لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بەدوور بێت و دۆخەکە بە ئارامی کۆنتڕۆڵ بکات.