دوای ۲۰۰ ڕۆژ لە تیرۆرکردنی؛ دۆسیەی سەیفولئیسلام قەزافی دەوروژێنرێتەوە
٢٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:١٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لایەنگرانی سەیفولئیسلام قەزافی هەڕەشە دەکەن کە کەیسی کوژرانی دەبەنە دادگا و لای ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان. ئەمەش دوای ئەوەی زیاتر لە ۲۰۰ ڕۆژ بەسەر کوژرانیدا لە شاری زنتان (۱٦۰ کیلومەتر باشووری ڕۆژئاوای تەرابلوس) تێپەڕیوە و هێشتا بکوژەکانی سزا نەدراون.
لە ۳ی شوباتی ڕابردوودا، چەند کەسێکی نەناسراو هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی لە زنتان و تیرۆریان کرد.لە ٥ی ئازاردا داواکاری گشتی ڕایگەیاند کە ناسنامەی ۳ تۆمەتباریان دیاریکردووە، بەڵام تا ئێستا ناوی هیچکام لەو تۆمەتبارانەی ئاشکرا نەکردووە. دادگا تەنها باسی لەوە کردووە کە تاوانباران بەسەر دیواردا سەرکەوتوون و لە حەوشەی ماڵەکەیدا دەوریان داوە و تەقەیان لێکردووە.
لایەنگرانی سەیفولئیسلام دەپرسن، دوای ئەو ماوە زۆرەو دوای ناسینەوەیان، بۆچی تا ئێستا تۆمەتباران دەستگیر نەکراون؟ پێیان وایە ئەم دواکەوتنە متمانەی خەڵک بە دادگا لاواز دەکات.
سەرچاوەیەکی نزیک لە کەیسەکە دەڵێت ئەم دۆسیەیە لە ناو ململانێ و تۆمەتبەخشینەوەی نێوان هۆزی قەزازفە و شاری زنتاندا وەک خۆی ماوەتەوە. هەندێک لایەن زنتان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە کەمتەرخەم بوون لە پاراستنی.
خەڵکی شاری زنتان ڕایانگەیاندووە کە تاوانەکە پەیوەندی بە شارەکەیانەوە نییە و کردەوەی تاکەکەسیش ناخرێتە ئهستۆی تەواوی شار یان هۆزێک.
تیمی ڕاگەیاندنی سەیفولئیسلام سێ پەیامی سەرەکییان ئاڕاستەی لایەنەکان کرد:
1. بۆ حکومەت: پشتگوێخستنی ئەم کەیسە زیان بە سەقامگیری وڵات دەگەیەنێت، دەبێت یارمەتی دەستگیرکردنی تاوانباران بدەن.
2. بۆ داواکاری گشتی: دەبێت دەستبەجێ تاوانباران دەستگیر بكرێن و کۆسپەکان بە ڕوونی بۆ خەڵک ئاشکرا بكرێن.
3. بۆ خەڵکی زنتان: داوایان لێدەکەن هەڵوێست وەرگرن و داڵدەی بکوژەکان نەدەن، چونکە سەیفولئیسلام میوانی ئەوان بووە.
لە کۆتاییدا جەختیان کردەوە کە ئەگەر دادگای لیبیا بێدەنگ بێت، ناچارن پەنا بۆ ڕێکار و دادگا نێودەوڵەتییەکان ببەن تا ڕاستییەکان ون نەبن. هەروەها عائیشە قەزافی، خوشکی سەیفولئیسلام، ڕەخنەی توندی لە هێواشی بەڕێوەچوونی کەیسەکە گرتووە و ڕایگەیاندووە کە تێپەڕبوونی کات ڕاستییەکان ناشارێتەوە.