بۆچی گرووپە شیعییەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە دەکەن؟

٢٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:١٨ پاش نیوەڕۆ

بۆچی گرووپە شیعییەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە دەکەن؟

پەنجەرە

لەکاتێکدا گرووپە چەکدارەکان پرسی چەکدانانی خۆیان بە هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگەوە دەبەستنەوە، ئەم وەرچەرخانە وەکو ئاماژەیەک بۆ هەوڵێکی سیاسی بەمەبەستی فشارخستنە سەر حکومەتەکەی عەلی زەیدی لێکدەدرێتەوە.

ئەبو موجاهید ئەلعەساف، بە نوێنەرایەتی کەتائیب، سێشەمەی ڕابردوو لە ڕاگەیەنراوێکدا، هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگەی کردووەتە مەرجی هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێک و بە "ملیشیایەکی مەترسیدار" ناویان دەبات.

ئەم گوتارە ستراتیژییەتێکی ڕوونە بۆ ڕەواکردنی چەکی گرووپەکان و نیشاندانی هێزە فەرمییەکانی هەرێم وەک هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی وڵات، تا لەم ڕێگەیەوە فشاری داماڵینی چەک لەسەر خۆیان لادەن.

لە بەرامبەردا، سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمڕۆ لە وتەیەکدا ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و پێشمەرگە وەک "هێزێکی نیزامی و دەستووریی" هاوشانی سوپا دەناسێنێت. 

بە بڕوای سەرۆکایەتی کۆمار، پێشمەرگە بەشێک نییە لە کێشەی "چەکی بێبەرنامە"، بەڵکو دامەزراوەیەکی فەرمییە و ئەرکی پاراستنی سەروەریی لە ئەستۆدایە.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، ئەم ململانێیە دەریدەخات کە گرووپە چەکدارەکان دەیانەوێت بە دروستکردنی "دوژمنی ناوخۆیی"، سەرنجەکان لەسەر پرسی داماڵینی چەکی خۆیان لادەن. بە ئامانجگرتنی پێشمەرگە لەم کاتەدا، تەنها کێشەیەکی سەربازی نییە، بەڵکو فشارێکی سیاسییە بۆ ئەوەی حکومەت لە بڕیارە ئەمنییەکانی پاشەکشە بکات و شەرعییەت بداتەوە بە مانەوەی هێزە نادەوڵەتییەکان.

هەروەک ئەمەش بە فشارخستنەسەر زەیدی لێکدەدرێتەوە کە لە پرسی چەک داماڵینی گرووپەکاندا، لایەنە کوردییەکان پشتگیرییەکی بەرچاوی دەکەن، چونکە لەلایەن کوردەوە ئەو گروپانە بە ئەنجامدانی هێرشی چەندینجارەی سەر کێڵگە نەوتی و غازی و بارەگا فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم لەڕێگەی درۆن و مووشەکەوە، تۆمەتبار دەکرێن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو