ئایا لابردنی سفری سەر دینار بەرپرسان ناچار دەکات پارەی ژێر زەمینەکان دەربهێنن؟

١٠ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:١٠ پاش نیوەڕۆ

ئایا لابردنی سفری سەر دینار بەرپرسان ناچار دەکات پارەی ژێر زەمینەکان دەربهێنن؟

پەنجەرە

لە ساڵی 2003وە تا ئێستا، ناوبەناو باسی  لابردنی سفری سەر دیناری عێراقی دەوروژێنرێتەوە، (واتە لابردنی 3 سفر ؛ بۆ نموونە 1,000 دیناری ئێستا ببێتە 1 دینار). 

بەشێک لە بەرپرسان دەڵێن "ئەمە بۆ ئەوەیە ڕێگری لە گەندەڵی بگرین و ئەو پارانەی سیاسی و گەندەڵکاران لە ماڵەوە شاردویانەتەوە، ناچاریان بکەین بیهێننە بانکەکان." بەڵام لە واقیعدا چی ڕوو دەدات؟

چەمکی لابردنی سفرەکان چییە؟

لابردنی سفرەکان تەنها کارێکی ژمێریاری و ڕێکخستنە. هیچ بەهایەکی نوێ بە دینار نادات و توانای کڕین زیاد ناکات؛ تەنها بڕی ئەو کاغەزە پارەیەی لە بازاڕدا دەسوڕێتەوە کەم دەکاتەوە تا مامەڵە پێکردنی ئاسانتر بێت.

 سپیکردنەوەی پارەی گەندەڵکاران

کاتێک دەوڵەت ڕایدەگەیەنێت کە پارەی کۆن دەکێشێتەوە و دەبێت بگوڕدرێت بە پارەی نوێ، گەندەڵکاران ناکەونە ڕیزی بانکەکان تا لێیان بپرسرێت "ئەم هەموو پارەیەت لەکوێ دەستکەوت؟". بەڵکو پێش جێبەجێکردنی بڕیارەکە، بەپەلە ڕادەکەن بۆ بازاڕ و پارە شاراوەکانیان دەکەنە خانوبەرە، زەوی، زێڕ، و دۆلار.
دوای ئەوەی پارە نوێیەکە هاتە بازاڕ، ئەو کەسانە داراییەکانیان (زێڕ و خانوبەرەکەیان) دەفڕۆشنەوە و پارەیەکی نوێی فەرمی لە دەوڵەت وەردەگرن. بەمەش پارەکەیان بە مۆری فەرمی دەوڵەت سپی دەبێتەوە!

کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر هاووڵاتییان

 لابردبی سفری سەر دینار دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، لەمحاڵەتەشدا هێرشی گەندەڵکاران بۆ کڕینی دۆلار دەستپێدەکات. ئەمەش بەهای دۆلار لە بازاڕی ڕەشدا زۆر بەرز دەکاتەوە.
 
هەروەها بەرپرسان کە پارەکانیان شاردووەتەوە بەخێرایی دەست بە کڕینی خانوبەرە و زێڕ دەکەن، بەهای هەموو شتێک لە بازاڕدا گران دەکات و زیانەکەشی تەنها بەر هاووڵاتیی ئاسایی دەکەوێت.

کۆتایی

لابردنی سفرەکان هەنگاوێک نییە  بۆ ڕاگرتنی هەڵاوسان یان نەهێشتنی گەندەڵی. تاوەکو سیستەمی دیجیتاڵی بەهێز نەبێت و یاسای توند نەبێت بۆ لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران، ئەم بڕیارە تەنها خزمەت بە گەندەڵکاران دەکات بۆ شۆردنەوەی پارەکانیان، و ژمارەکانی سەر کاغەز دەگۆڕێت بەبێ ئەوەی ئابووری وڵات چاک بێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو