گەمارۆ نوێیەکان و ئابووریی عێراق؛ مەترسییەکانی سەر بازار، وزە و سنوورەکان
١٠ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:١٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئابووریی عێراق ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت بووەتەوە، ئەمەش دوای توندکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
توندکردنەوەی گەمارۆکان مەترسی بۆ عێراق دروست دەکات، چونکە هەردوو وڵات سنوورێکی درێژ و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ساڵانەی زیاتر لە ۱۰ ملیار دۆلاریان هەیە، جگە لەوەی عێراق ساڵانە بە بڕی ٤ بۆ ٥ ملیار دۆلار گازی ئێرانی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دەکڕێت.
کێشە و مەترسییە سەرەکییەکان
دوای توندکردنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران مەترسی گرانبوون و کەمیی کاڵا دێتە ئاراوە، چونکە تەسککردنەوەی دەروازە داراییەکان لەسەر ئێران وا دەکات زیاتر پشت بە بازاڕی عێراق ببەستێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی. ئەمەش بڕی کاڵا لە ناوخۆی عێراق کەم دەکاتەوە و نرخەکان بەرز دەکاتەوە.
هەروەها زیادبوونی قاچاخچێتی یەکێکیترە لە مەترسییەکان، بەهۆی سنوورە وشکانییە درێژەکەی نێوانیان کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ بازرگانیی نافەرمی و قاچاخچێتی، بەتایبەت لە ڕێگەی ئەو تۆڕانەی لە دەرەوەی کەناڵە فەرمییەکان کار دەکەن.
مەترسییەکیتر قەیرانی کارەبایە، عێراق ڕۆژانە تا ٥٠ ملیۆن مەتر سێجا گازی ئێرانی پێویستە. هەر ڕێگرییەک لە هاوردەکردنی گازەکە یان ناردنی پارەکەی، سیستەمی کارەبای عێراق تووشی قەیران دەکات چونکە تا ئێستا جێگرەوەی خێرای نییە.
لەگەڵ سزای لاوەکی بۆ بانکەکان، ئەگەر بانک و بازرگانانی عێراق بچنە ناو مامەڵەیەکەوە کە واشنتۆن بە خۆدزینەوە لە سزاکانی بزانێت، ڕووبەڕووی سزای تووندی ئەمریکا دەبنەوە.
ڕێگەچارە پێشنیازکراوەکان
پشتبەستن بە گازی ناوخۆ
خێراکردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنانی گازی ناوخۆیی و گەشەپێدانی ژێرخان بۆ هاوردەکردنی گاز لە سەرچاوەی جێگرەوە، تا پشتبەستن بە ئێران کەم ببێتەوە.
چاودێریی سنوورەکان
بەهێزکردنی چاودێری لەسەر مەرزەکان و ڕێگریکردن لە دووبارە هەناردەکردنەوەی کاڵاکان بۆ کەمکردنەوەی قاچاخچێتی.
ڕێکخستنی حەواڵە داراییەکان
کۆنتڕۆڵکردنی وردتری حەواڵەکان و پاراستنی سەلامەتیی مامەڵە داراییە دەرەکییەکانی عێراق.
دوای سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران لە کۆتایی تەممووزدا، ٤ ڕێککەوتن لە نێوان هەردوو وڵات ئیمزا کران لەوانە: گواستنەوەی وشکانی، هێڵی ئاسنینی خوسرەوی-خانەقین-بەغدا، و هاوکاریی ئیداری، لە کاتێکدا هەناردەی ئێران بۆ عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و ۱۲ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.