لە سەنگەرەوە بۆ ئاشتی: هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و وەرچەرخانی سیاسی لە سوریا
١٠ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:١٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
تابلۆی سیاسی و ئەمنی لە سوریا بە خێراییەکی زۆر دەگۆڕێت، دوای چەندین ساڵ لە جەنگ و دوورەپەرێزی، وڵاتەکە بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت.
ئەم گۆڕانکارییە لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی بارودۆخی ناوخۆ، گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و کرانەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە هەنگاوی بۆ دەنرێت. بەمەش کۆتایی بە سەردەمی هێزی چەکداری جیاواز دەهێنرێت و بنەمای هاوکاریی نیشتمانی نوێ دادەڕێژرێتەوە.
کۆتاییهاتنی قۆناغێکی مێژوویی
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە زۆربەی سەرکردەکانی کورد بوون، بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند. مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکە لە دیمەشقەوە وتی: "ئەرکی سەربازیی هەسەدە کۆتایی هاتووه." لە پەیامەکەیدا ڕوونیکردەوە: "دوای گفتوگۆ لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع و تێکەڵکردنی تەواوی هێزە چەکدارەکانمان لە ناو سوپای سوریا، هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە وەک هێزێکی سەربازی سەربەخۆ ڕادەگەیەنین.
هەسەدە ساڵانێکی درێژ ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە جەنگی دژی ڕێکخراوی داعشدا و وەک هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکا لە ناوچەکەدا سەیر دەکرا.
لە کاتێکدا ژمارەی شەڕڤان و چەکدارەکانیان دەگەیشتە نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس لە کورد و عەرەب. ئەوان بۆ چەندین ساڵ ناوچەیەکی بەربڵاویان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدەستەوە بوو و سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەرییان تێدا بەڕێوەدەبرد.
پڕۆسەی تێکەڵکردن و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت
دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد، ئەمریکا دەستیکرد بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەلشەرع. سەرۆکی نوێ بە ڕوونی ڕایگەیاند کە ڕێگە نادەن هیچ سوپایەکی تر یان بزوتنەوەیەکی جوداخوازلە ناو سوریا بوونی هەبێت.
لە سەرەتای ئەمساڵدا شەڕی دژوار لە نێوان لایەنەکاندا ڕوویدا و بەوهۆیەوە هەسەدە پاشەکشەی کرد. لە کۆتاییدا هەردوولا ڕێککەوتن کە تەواوی ئیدارە و هێزەکانی هەسەدە لە ناو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی سوریادا تێکەڵ بکرێن.
ئەم ڕاگەیاندنە هەنگاوێکی کردارییە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە. مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد: "دەمانەوێت ئەم ڕۆژە ببێتە سەرەتای چوونە دەرەوە لە سەنگەری شەڕ بۆ کێڵگەی ئاوەدانکردنەوە، و لە جەنگەوە بۆ ئاشتی."
مافە دەستوورییەکانی کورد و کرانەوەی نێودەوڵەتی
بەپێی ماڵپەڕی "تاگسشاو"، ئەحمەد ئەلشەرع گەرەنتی داوە بە کوردەکان بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان. خواستەکانی کورد بریتیین لە خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکان و چەسپاندنی مافی هەموو پێکهاتەکان لە دەستووری نوێدا. لە لایەکی ترەوە، سەرکردەی کوردانی سوریا جەختی کردەوە کە خەباتی گەلی کورد وەک گەورەترین کەمینەی نەتەوەیی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی، لەمەودوا بە شێوازی سیاسی و دەستووری بەردەوام دەبێت.
ئامادەیی و پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕدرا. تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هەڵوەشاندنەوەی ئەم هێزانە نموونەیەکی باشە بۆ "تێکەڵبوونی ڕاستەقینە".
لە هەمان کاتدا، ئەمریکا بڕیارێکی مێژوویی دا بە سڕینەوەی ناوی سوریا لە لیستی وڵاتانی پشتیوانیکاری تیرۆر کە لە ساڵی ١٩٧٩ەوە تێیدا بوو. ئەم بڕیارە ئاسانکاری دەکات بۆ گەڕانەوەی مامەڵە بانکییەکان و هاتنی وەبەرهێنانی بیانی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی سوریا.
لەم بارەیەوە ئەحمەد ئەلشەرع وتی: "ئەمڕۆ سوریا ڕزگاری دەبێت لە بارێکی قورس و لاپەڕەیەکی تاڵی ڕابردوو دادەخات، تا ڕوو لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بكات."
ئاڵنگارییە ناوچەیییەکان لە ڕێگەی سەقامگیریدا
سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییە ناوخۆییانە و کرانەوە نێودەوڵەتییە، ڕەوشەکە هێشتا بە تەواوی ئارام نەبووەتەوە؛ چونکە ئیسرائیل ماوەیەک لەمەوبەر چەند ئامانجێکی لە ناو خاکی سوریا بۆردومان کرد (کە یەکێکیان بنکەیەکی سەربازیی نزیک سنووری تورکیا بوو). ئەمەش بەهۆی بەردەوامی کێبڕکێ و گرژییە ناوچەیییەکانە لەسەر داهاتووی هێز لە سوریا، جگە لە چەندین ئاڵنگاری ئەمنی دی کە دیمەشق هەوڵ دەدات تێیانپەڕێنێت تا قۆناغی گواستنەوە سەقامگیر بکات.