دەستەی نەزاهەی فیدراڵی و دەستەی دەسپاکی هەرێم لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا: هیچ پەناگەیەکی ئارام بۆ گەندەڵکاران لە عێراقدا نییە
١٠ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:١٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دەستەی نەزاهەی فیدراڵیی عێراق و دەستەی دەسپاکی لە هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانیان ئاشکرا کرد، بە ئامانجی پاراستنی سامانی گشتی و ڕاوەدوونانی گەندەڵکاران لە سەرتاسەری وڵاتدا.
بەیاننامە هاوبەشەکە لە دوای سەردانێکی فەرمیی سەرۆکی دەستەی نەزاهەی فیدراڵی و شاندی یاوەری هات بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی ٢٥ و ٢٦ی ئابی ٢٠٢٦، لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێم، کە تێیدا چەندین کۆبوونەوە بۆ پتەوکردنی هاوکارییەکانی هەردولا بەڕێوەچوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هەردوو دەستەکە سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ پشتیوانییەکانی هەرسێ دەسەڵاتی دادوەری، یاسادانان و جێبەجێکردن لەسەر ئاستی فیدراڵی و هەرێم دەربڕی. بەتایبەتی ئاماژەیان بە ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری کرد وەک "چەتری دەستووری و یاسایی" بۆ ڕێکارەکانی لێپێچینەوە، هاوکات ڕاگریی خۆیان بۆ پشتگیرییەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆکایەتیی هەرێم خستەڕوو.
گرنگترین خاڵەکانی ڕاگەیەندراوەکەی هەردوو دەستە:
ڕێگریکردن لە خۆدزینەوە لە یاسا: رێککەوتن کراوە لەسەر پەرەپێدانی میکانیزمی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن و بڕیارە دادوەرییەکان، بۆ ئەوەی کەسانی داواکراو نەتوانن سنوورە کارگێڕییەکان و جوگرافییەکان وەک پۆشەش بۆ خۆدزینەوە لە سزا بەکاربهێنن.
گەراندنەوەی سامانی گشتی: هەردوو دەستەکە دووپاتیان کردەوە کە "هیچ پەناگەیەکی ئارام بۆ گەندەڵکاران و داهاتە نایاساییەکانیان نییە"؛ هەماهەنگیی نێوانیان دەبێتە پایەیەکی بنەڕەتی بۆ بەرتەسککردنەوەی ڕێگاکانی هەڵهاتن و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
ڕاهێنان و هۆشیاریی: بەهێزکردنی هاریکاری لە بوارەکانی ڕاهێنانی کادیران، بەرزکردنەوەی هۆشیاری و خۆپارێزی لە گەندەڵی، بە مەبەستی چەسپاندنی کولتووری شەفافیەت و لێپرسینەوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە تەواوکاریی ڕۆڵی چاودێری لە نێوان بەغدا و هەولێر متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەرز دەکاتەوە و دەبێتە هۆی پاراستنی ئابووریی نیشتمانی و ڕەخساندنی کەشێکی ئارام بۆ وەبەرهێنان. هەروەها دووپاتیان کردەوە کە پاراستنی سامانی گشتی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نیشتمانییە و سنوورە ئیدارییەکان نابنە بەربەست لە بەرامبەر جێبەجێکردنی یاسا.