لە ململانێی چەکدارییەوە بۆ دەستوور: ململانێی نوێی کورد لە سووریا
١٠ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:١٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە، بە مانای کۆتاییهاتنی رۆڵی کورد لە سووریا نایەت، بەڵکو کۆتایی بەو سیستەمە سەربازیی و ئۆتۆنۆمیە هات، کە بە پاڵپشتی ئەمریکا لە کاتی جەنگی ناوخۆدا دروست ببوو. لەمەودوا ململانێی کورد لە سەنگەرەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو دەستوور، پەرلەمان و ئیدارەی ناوخۆیی سووریا.
دەسەڵات لە دیمەشق
مەزڵوم عەبدی بە فەرمی تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدەی بە سوپای سووریا ڕاگەیاند. کێڵگە نەوتییەکان و ناوچە ستراتیژییەکان گەڕێنرانەوە ژێر کۆنترۆڵی دیمەشق.
دوای شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سەرەتای ساڵ و پاشەکشەی هەسەدە لە ڕەقە و دێرەزوور، ڕێککەوتنێکی نوێ کراوە: شەڕڤانانی هەسەدە لە ناو سوپای سووریادا لە چوار لیوای دیاریکراودا بەیەکەوە دەمێننەوە، هێزە ئەمنییەکانیش دەچنە سەر وەزارەتی ناوخۆ.
پارێزگاری حەسەکە بە پێشنیاری هەسەدە دەستنیشان دەکرێت، فەرمانبەرانی مەدەنی لەسەر کارەکانیان دەمێننەوە، و زمانی کوردی وەک "زمانی نیشتمانی" و جەژنی نەورۆزیش وەک جەژنی نیشتمانی ناسێنراون.
گۆڕانی هەڵوێستی ئیسرائیل و ئەمریکا
ئەمریکا لە پشتگیری ڕاستەوخۆی هەسەدە کشایەوە، ئیدارەی ترەمپ سووریای لە لیستی دەوڵەتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر دەرهێنا.
واشنتۆن ئێستا حکومەتی دیمەشق وەک تاقە لایەنێک دەبینێت کە بتوانێت سەقامگیری بۆ سووریا بگەڕێنێتەوە.
دۆخە بۆ ئیسرائیل بێ مەترسی نییە، بۆ ئیسرائیل، سووریایەکی دیموکرات و فیدراڵ کە تێیدا کورد، دروز و عەلەوییەکان دەسەڵاتی خۆجێییان هەبێت، زۆر ئارامترە لەوەی یەک گرووپی دەسەڵاتدار یان سەرکردەیەک بە تەنها بەسەر تەواوی وڵاتدا زاڵ بێت.
سیاسەتی نوێی کورد و پەیوەندی بە تورکیاوە
چوونی سەرکردەکانی وەک مەزڵوم عەبدی و دانانی وەک ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی، هەروەها چوونی ئیلهام ئەحمەد بۆ پەرلەمان، هەوڵێکە بۆ پاراستنی مافی کورد لە ڕێگەی یاسا و دەستوورەوە لە دیمەشق.
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە، پرۆسەی چەکداماڵینی پەکەکە و ئاشتی لە تورکیا ڕێگەی خۆشکردووە بۆ ئەوەی خەباتی سیاسی کورد لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی پەرلەمان، شارەوانی و هەڵبژاردنەکانەوە بەردەوام بێت.
لە کۆتاییدا، هەرچەندە کورد سەربەخۆیی سەربازی و خاکی لەدەستداوە، بەڵام ماف و دەسەڵاتەکانی بەگۆڕانکارییەوە ماون. بەمپێیە شێوازی خەباتەکە لە هێزی چەکدارییەوە گۆڕدراوە بۆ تێکۆشانی سیاسی و دەستووری لە ناو دەوڵەتی سووریادا.