کوردەکانی سوریا و ڕێککەوتن لەگەڵ "شەیتان"
١٠ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:١٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سوریا چووەتە نێو قۆناغێکی سیاسی و ئەمنی نوێوە، ئەمەش لە ڕێگەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کوردی لەناو پێکهاتەکانی دەوڵەتدا، دوای دانوستانێکی درێژخایەن و ئاڵۆز، کە رێکەوتنەکە لە ئاستی خواستەکانی کورددا نین و نە بووە مایەی ڕەزامەندیی عەرەبە نەتەوەییەکانیش.
ڕێککەوتنی تێکەڵبوون و ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی (هەسەدە)، دوای جەنگی خوێناوی، ململانێی سیاسیی سەخت و وەرچەرخان لە هەڵوێستەکاندا هات، لە سایەی دەستوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و چاودێریی ئەمریکا بۆ دەسەڵاتە نوێیەکەی سوریا کە پەیڕەوی لە مەرکەزییەت دەکات، بە مەبەستی دووبارە داڕشتنەوەی تابلۆی سیاسی و ئەمنی سوریا بە دوور لە ململانێ، توندوتیژی و گۆشەگیری.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە کۆشکی گەل لە دیمەشق ڕایگەیاند: "دوای ڕاوێژ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، و تەواوکردنی تێکەڵکردنی هێزە چەکدارەکان لەناو سوپای سوریادا، کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕادەگەیەنین، بە تەواوی بەرپرسیاریەتییەوە هەڵوەشاندنەوەی وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ ڕادەگەیەنین".
ئەم ڕاگەیاندنە دوای تێکەڵکردنی ژمارەیەکی زۆر لە شەڕڤانانی "هەسەدە" هات لە چوارچێوەی لیواکانی سوپای نوێی سوریادا، دوای نزیکەی دەیە و نیوێک لە کارکردنی سەربەخۆ، کە تێیدا ڕۆڵێکی جەوهەرییان بینی لە جەنگی دژی ڕێکخراوی داعشدا و وەک هاوپەیمانێکی نزیکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەژمار دەکران و سەرکردایەتی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوەکەیان لە سوریا دەکرد و ڕۆڵی بەرچاویان بینی لە کوشتنی سەرکردە باڵاکانی رێکخراوەکەدا.
وردەکاریی تێکەڵبوون و زمانی کوردی
لە هەمان ڕۆژدا کە مەزڵوم عەبدی هەڵوەشاندنەوەی "هەسەدە"ی ڕاگەیاند، وەزارەتی پەروەردە دەستپێکردنی وانەی زمانی کوردیی لە قوتابخانەکانی سوریادا بۆ یەکەمجار ڕاگەیاند، بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو مەرسوومەی کە جەخت دەکاتەوە کورد بەشێکی ڕەسەنە لە گەلی سوریا و زمانی کوردی بە زمانێکی نیشتمانی هەژمار دەکات.
ئەم ڕاگەیاندنە دوای دەستبەکاربوونی سەرکردە کوردەکان هات لە پۆستە سەربازی و مەدەنییەکاندا، بەتایبەت لە پارێزگای حەسەکە، سەرەڕای گەڕانەوەی دەیان هەزار ئاوارەی کورد بۆ گوند و شارەکانیان دوای بڕیاری چۆڵکردنی خانووەکانیان و گەڕاندنەوەی موڵکەکانیان کە لەلایەن گرووپە سەربازییەکانی لایەنگری ئەنقەرەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو، لەگەڵ دوورخستنەوەی سەرکردەی ئەو گرووپانە لە پۆستەکردارییەکان و گواستنەوەیان بۆ ناوچەی تر.
بەم ڕاگەیاندنە نوێیە، پێکهاتەی سەربازیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارە مەدەنییەکانی سەر بەوان بە تەواوی کۆتاییان پێدێت، بەو مەبەستەی پێکهاتە جیاوازەکانی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریادا تێکەڵ ببن.
پرۆسەی تێکەڵبوونەکە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کوردی (ئاسایش) دەگرێتەوە، کە بڕیارە ببنە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆی سوریا، جگە لە فەرمانبەرانی مەدەنی کە لە سێکتەرە جیاوازەکاندا کاردەکەن، لەوانە پەروەردە، دامەزراوەکانی نەوت و گاز، بەنداوەکان و ئەوانی تر.
بەم ڕاگەیاندنە، ناکۆکیی کورد لەگەڵ دیمەشق، لە گۆڕەپانی جەنگ و چەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ گۆڕەپانی کاری سیاسی و دەستوور، بە هیوای بەدەستهێنانی نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە و جۆرێک لە ئیدارەی خۆجێی.
بەپێی وتەی چاودێرانی دۆخی سوریا، چارەنووسی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ دانیشتووانە زۆرینە کوردەکەیدا، گرێدراوی ڕێڕەوی سیاسیی دانوستاندنەکانە لە تورکیا کە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە ئاڕاستە دەکرێت، لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئەوێ.
تۆم باراک: ڕووداوێکی مێژوویی
دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەکە، تۆم باراک نێردراوی ئەمریکا ئەم هەنگاوەی بە "ڕووداوێکی مێژوویی" وەسف کرد، و مانا سیاسییەکەی لە دەستەواژەی "یەک سوپا، یەک حکومەت، یەک دەوڵەت"دا کورتبووەوە.
هەڵوێستەکەی، جەوهەری سیاسەتی نوێی ئەمریکا لە سوریا ئاشکرا دەکات؛ واشنتۆن دەیەوێت کۆتایی بە قەوارە سەربازییە سەربەخۆکان بهێنێت و دەسەڵاتێکی مەرکەزی بنیات بنێت، و گوشاری خستە سەر هێزە کوردییەکان و هەسەدە بۆ قبوڵکردنی ئەم چارەسەرە و گواستنەوەی مافی بنکە جەماوەرییەکەی و بەشێک لە کادیرەکانی بۆ ناو دەوڵەتە نوێیەکە.
ئەمە هاوكات بوو لەگەڵ بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە لادانی ناوی سوریا لە لیستی دەوڵەتانی پشتگیریکاری تێرۆر کە لە ساڵی ١٩٧٩وە تێیدا تۆمارکرابوو، کە ئەمەش بەپێی وتەی بەرپرسانی سوریا ڕێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی مامەڵە بانکییەکان و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی بۆ بەشداری لە دووبارە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێداندا.
"تێکەڵکردن" لە بەرامبەر بەخشینی بەرپرسیارێتی
دیارە "ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوە" جەوهەری ئەو داواکارییەی دیمەشقی بەدیهێناوە، کە لە دوای ڕێککەوتنی ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥وە داوای دەکرد بۆ کۆتاییهێنان بە فەرماندەیی سەربازیی سەربەخۆی هەسەدە، گەڕاندنەوەی نەوت، مەرزەکان و دامەزراوە گشتییەکان، و یەکخستنی مەرجەعییەتی سەروەری.
تێکەڵبوونی سەربازی بە شێوازێک ئەنجامدرا کە لە بەشێکیدا پێکهاتەی یەکە جەنگییە کوردییەکانی لە جوگرافیای ناوچەکەدا پاراست، لە ڕێگەی فەرماندەییکردنیان لەلایەن ئەو ئەفسەرانەی پێشتر لە "هەسەدە" بوون، لەوانە لیواکان لە حەسەکە، قامیشلۆ، دێرک و کۆبانێ.
ئەم شێوازە سنووری مەرکەزییەتی نوێ ئاشکرا دەکات؛ مەرجەعییەتی یاسایی و فەرماندەیی سەربازی گوازرایەوە بۆ دیمەشق، لە کاتێکدا ئەو هێزانەی لە ناوچە کوردییەکاندا بڵاوەیان پێکراوە تا ڕادەیەکی زۆر بە خۆجێیی مانەوە، و بەردەوامی درا بە پشتبەستنی ئاسایشی ناوخۆ بە ئەندامانی خەڵکی ناوچەکە.
بەپێی وتەی بەرپرسانی کورد، هێشتا زووە بۆ دارشتنی وێنەیەکی وردی پێشهاتە سیاسی و ئاسایشییەکان لەسەر زەوی، و وەڵامدانەوەی پرسیارە جەوهەرییەکان، لەوانە: دیمەشق چی قازانج کرد، و کورد چ ئامادەیییەکی لەناو دەوڵەتی سوریادا پاراست دوای هەڵوەشاندنەوەی "هەسەدە"؟
ئەحمەد هیلالی، جێگری پارێزگاری حەسەکە، وتی: هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە بە مانای تەواوبوون و کۆتایی پرۆسەی تێکەڵبوون نایەت، بەڵکو ڕێڕەوی جێبەجێکردن لەسەر ئەرزی واقیع هەیە کە بەردەوام دەبێت تا گەیشتن بە ئەنجامێک کە مایەی ڕەزامەندیی سەرجەم هاووڵاتیانی پارێزگاکە و سوریا بێت.
وتیشی: بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی "هەسەدە" هەڵبژاردن و چارەسەرێکی نیشتمانییە کە لە ئەنجامی چەندین مانگ کاری بەردەوامی نێوان تیمی سەرۆکایەتی و مەزڵوم عەبدی هاتە ئاراوە، کە بەرپرسیاریەتییەکی گەورە و نیشتمانیی نیشاندا.
نووسەر مەریوان وریا قانع: ڕێککەوتن لەگەڵ شەیتان
مەریوان وریا قانعی نوسەر دەڵێت: ئەوەی ڕوویدا ڕێککەوتن بوو لەگەڵ شەیتاندا؛ ڕێککەوتنێکە بە ناچاریی کراوە، نەک بە ویست و ئیرادەیەکی سیاسیی تەندروست. کورد لەوێ جێهێڵدران و فرێدرانە ناو هاوکێشەیەکی هێزەوە کە زۆر لە قەبارە و توانای خۆیان گەورەترە.
دەشڵێت: گومان لەوەدا نییە ئەم ڕێککەوتنە تاقە ڕێگەی عەقڵانیی بەردەستیانە. چونکە سەرجەم ڕێگەكانی تر پڕن لە مەترسی و لە خۆکوژییەوە نزیکترن تا لە هەر شتێکی تر.
ئەو دەسەڵاتەی لە سوریا دروستبووە، نە دەوڵەتی نەتەوەییە، نە دەوڵەتی یاسا، نە دەوڵەتی دامەزراوە و هاووڵاتیبوون، و نە دەوڵەتێکە لەسەر یەکسانی لە ماف و بەرپرسیاریەتییەکاندا بنیات نرا بێت. دەوڵەتێکە بێ سوپای نیشتمانی، خاوەنی چەندین میلیشیایە کە لە پەڕگیرترینی جیهادییەکانەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە هێزە وەکیلەکانی سەر بە دەوڵەتانی ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم ئەو هەنگاوانەی ئەم دەسەڵاتە هەڵیگرتوون هەڵە و ترسناکن، لە ناوی دەوڵەتەکەوە بگرە تا دەگاتە ناوی سوپاکەی، ئاڵاکەی و کۆمەڵگەکەی، کە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی زمانی بەعسە بە تێکەڵەی وتاری ئیسلامیی جیهادی. وە شێوازی داڕشتنی ڕەشنووسی دەستوور، دامەزراندنی پەرلەمان، بەڕێوەبردنی ئابووری و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ، هەموویان ئاماژەن بۆ دروستبوونی فەرمانڕەوایەتییەکی ترسناک.
روونیشیکردەوە، سەبارەت بە کورد "ڕێککەوتنەکە ڕوون نییە"، مافەکانی کورد کورت نابنەوە لە بەکارهێنانی زمان و فەرهەنگدا، بەڵکو مافی سیاسی و کۆمەڵایەتیشن. بەڵام لە کۆی ڕێککەوتنەکاندا دان بە کورددا نەنراوە وەک نەتەوە یان گەلێکی تایبەت و جیاواز. ڕوونیش نییە قەبارەی بەشداریی کورد لە بڕیاردانی سیاسی چەندە.
پوختەی قسە، ئەوەی ئەو بەشەی کوردستان تێیکەوتووە، پەیوەندییەکی ئاڵۆزی ناچارییە؛ ناچاری بۆ بەستنی ڕێککەوتن لەگەڵ شەیتاندا.
نووسەر و ڕۆژنامەنووس سیروان حجی برکۆ، پێیوایە ناکرێت ئەزموونی هەسەدە کە زیاتر لە دە ساڵ دەخایەنێت، لە دوو وشەدا کورت بكرێتەوە: سەرکەوتن یان شکست.
هەسەدە شەڕی داعشی کرد و هەزاران قوربانیی بەخشی، و ئاستێک لە ئاسایش و سەقامگیریی پاراست، لە سەردەمی ئەودا کورد و سریانی لە کەشوهەوایەکی ئاشکرادا کە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە ژیانیان لەگەڵ زمان و هۆشیاریی خۆیاندا بردەسەر. بەڵام نەیتوانی ئەمری واقع بگوێزێتەوە بۆ پەیمانێکی کۆمەڵایەتی کە ڕەزامەندییەکی بەربڵاو بەدەستبهێنێت، هەندێک جار بەرامبەر ڕەخنە و فرەیی تەنگەنەفەس دەبوو، و نەیتوانی زۆرێک لە قەیرانە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان چارەسەر بکات.
دەشڵێت: ئەمڕۆ پرسیارەکە ئەوەیە: دوای هەسەدە چی؟ بۆ کورد، ئەوەی داواکراوە گواستنەوەیە لە "هێزی ئەمری واقع" کە هەسەدە نوێنەرایەتی دەکرد، بۆ هێزی دەستوور، سیاسەت و دامەزراوەکان؛ لە پاراستنی مافەکان بە چەکەوە بۆ پاراستنیان بە یاسا.
وتیشی: داواکاری ئەوەیە کورد بەشێکی ڕەسەن بێت لە دەوڵەتی نوێی سوریا: بە ناسنامە، زمان و مافەکانییەوە، لەگەڵ نوێنەرایەتییەکی سیاسیی دادپەروەرانە، ئیدارەیەکی خۆجێیی ڕاستەقینە و بەشداری لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
هاوکات نووسەر و توێژەری سیاسی خورشید دلی، ئاماژەی بەوەکرد ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی خۆی لەلایەن "هەسەدە"وە، ڕەنگدانەوەی دەستبەرداربوونە لە خەیاری سەربازی، و کارکردنە لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بۆ بنیاتنانی شێوازی پەیوەندیی داهاتووی نێوان دەوڵەت لە لایەک و کورد لە لایەکی ترەوە. ئەمەش وەرچەرخانێکە بۆ قۆناغێکی نوێ.
وتیشی: هەڵوەشاندنەوەکە بە مانای یەکلاکردنەوەی سەرجەم دۆسیەکانی تێکەڵبوون نایەت، بەڵکو بابەتە زیندوو و گرنگەکان دەمێننەوە کە پێویستیان بە چارەسەرکردن هەیە، لە پێشەنگیان پەروەردە بە زمانی کوردی، و دانانی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لەناو پێکهاتەی وەزارەتەکانی ناوخۆ یان بەرگریدا، جگە لە دۆسیەی دادوەری.
لایخۆیەوە، نووسەر و ڕۆژنامەنووس هیوا عوسمان دەڵێت:
لە ڕۆژهەڵاتی ئێمەدا، هەڵگرتنی چەک زۆر ئاسانترە لە دانانی، چونکە دەسەڵات، شوێنکەوتوو و کورسیی دەستکەوت لەسەر مێزی دانوستاندنەکان دەبەخشێت. هەتا جەنگ درێژە بکێشێت، میری جەنگ هۆکارێکی نوێ دەدۆزێتەوە بۆ مانەوەی.
وتیشی: مەزڵوم عەبدی پێچەوانەکەی ئەنجامدا. لە کۆشکی گەل لە دیمەشق وەستا و "بە تەواوی بەرپرسیاریەتییەوە" کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی سوریای دیموکراتی ڕاگەیاند کە زیاتر لە دەیەیەک سەرۆکایەتی دەکرد، و هەڵوەشاندنەوەی وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ و تێکەڵبوونی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریادا ڕاگەیاند. ئەم دیمەنە خۆبەدەستەوەدان نیە، بەڵکو ئازایەتییە.
جەختیکردەوە: دەستپێکردنی جەنگەکان و بەڕێوەبردنیان بڕیارێکی قورس نییە کە فەرماندەیەکی سەربازی بیگرێتە بەر. بڕیارە قورسەکە ئەوەیە کاتێک جەنەراڵ تێدەگات کەی بەردەوامبوونی جەنگ دەبێتە مەترسی بۆ سەر ئەو پرۆسەیەی کە چەکی لەپێناودا هەڵگرتووە. لێرەدایە جیاوازیی نێوان میری جەنگ و جەنگاوەر دەردەکەوێت.
هیوا عوسمان وتی: دەیتوانی دوای گۆڕانی هەڵوێستی ئەمریکا بەدوای چاودێرێکی نوێدا بگەڕێت، یان خۆی بخاتە ناو میحوەرێکی تر لە ناوچەکەدا، یان پەنا بباتە بەر دروشمەکان و ناوچەکانی کورد لە سوریا بکاتە بەرەیەکی کراوە بۆ ساڵانێکی تر. قورس نییە کەسێک بدۆزیتەوە کە پارەدارکردنی جەنگێکی نوێ بگرێتە ئەستۆ، ئەوەی قورسە دۆزینەوەی کەسێکە پارەدارکردنی ئاشتی بگرێتە ئەستۆ.