لە دوای کشانەوەی واشنتۆن؛ داهاتووی ئەمنیی هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ؟

١٠ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:٣٢ پاش نیوەڕۆ

 لە دوای کشانەوەی واشنتۆن؛ داهاتووی ئەمنیی هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ؟

پەنجەرە، بی بی سی

بەپێی زانیارییەکانی چوار سەرچاوەی ئاگادار، ئیدارەی ترامپ پلانی هەیە یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ هاوپەیمانێکی سەرەکیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببڕێت؛ هەمان ئەو هاوپەیمانەی کە یارمەتی ئەمریکای دا لە تێکشکاندنی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و لە ئێستاشدا رووبەڕووی هێرشی ئێران بووەتەوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەدا بە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە کە ئیدارەی ترامپ پلانی نییە ڕێککەوتننامەی هاوکاریی ئەمنیی پێشمەرگە نوێ بکاتەوە کە ماوەکەی بەرەو تەواوبوون دەچێت.

بی بی سی قسەی لەگەڵ دوو بەرپرس کردووە کە بەشدارییان لە دانوستانەکاندا کردووە، هەروەها دوو سەرچاوەی دیکە کە زانیاری ڕاستەوخۆیان لەسەر بابەتەکە هەیە. 
سەرچاوەکان بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناویان قسەیان لەسەر ناوەڕۆکی دانوستانەکان کردووە، چونکە پێشتر وردەکارییەکانی بڵاونەکراونەتەوە.
بەرپرسانی کورد دەترسن بڕینی ئەم بودجەیە بۆشایی دەسەڵات دروست بکات و دەستی ئێران واڵا بکات، کە لەو کاتەوەی دۆناڵد ترامپ جەنگی لەگەڵ تاران دەستپێکردووە، سەدان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی کوردستانی عێراق کردووە.

شرۆڤەکاران دەڵێن بڕینی هاوکاری ئەمنیی پێشمەرگە، پێگەی هاوپەیمانێکی دێرینی ئەمریکا لە عێراق لاواز دەکات و ئەم پەیامە دەگەیەنێت کە ناکرێت پشت بە ئەمریکا ببەسترێت بۆ پشتیوانیکردنی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.

یەریڤان سەعید، بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی جیهانیی کورد بۆ ئاشتی لە زانکۆی ئەمریکی گوتی: "ئەمریکا پشت لە کورد دەکات کە فیداکارییەکی زۆریان کرد تا یارمەتی ئەمریکییەکان بدەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."

وتی: "ئەگەر کورد ئاوا بە بێپارێزگاری و بەتەنیا بەجێبهێڵرێت، ئەمە دەبێتە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئێران، چین و ڕووسیا."

ترامپ لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا بەڵێنی داوە تێوەگلانی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەم بکاتەوە. هەروەها جەنگی لەگەڵ ئێران دەستپێکردووە کە ڕۆژی هەینی چووە نێو شەشەمین مانگییەوە بە بێ ئەوەی ئاسۆی کۆتاییهاتنی دیار بێت.

ڕێککەوتننامەی لێکتێگەیشتنی نێوان پێنتاگۆن و حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارە لە ٣٠ی ئەیلوولدا بەسەر بچێت، واتە ڕێک لە هەمان ئەو ڕۆژەی کە ئەمریکا و وڵاتانی تر دوا سەربازەکانیان لە عێراق دەکشێننەوە.

کشانەوەی سەربازەکان بە شێوەیەکی فەرمی کۆتایی بە هەڵمەتی سەربازیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەهێنێت، کە تێیدا پێشمەرگە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان بەشدار بوو بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەو گرووپە لە بەشێک لە خاکی عێراق و سوریا. بڕیارە تاقە بنکەی سەربازیی ئەمریکا کە لە وڵاتەکەدا ماوەتەوە و لە هەولێرە، مانگی داهاتوو بەپێی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دابخرێت.

هێزەکانی پێشمەرگە کە نزیکەی ١٨٠،٠٠٠ سەربازیان لە کوردستانی عێراقدا هەیە، لە ساڵی دارایی ٢٠٢٦دا بڕی ٦١ ملیۆن دۆلاریان بۆ چەک، مەشق و ڕاهێنانی سەربازی و مووچە لە ڕێگەی بەرنامەی دژە داعشی پێنتاگۆنەوە پێگەیشتووە.

پێنتاگۆن لە داواکاریی بودجەی ساڵی دارایی ٢٠٢٧دا پێشنیاری بڕینی تەواوی هاوکارییە ئەمنییەکانی بۆ پێشمەرگە کردبوو، بەو بەهانەیەی کە لەبەر ئەوەی داعش تێکشکێنراوە دەبێت پارەکە بۆ شوێنی تر خەرج بکرێت، بەڵام ئەم پلانە لە ناوەڕاستی کێشەیەکی گەورەتری بودجە لە کۆنگرێسدا ڕاگیراوە.

ئەم داواکارییە مەترسیی لە کوردستانی عێراق دروستکرد، بەڵام بەرپرسان هیوایان هەبوو کە ئەمریکا ڕێککەوتنەکە درێژ بکاتەوە و بودجەکە نوێ بکاتەوە.
مەترسییەکان زیاتر بوون لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان. بەپێی توێژینەوەیەک لەسەر نوێترین داتا بەردەستەکان کە لەلایەن دامەزراوەی بەرگریکردن لە دیموکراسییەکان (سەنتەرێکی توێژینەوە لە واشنتۆن) ئامادەکراوە، ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران تا کۆتایی مانگی ئایار ١٥٨ هێرشی مووشەکی یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە ناو کوردستانی عێراقدا ئەنجامداوە.

بەڵام سەرەڕای زیاتربوونی هێرشەکان، لە گفتوگۆکانی ئەم دواییەدا لەگەڵ سەرکردە عێراقی و کوردییەکان، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ڕایانگەیاندووە کە ئەمریکا پلانی نییە لێکتێگەیشتنەکە درێژ بکاتەوە. پێنتاگۆن لە ساڵی ٢٠١٦دا یەکەم ڕێککەوتنی هاوکاریی سەربازیی لەگەڵ پێشمەرگە ئیمزا کرد و لە ساڵی ٢٠٢٢دا نوێی کردەوە.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بیرکردنەوەکانی پێنتاگۆن، بڕیاری کۆتایی لەسەر هاوکاریی ئەمنی نێوان ئەمریکا و کوردستان هێشتا لە ژێر پێداچوونەوەدایە. سەرچاوەکان گوتیان ئەمریکا لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگایەکدایە بۆ هێشتنەوەی جۆرێک لە پشتیوانیی ئەمنی لە عێراق و کوردستاندا لە دوای کشانەوەی سەربازەکان.
 حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتیکردەوە لێدوان بدات. کۆشکی سپیش بی بی سی بۆ لێدوان ئاراستەی پێنتاگۆن کرد، لەوێش وتەبێژێک ئاماژەی بە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکەی کرد کە پوختەی کۆبوونەوەی پیت هەگسێس (وەزیری بەرگری ئەمریکا) لەگەڵ عەلی ئەلزەیدی (سەرۆک وەزیرانی عێراق) لە مانگی تەممووزدا کردبووەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو: "ویلایەتە یەکگرتووەکان، عێراق و هاوبەشەکانی هاوپەیمانان سەرکەوتنی گەورەیان لە تێکشکاندنی داعشدا بەدەستهێناوە، و ئێستا هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لە نێویاندا پێشمەرگە و هێزەکانی تری هەرێمی کوردستان، سەرکردایەتی شەڕی دژی تیرۆریستان لە عێراقدا دەکەن."

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوە بە بی بی سی ڕاگەیاند کە تەرکیزیان لەسەر جێبەجێکردنی کشانەوەی سەربازەکانە، هەروەها "دڵنیابوونەوە لەوەی سەرۆک وەزیران زەیدی لە دۆخێکدایە کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران چەکبکات و سەروەریی عێراق بپارێزێت."
بەسەرچوونی هاوکارییە ئەمنییەکان بۆ پێشمەرگە، کەمتر لە ساڵێک دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا گەورەترین کونسوڵخانەی خۆی لە جیهاندا لە هەولێر کردەوە.

لە مەراسیمی کردنەوەی کۆمەڵگەکەدا کە ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری تێچوو لە کانونی یەکەمی ڕابردوودا، مایکل ڕیگاس (بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا) گوتی کونسوڵخانەکە "نیشانەی بەهاداریی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراقە."

گفتوگۆکانی ئەم دواییە لەسەر ئاسایشی کورد، بەشێک بوون لە گفتوگۆ بەرفراوانەکانی نێوان ئەمریکا، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر کشانەوەی سەربازەکان. ئەو ڕێکەوتە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ساڵی ٢٠٢٤ی نێوان واشنتۆن و بەغدا دیاریکرا بۆ کشانەوەی سەربازە ئەمریکییەکان. سەربازانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١ عێراقیان جێهێشت، بەڵام دوای ئەوەی بۆشایی دەسەڵات بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا گەڕانەوە.

جەیمس جێفری، کە لە خولی یەکەمی ترامپدا سەرکردایەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشی دەکرد، گوتی ئەمریکا دەتوانێت ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی هەمان هەڵە لە ڕێگەی بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە.
جێفری کە باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا بووە لە عێراق و تورکیا گوتی: "ئەمە پارەیەکی بەجێیە کە خەرج دەکرێت، وەک چۆن کاتێک داعش هاتە باکووری عێراق بۆمان دەرکەوت."
ئیدارەی ترامپ ئاشکرای نەکردووە کە لە کۆی ئەو سەربازانەی ئەمریکا کە بۆ شەڕی داعش هێنراون، چەندیان لە عێراقدا ماونەتەوە. شارەزایان پێیان وایە ژمارەیان لە خوار ١،٠٠٠ سەربازەوەیە، لە کاتێکدا لە لووتکەی شەڕی عێراقدا ١٧٠،٠٠٠ سەرباز بوون.

چوار سەرچاوە گوتیان کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی ئاسایشی عێراق، کۆشکی سپی، وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی دەرەوەی لەخۆگرتبوو، و تۆم باراک وەک نوێنەری سەرەکی ئەمریکا لەسەر عێراق ڕۆڵی دەبینی. باراک کە کەسێکی نزیکی ترامپە، باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا و نێردەی تایبەتە بۆ عێراق و سوریا.

ئیدارەکە بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە بۆ ڕێککەوتنێکی ئەمنیی دووقۆڵی لەگەڵ عێراق. هەردوو وڵات تاوتوێی پەیماننامەیەکی بەرگرییان کردووە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە ڕێککەوتنەکە چۆن ڕێکدەخرێت یان ڕۆڵی هەرێمی کوردستان تێیدا چی دەبێت.

شیکاران دەڵێن کشانەوەکە مەترسی بۆ سەر سەربازانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم دەکاتەوە کە لە کاتی جەنگدا لەلایەن ئێرانەوە بە ئامانج کراون. تاران هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، لەوانەش بنکەکەی هەولێر.
جەیسن کامپبڵ، بەرپرسێکی پێشووی بەرگری ئەمریکا گوتی، بەڵام ئەمە هێزەکانی پێشمەرگە و ئەو ناوچەیەی دەپارێزێت زیاتر لە پێشوو بەرەوڕووی مەترسی دەکاتەوە.
کامپبڵ کە شارەزایە لە پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوتی: "پێشمەرگە هێڵی پێشەوە بووە لە شەڕی ئەمریکا و نێودەوڵەتی دژی داعش. ئەگەر ئەمریکا ئەم کارە بکات، ڕەنگە کوردان بکاتە سەرەکیترین ئامانجی مەترسیداری ئێران."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو