ماددەی ٣ـی دەستوری عێراق؛ چیرۆکی یەکگرتنی مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا
١٠ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:٣٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
د. ئیسماعیل نامیق، هەڵسوڕاوی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی ماددەی “سێی دەستوری عێراق” و لەزاری نەوشیروان مستەفاوە دەگێڕێتەوە، کە لەسەر ماددەی سێی دەستور کێشەیەکی گەورە کەوتە نێوان کورد و عەرەبەوە لەکاتی نوسینەوەی دەستوردا، بەوپێیەی عەرەبەکان ویستوویانە دەقەکە بەمجۆرە بنوسرێتەوە:” عێراق بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب.”
لەکاتێکدا نوێنەرانی کورد زۆر دژی ئەمەبوون، بۆیە چەند رۆژێک لە سەر ئەو ماددەیە راوەستاون، ناکۆکیەکان ئەوەندە گەورە بوون، کار گەیشتە ئەوەی کارەکانی لیژنەکە رابوەستێنرێن و پەکبخرێن.
ئیسماعیل نامیق لە زاری نەوشیروان مستەفاوە دەڵێت: رۆژێک مام جەلال ھات و پێشنیازی کرد ماددەکە بەم شێوەیە بێت: عێراق ئەندامی دامەزرێنەری کۆمکاری عەرەبیە. ئەو پێشنیازەی کردوو سەفەری کرد بۆ ئێران.
عەرەبەکان ھەر فشاریان کردووە، تا بەیانییەک جۆرج دەبلیو بۆش تەلەفۆنی بۆ مەسعود بارزانی کردووە، داوای لێکردووە رازی بن بە داوای عەرەبەکان، بەڵام مەسعود بارزانی داواکەی بۆشی قبوڵ نەکردوە.
دوای داخستنی تەلەفۆنەکە،”مەسعود بارزانی رویکردە نەوشیروان مستەفا و وتی خۆت ئەزانی ئەوە بۆش بوو، داوای ئەکرد بەداوای عەرەبەکان رازی بین، تۆ ئەڵێی چی؟
نەوشیروان مستەفا لە وەڵامدا دەڵێت: بە ھیچ شێوەیەک بە داوای عەرەبەکان رازی مەبە، ئەگەر ھەر سەپاندیشیان، وەرە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەکەین، من وەکو نوێنەری یەکێتی لە پێش تۆوە قسە ئەکەم و ئەڵێم بەوە رازی نین، بۆیە ئێمە وەکو کورد بەشداری لەم لیژنەیەداناکەین و ئەگەڕێینەوە بۆ کوردستان.”
وەک ئیسماعیل نامیق لەزاری نەوشیروان مستەفاوە دەیگێڕێتەوە: “کاک مەسعود زۆر دڵی بەم وەڵامەی من خۆشبوو، وتی: زۆر باشە. ئیتر عەرەبەکان نەیانتوانی ئەو دەقە بسەپێنن، دەقەکە بەم شێوەیە دانرا:
عێراق وڵاتێکی فرە نەتەوە و ئایین و ئاینزایە، ئەندامێکی دامەزرێنەر و چالاکی کۆمکاری عەرەبیە و پابەندە بەپەیماننامەکەیەوە، ھەروەھا بەشێکە لە جیھانی ئیسلامی.”