چین کار لەسەر پەرەپێدانی نەوەیەکی نوێ لە چەکی نەوەوی دەکات
١٠ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:٣٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دەزگاکانی هەواڵگریی ئەمریکا پێیانوایە چین سەرقاڵە بە گەشەپێدانی نەوەیەکی نوێ لە چەکی ئەتۆم، لە ساڵانی ڕابردوودا لانی کەم تاقیکردنەوەیەکی تەقاندنەوەی نهێنیی ئەنجامداوە؛ ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵێکی بەرفراوانتردا بۆ گۆڕینی سەرجەم جبەخانە ئەتۆمەکانی بۆ پێشکەوتووترین تەکنەلۆجی لە جیهاندا.
بەپێی سەرچاوەکان، هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگریی ئەمریکاوە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی چین نیەتی بونیادنانەوەی بنەڕەتیی چەکە ئەتۆمییەکانی هەیە، ئەمەش دەنگۆ و دیبەیتێکی بەرفراوانی لە ناوەوە و دەرەوەی ناوەندەکانی هەواڵگریدا دروستکردووە، لەسەر ئەوەی ئایا گۆڕانکاری لە بیرکردنەوەی پەکیندا ڕوویداوە سەبارەت بە ستراتیژە ئەتۆمییەکەی.
هاوشانی و بەرامبەرکێ
بەپێی خەمڵاندنەکانی هەواڵگریی ئەمریکا، ئەم وەبەرهێنانەی چین لە ئەتۆمی خۆیدا، وڵاتەکە لە پێگەی هاوشان و هاوتا لەگەڵ ڕووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان نزیک دەکاتەوە، و ڕەنگە ڕێگەی پێبدات توانای تەکنیکیی وا بەدەستبهێنێت کە هیچ کام لە دوو زلهێزە ئەتۆمییەکە باڵادەستەکەی ئێستایان نەبێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکان و لێدوانە تازەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، چین لە حوزەیرانی ۲۰۲۰دا بە نهێنی تاقیکردنەوەیەکی ئەتۆمی تەقاندنەوەی لە دامەزراوەی "لۆپ نۆر" لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە ئەنجامداوە، سەرڕای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٦ەوە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە ئەو جۆرە چالاکییانەی ڕاگرتبوو، هەروەها پلانی دانابوو لە داهاتوودا تاقیکردنەوەی زیاتریش ئەنجام بدات.
ئەگەرچی تاقیکردنەوەکەی ساڵی ۲۰۲۰ لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە چەند مانگێکە ئاشکرا ئاشکرا کرا، بەڵام ئامانجی تاقیکردنەوەکە پێشتر ڕانەگەیەنرابوو.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو بەڵگانەی لە چوارچێوەی پێداچوونەوەی دواتری ڕووداوەکەی حوزەیرانی ۲۰۲۰ کۆکراونەتەوە، بەرپرسانی ئەمریکییان گەیاندووەتە ئەو دەرئەنجامەی کە هۆکاری پشت تاقیکردنەوەکە، هەوڵی چین بووە بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی نەوەی نوێ.
ئەمەش هەوڵەکان بۆ گەشەپێدانی سیستمی چەکی زیادە دەگرێتەوە کە توانای هەڵگرتنی چەندین کڵاوەی ناوکی بچووککراوەیان لەسەر یەک مووشەک هەبێت.
چەکی ناوکی تەکتیکی
بەپێی سەرچاوەکان، "دیارە چین کار لەسەر گەشەپێدانی چەکی ناوکی تەکتیکیی خاوەن توانای وێرانکاریی کەمتر دەکات؛ ئەمەش شتێکە پێشتر بەرهەمی نەهێناوە، و دەکرێت دژی ئامانجەکانی نزیک لە خاکەکەی بەکاربهێنرێت، لەوانەش لە سیناریۆکانی وەڵامدانەوەی پەکین بۆ بەرگریی ئەگەریی ئەمریکا لە تایوان".
پێشتر بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا ڕایانگەیاندبوو کە چین بنکە ناوکیەکانی بە شێوەیەکی چڕ فراوان دەکات، ئەمەش وایکردووە شیکەرەوان گومان بکەن کە هەوڵ بۆ تەکنەلۆجیای نوێ دەدات.
ئێستا بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوایە بەڵگەی بەهێز هەیە کە پشتیوانی لەم تیۆرییە دەکات، ئەوەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامەکانی پەیوەست بە تاقیکردنەوەکەی ساڵی ۲۰۲۰.
چین لە ساڵی ١٩٦٤ خاوەنی بناغەی ناوکییە و بە خێراییەکی زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان کڵاوەی جەنگیی بەرهەمهێناوە، ئەگەرچی قەبارەی پەرەپێدانەکەی هێشتا زۆر کەمترە لە ڕووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە تا ئێستاش گەورەترین پشکی چەکی ناوکی جیهانیان بەدەستەوەیە.
وەڵامی چین
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگریی ئەمریکا بۆ بەرنامە ناوکییەکەی، لیو پینگیو، وتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن ڕایگەیاند کە "ویلایەتە یەکگرتووەکان سیاسەتی ناوکی چینی شێواندووە و بە لاڕێیدا بردووە".
ئەوەشی زیاد کرد: "ئەمە مانۆڕێکی سیاسییە بە ئامانجی بەدەستهێنانی باڵادەستیی ناوکی و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتییەکانی لە بواری داماڵینی چەکی ناوکیدا".
هەروەها جەختی کردەوە کە چین "بە توندی دژی ئەم گێڕانەوانەیە. ئیدیعاکانی ئەمریکا سەبارەت بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ناوکی لەلایەن چینەوە بە بێبنەمان. چین دژی هەر هەوڵێکە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ دروستکردنی پاساو بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوە ناوکییەکانی خۆی".
بژاردەکان و خێراکردن
پێشتر وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ئاماژەی بەوە کردبوو کە هەوڵەکانی چین بۆ فراوانکردن و باشترکردنی پەرەپێدانی ناوکییەکەی ڕەنگە "بژاردەی نوێی پێببەخشێت پێش و لە کاتی قەیران یان ململانێکاندا بۆ بەکارهێنانی چەکی ناوکی بە مەبەستی سەپاندنی گوشار، لەوانەش ئاژاوەگێڕیی سەربازی دژی هاوپەیمانان و شەریکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا".
لە هەمان کاتدا، ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵگریی بەرگری لە ساڵی ٢٠٢٤ ئاماژەی بەوە کردبوو کە چین هەوڵی نوێکردنەوەی پەرەپێدابی ناوکیەکەی دەدات بە لەبەرچاوگرتنی ویلایەتە یەکگرتووەکان.
بەپێی خەمڵاندنەکانی هەواڵگریی ئەمریکا، هێزی ئاسمانیی چین بەخێراترین و بەرفراوانترین نوێکردنەوەی هێزە ناوکییەکانیدا تێپەڕدەبێت لە مێژوودا، کە بە ئەگەری زۆرەوە پاڵنەرەکەی ئارەزووی کێبڕکێی ستراتیژیی بەردەوامە لەگەڵ ئەمریکا، و ئامانجی جێبەجێکردنی چەمکە ستراتیژییە چڕکراوەکانە کە دەیان ساڵە هەبوون بەڵام ئێستا دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
چین توانایە ناوکییەکەی وەک بەشێک لە سیستمی بەرپەرچدانەوە و بەرگری لە خۆ دەبینێت، چونکە بەردەوام جەختی کردووەتەوە کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە وڵاتانی دیکە لە بەکارهێنانی چەکی ناوکی دژی، یان هەڕەشەکردن پێی.
سەرەڕای پابەندبوونی پەکین بۆ دەیان ساڵ بە سیاسەتی (دەستپێنەکردنی بەکارهێنانی چەکی ناوکی)، بەڵام پێشنیازەکەی سەبارەت بە حوکمرانیی جیهانی بۆ ساڵی ۲۰۲۳ هیچ ئاماژەیەکی ڕاشکاوانەی بۆ ئەم پابەندبوونە تێدا نەبوو، ئەمەش دەرگای بۆ شیکاری و خەمڵاندنەکان واڵا کردووە سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ناوکی چیندا.