لە گۆڕەپانی جەنگەوە بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی؛ مەزڵوم عەبدی کێیە و چۆن خۆی لەگەڵ هاوکيشەکاندا دەگونجێنێت؟
١٠ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:٣٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد ئهلشەرع سەرۆکی سوریا چوونە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە، مەزڵوم عەبدی وەک ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی دیاری کرا.
ئەم هەنگاوە وەک گۆڕانکارییەکی گەورە سەیر دەکرێت و مشتومڕی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت لە وڵاتێکدا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی عەرەبن. عەبدی یەکێک بوو لە ئەندازیارە سەرەکییەکانی ئەم ڕێککەوتنە؛ بەڵام ئەم سەرکردە کوردە کێیە و چۆن گەیشتە ئەم شوێنە؟
ناوی مەزڵوم عەبدی کاتێک بووە سەردێڕی هەواڵەکان کە ڕێککەوتنێکی مێژوویی لە نێوان کوردانی سوریا و دەسەڵاتدارانی نوێی وڵاتەکە ئیمزا کرا. بەم ڕێککەوتنە هێزەکانی هەسەدە تێکەڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت کران و کۆتایی بە کێشە و پێکدادانە خوێنناوییەکانی نێوانیان هێنرا کە پێشتر گەیشتبووە ئاستێکی زۆر مەترسیدار.
ڕۆژی سێشەممە، ۲٤ی ئاب، عەبدی لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزەی ڕاگەیاند کە خۆی لە ساڵی ۲۰۱٥دا دایمەزراندبوو؛ هێزێک کە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە تێکشکاندنی داعش لە سوریادا. دواتر و لە ڕۆژی هەینیدا، ئەحمەد ئهلشەرع، سەرۆکی سوریا، عەبدیی وەک ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی دیاری کرد.
پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە و شوێنکەوتنی لەلایەن تورکیاوە
عەبدی لە ساڵی ۱۹۹۰ پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە (پەکەکە) کرد، کە لایەن تورکیا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسرێت.
عەبدی کە زۆر لە عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە نزیک بوو، بەشداری لە شەڕەکانی ناو تورکیادا کردبوو، بەو هۆیەوە کاتێک گەڕایەوە سوریا لە سەردەمی حافز ئەسەددا دەستگیر کرا.
لە کۆتایی دەیەی نەوەدەکاندا چوو بۆ ئەوروپا و دواتر ڕووی لە عێراق کرد کە پەکەکە بنکەی سەرەکی لێ هەبوو. تورکیا ناوی عەبدی خستە لێستی تیرۆرەوە و خەڵاتی دارایی بۆ دەستگیرکردنی دیاری کرد، هاوکات ئینتەرپوڵیش بڵاوکراوەی سووری لەسەر دەرکرد. لە ساڵی ۲۰۲۳دا، فڕۆکەخانەی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان لە کاتی ئامادەبوونی عەبدیدا کەوتە بەر بۆردومانێک کە خرایە ئهستۆی تورکیا.
دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ۲۰۱۱ لە دژی بەشار ئەسەد، عەبدی لەگەڵ کۆمەڵێک لە چەکدارە دێرینەکانی پەکەکەدا یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)یان لە سوریا دامەزراند.
ئەندازیاری ڕێککەوتنەکە و هاوبەشی ڕۆژئاوا
عەبدی لە ساڵی ۱۹٦۷ لە شاری کۆبانی لە دایک بووە. ئەو بۆ چەندین ساڵ کەسایەتیی سەربازیی دیاری کوردانی سوریا بوو؛ ئەو کەمینەیەی دوای جەنگی ۲۰۱۱ دەستکەوتی مەیدانی گەورەی بەدەستهێنا و خواستی خۆبەڕێوەبەری هەبوو.
عەبدی توانای دروستکردنی پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا هەبوو، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە پاڵپشتی سەرەکیی هێزەکەی بوو، هەروەها بووە هاوبەشێکی بەهێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعشدا.
لە ماوەی شەڕەکاندا، هەردەم بە جلوبەرگی سەربازی و بە دەنگێکی ئارام و کەم دوو دەردەکەوت. ناوبراو لە قسەکردن بە زمانی کوردی، کە زمانی دایکییەتی، زۆر ئاسوودەتر بوو بەراورد بە زمانی عەرەبی.
نەبەردی کۆبانی
ناوبراو لە کاتی جەنگی کۆبانیدا لە ساڵی ۲۰۱٥ بووە کەسایەتییەکی جیهانی، کاتێک شەڕڤانانی کورد دوای چوار مانگ شەڕی قورس، داعشیان لە شارەکە دەرکرد و کۆبانییان کردە هێمای سەرکەوتن.
جگە لە کورد، هێزەکانی هەسەدە چەکداری عەرەبیشیان لەخۆدەگرت و بۆ چەندین ساڵ بوونە هێزی سەرەکیی بەرەنگاربوونەوەی داعش و رووبەرێکی گەورەیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆنتڕۆڵ کرد.
نەرمی و سازش بۆ دەسەڵاتی نوێ
دوای شکستپێهێنانی داعش لە ساڵی ۲۰۱۹، خواستی کورد بۆ خۆبەڕێوەبەری زیادی کرد، بەڵام دوای هاتنی دەسەڵاتی نوێ لە سوریا، عەبدی ناچار بوو سازش بکات. زۆر کەس ئەم بڕیارە وەک خوێندنەوەیەکی زۆر واقیعییانە بۆ دۆخەکە لەلایەن پیاوێکی ئارامەوە دەبینن.
ئەو دانوستانی سەختی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئهلشەرعدا کرد تا سەرەنجام گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی ئیدارەی کوردی لەناو دەوڵەتی سوریادا. بەمەش عەبدی بووە ڕابەرێکی سەربازی و سیاسی کە لە کاتی پێویستدا توانای دانوستانی هەیە.
لە ساڵانی ڕابردوودا پەیوەندییەکی هاوسەنگی ڕاگرتبوو؛ لە لایەک پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ ئەمریکادا هێشتبووەوە، لە لایەکی دیکەشەوە بە وشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ حکومەتی ئەسەد و ڕووسیادا دەکرد، لە کاتێکدا هێزەکانی لە نێوان ساڵانی ۲۰۱٦ بۆ ۲۰۱۹ ڕووبەڕووی هێرشی توندی تورکیا دەبوونەوە.
دوای ڕووخانی ئەسەد و بەهۆی گۆڕانی هاوکێشەی هێزەکان و پشتیوانی خێرای ڕۆژئاوا بۆ ئەحمەد ئهلشەرع، عەبدی بەپەلە ئامادەیی خۆی بۆ دیالۆگ لەگەڵ دەسەڵاتی نوێدا نیشان دا.
میدیاکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک کەس ستایشی ئەم کارەی عەبدی دەکەن و پێیان وایە بڕیاری دروستی داوە بۆ ڕێگریکردن لە خوێنڕشتن و پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد؛ لە بەرامبەردا هەندێکی تر ڕەخنەی لێ دەگرن و پێیان وایە دەستبەرداری ئامانجەکانی کورد بووە.
ئێستا و لەگەڵ بوونی بە ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی، عەبدی قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکات کە تێیدا کوردانی سوریا هیوادارن ڕۆڵیان لە بونیادنانەوەی سوریای نوێدا هەبێت. هاوڕێیەکی نزیکی عەبدی دەڵێت، ئەو توانیویەتی نەرمی سیاسی و واقیعبینی تێکەڵ بکات تاوەکو بتوانێت مافە ڕەواکانی گەلەکەی بەدەستبێنێت.