کێشەیەکی کۆمەڵایەتی ناسنامەی (عەجاج)ـی ئاشکراکرد
٢ ئاب ٢٠٢٥ - ١٠:٢٦ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە چۆنیەتی دەستگیرکردنی عەجاج تکریتی، ڕایدەگەیەنێت عەجاج و کەسوکارەکەی لەگەڵ خێزانێکی تری عەرەب دووچاری کێشەی کۆمەڵایەتی بوون، بۆیە ئەو خێزانەی کێشەیان لەگەڵی هەبووە دەزگا ئەمنییەکانی عێراقیان له ناسنامهكهى ئاگادار کردووەتەوە.
سەرچاوە ئاگادارەکە کە بە پاساوی ئەوەی هێشتا دۆسیەکە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە ئامادە نەبوو ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "عەجاج کەسێکی دەوڵەمەندە و وەکو سەرۆک خێڵ خۆی پیشانداوە، بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر دووچاری کێشەی کۆمەڵایەتی بووە، بۆیە لایەنی دووەمی کێشەکە ناسنامەی راستهقینهى ئهویان بۆ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق ئاشکراکردووە."
عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی، بە "جەلادی ئەنفال" ناسراوە و ئازار و ئەشکەنجەی قورسی ئەنفالکراوەکانی لە گرتووخانەی نوگرە سەلمان داوە، بەجۆرێک هەموو ئەو کەسانەی لە ئەنفالکردن دەربازیان بووە، وێنە و دیمەنە دڕندانەکانی عەجاج هێشتا لە مێشکیاندا دەزرنگێتەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، دوای زانیاری وردی هەواڵگیری، توانرا لە پارێزگای سەڵاحەدین، عەجاج ئەحمەد حەردان دەستگیربکرێت، کە بە "جەلادەکەی نوگرە سەلمان" ناسراوە و ڕۆڵی هەبووە لە شەهیدکردن و زیندەبەچاڵکردنی خەڵکی کوردستان لە پرۆسەی ئەنفالدا.
پەری نوری، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق کە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی عەجاج دەکات، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "هەشت مانگە چاودێریی عەجاج دەکەین، دۆسیەکە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە."
هەرچەندە دەوترێت عەجاج کۆمەڵێک جوانکاری بۆ ڕوومەتی ئەنجامداوە تا نەناسرێتەوە، بەڵام بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیەی زانیاری بە پەنجەرە دا، عەجاج ئەو خاڵەی سەر ڕوومەتی لابردووە کە پێی دەناسرایەوە، ئێستا کەسێکی بەساڵاچووەو تەمەنی نزیکەی 75 ساڵە.
سەرچاوەکە دەڵێت: "دەبێت لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت و دڵنیاببینەوە لەوەی دەستگیرکراوەکە 100% عەجاجە، هەرچەندە دەزگای هەواڵگیری عێراق دڵنیاییاندا لەوەی دەستگیرکراوەکە عەجاجە."
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، سێ کەس لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان بەمەبەستی سکاڵا تۆمارکردن براونەتە شاری بەغدا، یەکێک لە سکاڵاکارەکان دانیشتووی کەلار و دوانەکەی تر دانیشتووی گوندهكانی سەرچنار و گوڵم کەوەی سەر بە قەزای چەمچەماڵن.
دهزگاى ئاسایشی عێراق ئاماژهى بهوهداوه كه لهم چهند ساڵهى رابردوودا كهسوكارهكهى ناسنامهى راستهقینهى عهجاجیان شاردوهتهوه و وایان بڵاوكردوهتهوه كه مردووه.
پەری نوری، جهخت له ناسینهوهى عهجاج دهكاتهوه و دەڵێت: "ئەوانەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ عەجاج دەکەن، دڵنیایان کردینەوە لەوەی دەستگیرکراوەکە عەجاجە."
هەروەها وتیشی: "ئهگەر مەسەلەکە لە سۆشیال میدیا نەوروژێنرایە، ئێمە بەنیاز نەبووین دەستگیرکردنی عەجاج ڕابگەیەنین، دەمانویست پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ بکرێت و ناوی تاوانبارانی تری گرتوخانەی نوگرە سەلمانی پێ ئاشکرا بکرێت، بەڵام سۆشیال میدیا مەسەلەکەی بە ئاراستەیەکی تردا برد."