سکرتێری حزبی شیوعی بۆ پەنجەرە: حکومەتی هەرێم تا پێیبکرێت دۆسیەی نەوت ڕادەست ناکات
٢ ئاب ٢٠٢٥ - ١٠:٣٠ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان وایدەبینێت حکومەتی هەرێم دۆسیەی نەوت بە تەواوەتی ڕادەستی بەغدا ناکات، لەکاتێکدا بەهۆی بێ موچەییەوە بارودۆخی خەڵک زۆر خراپە و خەریکە پەتی ئارامییان دەپچڕێت.
ئەبو کاروان، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئاماژەکان دەرخەری ئەوەن حکومەتی هەرێم تاپێیبکرێت دۆسیەی نەوت ڕادەست ناکات، لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی نێوان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت، لایەنی حکومەت نەیانشاردەوە تا پێییان بکرێت کۆدی نەوت ڕادەستی سۆمۆ ناکەن.
بەپێی لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق، لەبەرامبەر ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمدا، دەبێت حکومەتی هەرێم مانگانە 230 هەزار بەرمیل نەوت و بڕی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ ڕادەستی عێراق بکات.
سکرتێری حزبی شیوعی دەڵێت: "ئەم دۆخە ئاماژەیە بۆ شکستی گەورەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، خەڵک ناتوانێت بەبێ موچە و بازاڕ بژی، خەڵک پێیوایە حکومەتی هەرێم توانای هەیە و پارە نادات، بۆیە ئەگەر بیر لە چارەسەرکردنی دۆخەکە نەکرێتەوە، ڕەنگە دۆخێکی نەخوازراو ڕووبدات."
وتیشی: ژیان و گوزەرانی خەڵک زۆر خراپە، چونکە بژێوی خەڵک و جوڵەی بازاڕ گرێدراوە بە موچەوە.
لەکاتێکدا تادێت دۆخی دارایی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕوو لە خراپتر دەکات، بەرپرسانی عێراق و هەرێم یەکتری بە خوڵقاندنی دۆخەکە تۆمەتبار دەکەن.
ئەبو کاروان دەڵێت: "بەغدا و هەرێم هەردوولایان تاوانباری ئەم دۆخەن، دەسەڵاتدارانی هەرێم 33 ساڵە حوکمڕانن و توانای دابینکردنی موچەی مانگێکیان نییە، لەکاتێکدا دارایی کوردستانیان لە بەردەستدایە، ئەمە کەموکورتییەکی گەورەیە."
وتیشی: بەغداش موچەی کردووەتە کارتێکی سیاسی و سەرباری بڕیاری دادگای فیدراڵی، بەڵام هەر وەکو کارت بەکاری دەهێنێت، بۆیە هەردوولایان لەم دۆخە بەرپرسیارن.
بەبڕوای سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان، بەرژەوەندی بڕیاربەدەستانی عێراق و هەرێم لە ڕێککەوتندایە و پێویستیان بە یەکترییە، بەڵام وەکخۆی وتی: "لەگەڵ ئەوەشدا ناو بە ناو قەیران دەخوڵقێنن و دواتریش ڕێکدەکەون."
ئەو دەڵێت: لەپاڵ کێشە دروستکردنی ناو بە ناودا، هەندێکجار لە ژێر فشاری ئەمەریکا و وڵاتان یاخود لەژێر ناوی هاوسۆزی بۆ موچەخۆران، موچە دەدرێت؛ لەکاتێکدا موچە مافی خەڵکی کوردستانە.