وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر بۆ پەنجەرە: پارە و ئیمتیاز ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق یەکلایی دەکاتەوە

٢ ئاب ٢٠٢٥ - ١٠:٣١ پاش نیوەڕۆ

وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر بۆ پەنجەرە: پارە و ئیمتیاز ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق یەکلایی دەکاتەوە

 

پەنجەرە

وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادیی ڕایدەگەیەنێت، پارە و ئیمتیاز ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەکلایی دەکاتەوە، ئەمەش پێچەوانەی پەیڕەو و پرۆگرامی هاوپەیمانی نەسرە.

سەلام زوبەیدی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پارەیەکی زۆر بۆ دەنگ کڕین و بەدەستهێنانی کورسی لەلایەن هێز و لایەنەکانەوە تەرخانکراوە، هاوپەیمانی نەسر پارە و ئیمتیازی سیاسی نییە بەکاریبهێنێت.

دەشڵێت: "ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق پاک و دادپەروەرانە نابێت، بەهۆی ئەو هەموو پارەو ئیمتیازەی لەلایەن هێزو لایەنەکانەوە بۆ دەنگکڕین ئامادەکراوە."

هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادیی، کشانەوەی خۆی لە کێبەرکێی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاندووە، هۆکارەکەشی بۆ بەکارهێنانی پارە و ئیمتیاز لەلایەن هێز و لایەنەکان دەگێڕێتەوە.

سەلام زوبەیدی دەشڵێت: کشانەوەی هاوپەیمانی نەسر دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتەوە، کشانەوەکەمان بڕیارێکی کوت و پڕ نەبوو بەڵکو دیراسەکراو بوو.

بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە مانگی 11ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لە ئێستاوە کێبەرکێی توند لە نێوان هێز و لایەنە شیعەکان دەستیپێکردووە. 

بەشێک لە لایەنە شیعەکان لە ژێر چەتری نوری مالکیدا کۆبوونەتەوە و دەیانەوێت ڕێگری بکەن لە بەدەستهێنانەوەی کورسی سەرۆکوەزیران لەلایەن محەمەد شیاع سودانییەوە، هەردوولاشیان یەکتری بە بەکارهێنانی پارە و هێز بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن تۆمەتبار دەکەن.

بەکارهێنانی پارە و هێز بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن تەنها عێراقی نەگرتووەتەوە، بەڵکو پارتی و یەکێتیش لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکرێن بەوەی لە ئێستاوە سەرقاڵی کڕینی کارتی دەنگدانن.

 


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو