"خوێندنەوەی هەڵە" هەرێمی خستە بەر توڕەیی ئێران
٢ ئاب ٢٠٢٥ - ١٠:٣٢ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
لەئێستادا هەرێمی کوردستان بە دوو ڕێگەی جیاواز خراوەتە ژێر فشاری توندەوە، هۆکاری فشارەکانیش گرێدراون بە "خوێندنەوەی هەڵە"ـی بەرپرسانی کورد بۆ شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و ئەگەری داڕووخانی حکومەتی عێراق بەدوایدا.
"خوێندنەوەی هەڵەی" بەرپرسانی کورد بۆ ئەگەری داڕووخانی حکومەتی عێراق لە حاڵەتی لاوازبوونی ئێران دا، وایکردووە مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵيدا بەراورد بە جاران توندتر بێت.
هەروەها پێشبینی بەرپرسانی کورد بۆ داڕووخانی ئێران کاربەدەستانی ئەو وڵاتەی نیگەران کردووە، بۆیە ئێران لە ڕێگەی میلیشیا شیعەکان و بۆردومانکردنی کێڵگە نەوتییەکانەوە تۆڵە لە هەرێم دەکاتەوە.
د. مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری دیاری کورد، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "رەنگە هەرێم پێشبینی کردبێت ئێران لەشەڕی ئیسرائیل دا تێکبشکێت، یان پێشبینی ئەوەی کردبێت ئەمەریکا دۆستی کوردەو بە هانای کوردەوە دێت، بەڵام ئەمە هەڵەیە."
دەشڵێت: "سەرکردایەتی کورد لە کۆن و ئێستاشدا لە تەقدیرات و تەقیم دا هەڵەی هەبووە."
بەرپرسانی کورد پێشبینی ڕووخانی ئێران و کەوتنی حکومەتی عێراقیان بەدوایدا کردووە
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، کاتێک شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەرپابووە، بەرپرسانی کورد لە نێویاندا خودی مەسعود بارزانی و تەنانەت د. بەرهەم ساڵحیش لەمڕووەوە ڕۆڵی هەبووە، پێشبینی ڕووخانی ئێران و کەوتنی حکومەتی عێراقیان بەدوایدا کردووە.
لە سەروبەندی هەڵایسانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دا، تۆنی گوتاری مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان گۆڕاو هەڕەشەی ئەوەی لە عێراق کرد، چیتر ڕازی نابن لە مەسەلەی موچەدا بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکات.
د. بەرهەم ساڵحیش هەوڵی پشت پەردەی هەبووە و داوای خۆ کۆکردنەوەی لە بەرپرسانی هەرێم کردووە، پێیوابووە ئێران دەڕووخێت و کاریگەری دۆخەکە لەسەر عێراق و ناوچەی سلێمانیش دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە گفتووگۆی لەگەڵ سیاسییە ناڕازییەکان لە یەکێتی لە سنوری سلێمانیدا کردووە.
دەوترێت دکتۆر بەرهەم پەیوەندی بە سەرکردەکانی عێراقیشەوە کردووە و لە ئەگەری داڕووخانی ئێران و خراپی بارودۆخەکە ئاگاداری کردووەنەتەوە.
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە دۆخەکە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "کاتێک شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل وەستا و پێشبینی بەرپرسانی کورد بۆ دۆخەکە هەڵە دەرچوو، حکومەتی عێراق مامەڵەی لەگەڵ هەرێم توندکردەوە و میلیشیاکانیش هێرشی درۆنییان دەستپێکرد."
بەرپرسانی یەکێتی ترسیان لە بارودۆخەکە هەبووە، چونکە سلێمانی و عێراق خرابوونە تای یەک تەرازووەوە
سەرچاوەکە دەڵێت: "سەرەتا بەرپرسانی یەکێتی ترسیان لە بارودۆخەکە هەبووە، چونکە سلێمانی و عێراق خرابوونە تای یەک تەرازووەوە و چارەنوسیان بە ئێرانەوە گرێدرابوو، بەڵام دواتر بەرپرسانی ئێرانی و ئەمەریکی دڵنیاییاندا لە دۆخی سلێمانی."
بەرپرسانی پارتی لە کاتی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دا هەڵوێستی ڕوونیان نەبوو، جگە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، بەرپرسانی یەکێتیش بێدەنگییان بەرامبەر دۆخەکە هەڵبژاردو ڕاگەیەنراوێکی درەنگ وەختیان بەناوی نوسینگەی سەرۆکی یەکێتییەوە بڵاوکردەوە.
د. مەحمود عوسمان وتی: هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی سیخوڕی ئیسرائیل لەناو خاکەکەیەوە داخلی ئێران بووە، ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر فشارەکانی عێراق و ئێران بۆ سەر هەرێم.
هەروەها وتیشی: "ئێران ڕەخنەی ئەوەی لە هەرێم هەیە گوایە لایەنگیری ئەمەریکایە، کاتێک مەسرور بارزانیش سەردانی ئەمەریکای کرد جەختی لەسەر شەریکایەتی نێوان هەردوولا کردەوە."
جەختیشیکردەوە: "بەغدا لەگەڵ ئێرانە و هەردوولایان لە هەرێم ناڕازین، ناشیانەوێت هەرێم نەوت بفرۆشێت، بۆیە درۆنەکان هی میلیشیاکانن و حکومەتی عێراقیش لێی بێدەنگە."