پسپۆڕێکی یاسایی: تەمەنی 'عەجاج' ڕێگرنابێت لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان
٣ ئاب ٢٠٢٥ - ١٢:١٣ پێش نیوەڕۆ

پەنجەرە
پسپۆڕێکی بواری یاسا ڕایدەگەیەنێت 'عەجاج تکریتی' تۆمەتبار بە ئازارو ئەشکەنجەدانی ئەنفالکراوەکان با تەمەنی لەسەرووی 70 ساڵەوە بێت، دادگا دەتوانێت بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەربکات و بڕیارەکەش جێبەجێ دەکرێت.
د. رێبوار محەمەد ساڵح، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری یاسا، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "هیچ دەقێکی یاسایی لە یاسای سزادانی عێراقیدا نییە ڕێگربێت لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر تاوانباری بەساڵاچوودا، بەڵام بەپێی ماددەی 79 لە یاسای سزادانی عێراقی، تاوانباری خوار تەمەن 20 ساڵ، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ ناکرێت."
عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی، بە "جەلادی ئەنفال" ناسراوە و ئازار و ئەشکەنجەی قورسی ئەنفالکراوەکانی لە گرتووخانەی نوگرە سەلمان داوە، بەجۆرێک هەموو ئەو کەسانەی لە ئەنفالکردن دەربازیان بووە، وێنەو دیمەنە دڕندانەکانی عەجاج هێشتا لە مێشکیاندا ماوەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، دوای زانیاری وردی هەواڵگیری، توانرا لە پارێزگای سەڵاحەدین، عەجاج ئەحمەد حەردان دەستگیربکرێت.
د. ڕێبوار محەمەد، دەڵێت: دادگا دەتوانێت بڕیاری لەسێدارەدان بۆ عەجاج دەربکات و هیچ دەقێکی یاسایی نییە بۆ ڕێگرتن لە جێبەجێکردنی سزاکە بەهۆی تەمەنەوە.
هەروەها وتیشی: "دادگا دەسەڵاتی تەقدیری پێدراوە بەوەی نەرمی بەرامبەر تاوانبار بنوێنێت و سزاکەی لە لەسێدارەدانەوە بگۆڕێت بۆ زیندانیکردنی هەمیشەیی."
دوای ئەوەی بەفەرمی دەستگیرکردنی عەجاج تکریتی ڕاگەیەنرا، ژمارەیەک لەکەسوکاری ئەنفالکراوەکان سەردانی بەغدایانکرد بۆ سکاڵا تۆمارکردن، لە ئێستاشدا ڕێکخراوەکانی بواری ئەنفال سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ تۆمارکردنی ژمارەیەک سکاڵای تر لەسەر تۆمەتبارەکە.