پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی: لە مانگی هەنگوینییەوە بۆ لێواری هەڵدێر و پاشان ئاشتبوونەوەی ناچاری
٣ ئاب ٢٠٢٥ - ١:١٩ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
پەیوەندیی نێوان بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک ئاوێنەی پەیوەندیی دوو حیزبە سەرەکییەکەی هەرێم، لەدوای گرتنەدەستی دەسەڵاتی ڕەهای بافڵ تاڵەبانی لە یەکێتیدا، زنجیرەیەک هەوراز و نشێوی دراماتیکی بەخۆیەوە بینیوە. ئەم پەیوەندییە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، لە هاوپەیمانیی نزیکەوە گەیشتە لێواری پچڕانی تەواوەتی و دواجاریش بەهۆی فشارە دەرەکییەکانەوە، بەرەو قۆناغێکی نوێی لێکتێگەیشتن هەنگاوی ناوە.
قۆناغی یەکەم: مانگی هەنگوینی و یەکەم درز
سەرەتای پەیوەندییەکان بە "مانگی هەنگوینی" دەستیپێکرد، بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی 8ـى تەموزی 2021، کاتێک بافڵ تاڵەبانی دەسەڵاتی تەواوی حیزبەکەی گرتە دەست و لاهور شێخ جەنگیی دوورخستەوە. پارتی کە لاهور شێخ جەنگیی بە نەیارێکی سەرسەختی خۆی دەزانی، پێشوازیی لەم گۆڕانکارییە کرد و پشتیوانیی باڵی تاڵەبانییەکانی کرد. بەڵام ئەم مانگە هەنگوینییە زۆری نەخایاند.
پارتى ئامادهنهبو وهكوو هاوبهشێك له ئاستى خۆیدا، ڕۆڵ به یهكێتى بدات، ئهمهش درزی خسته پهیوهندی نێوان ئهو دوولایهنهوه. ئهوهشی درزهكهى زیاتر كرد، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوو لە هەمان ساڵدا، كه تیایدا یەکێتی بۆ ڕاکێشانی دەنگی جەماوەرەکەی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی پارتی لە حکومەتدا، گوتارێکی توندی دژ بە پارتی گرتەبەر، ئەمەش ههم نیگەرانی و ههمیش دڵەڕاوکێی لای پارتی دروستکرد.
قۆناغی دووەم: قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان
دواى ههڵبژاردن، كێبڕكێی بهركهوتهكان له بهغدا دهستپێكرد. ئاڵۆزییەکان لەسەر پرسی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق گەیشتنە لوتکە. یەکێتی بە مافی خۆی دەزانی و پارتیش دەیویست ڕێگری لە كاندیدهكهى یەکێتی (بەرهەم ساڵح) بکات. دواجار پرسەکە بە کاندیدێکی تەوافوقی (لەتیف ڕەشید) کۆتایی هات، کە نە سەرکەوتنی تەواوی یەکێتی و نە شکستی پارتی بوو، بەڵام متمانەی نێوانیانی زیاتر لەق کرد.
پارتی لە ڕێگەی لاوازکردنی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم فشاری زیاتری خستە سەر یەکێتی
دوای ئەمە، پارتی کە هەستی دەکرد لە پشتیوانیکردنی بافڵ تاڵەبانی پەشیمانە، لە ڕێگەی لاوازکردنی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم و سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی قوباد تاڵەبانی، فشاری زیاتری خستە سەر یەکێتی. ئەمەش وایکرد تیمی یەکێتی چەندین جار بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکات و پەیوەندییەکان بگەنە خاڵی متبوون.
قۆناغی سێیەم: هەڵبژاردنی هەرێم و گەیشتن بە لێواری پچڕان
ناکۆکییەکان جارێکی دیکە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تەقینەوە. یەکێتی لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە یاسای هەڵبژاردنی گۆڕی، ئەمەش کاردانەوەی تووندی پارتی لێکەوتەوە.
بانگەشەی هەڵبژاردن شایەتی توندترین هێرشی میدیایی نێوان هەردوولا بوو لە دوای ساڵی 2003ـوه.
کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی لە پیرمام لە 14ـى تەمووز، وەرچەرخانێکی گرنگ بوو
ئەنجامی هەڵبژاردن دۆخێکی واقیعخوازانەی هێنایە ئاراوە: پارتی زۆرینەی بەدەستهێنا، بەڵام بەبێ یەکێتی نەیدەتوانی حکومەت پێکبهێنێت.
قۆناغی چوارەم: فشاری بەغدا و ئاشتبوونەوەی پیرمام
لە کاتێکدا بنبەستی سیاسی لە هەرێم بەردەوام بوو، ڕاگرتنی بودجە و مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە، فشارێکی گەورەی لەسەر هەردوو حیزب دروستکرد. ئەم قەیرانە داراییە وایکرد هەردوولا ناچار بن بگەڕێنەوە بۆ مێزی گفتوگۆ.
کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە پیرمام لە 14ـى تەمووز، وەرچەرخانێکی گرنگ بوو. لەم کۆبوونەوەیەدا، بارزانی بافڵ تاڵەبانیی ڕاسپارد بۆ سەرۆکایەتیکردنی شاندێک بۆ بەغدا بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە.
ئەم هەنگاوە کە ئاماژەیەکی ئەرێنیی بەهێز بوو، بووە هۆی کردنەوەی دەرگای قۆناغێکی نوێ كه دواجار ناردنی مووچەی لەلایەن بەغداوە لێكهوتهوه.
پرسیاری داهاتوو: ئاشتەواییەکی کاتی یان ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی؟
ئێستا تۆنی گوتاری هەردوولا بەرامبەر یەکتر نەرم بووەتەوە، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا ئەم لێکتێگەیشتنە تەنها کاردانەوەیەکی کاتییە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی مووچە، یان دەبێتە بناغەیەک بۆ ڕێککەوتنێکی ستراتیژی و گشتگیر لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و چارەسەرکردنی کێشە ڕیشەییەکان؟
مێژووی پەیوەندییەکانی یهكێتى و پارتى دەریخستووە کە هەموو ئەگەرێک کراوەیە، بەڵام داهاتوو وەڵامی ئەوە دەداتەوە کە ئایا ئەم ئارامییە دەمێنێتەوە یان جارێکی دیکە شەپۆلێکی تری ململانێ سەرهەڵدەداتەوە.