پەنجەرە داتای وردی قوربانیانی ئێزدیی بڵاودەکاتەوە
٣ ئاب ٢٠٢٥ - ١:٣٦ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
بەپێی ئامارێک کە لەلایەن نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزیدییە رفێنراوەکانەوە تایبەت بۆ پەنجەرە نێردراوە، 2 هەزار و 553 ئێزیدیی رفێنراو تائێستا چارەنووسیان دیارنییە.
ئەمڕۆ 3ـی ئاب، ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکانی شەنگالە، کاتێک لە ساڵی 2014ـدا دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە "داعش"، هێرشیکردە سەر قەزای شەنگال و دەورووبەری کە کۆمەڵگەی ئێزیدییەکانی لەخۆگرتووە، لە ئاکامدا کوشتوبڕێکی وێرانکەریی ئەنجامدا و هەزاران هاوڵاتی کوشت و سەرووی 6 هەزاریشی لێ ڕفاندن.
بەپێی ئامارێکی نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزیدییە رفێنراوەکانەوە کە تایبەت بۆ پەنجەرە نێردراوە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانی پێدانراوە، ژمارەی کوردانی ئێزدیی پێش هێرشەکانی داعش لە عێراقدا 550 هەزار کەس بووە.
لەئێستاشدا ژمارەی ئاوارە ئێزدییەکان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان 135 هەزار و 860 کەسن، بەڵام ژمارەی ئاوارە ئێزدییەکان لە تێکڕای ناوچە جیاجیاکانی هەرێم 189 هەزارو 337 کەسە.
هەر بەپێی ئامارەکە، تائێستا 93 گۆڕی بە کۆمەڵی ئێزدییەکان کە لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژ کراون، ئاشکرابووە؛ ئەمە جگە لە دەیان گۆڕی تری تاکی قوربانییەکان لە ناوچە جیاجیاکان.
بەپێی ئەو داتا فەرمییە، 29 کەسی ئێزدیی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان ڕزگاریان بووە، هەروەها 68 مەزارگەی ئێزدیش لەلایەن د١ـعـ..ـشـ،،ـەوە تەقێنراونەتەوە.
لە تێکڕا هێرشەکەی ئەو ڕێکخراوە، 6 هەزار و 417 هاوڵاتی ئێزدیی رفێنراون، کە 3 هەزار و 548 کەسیان کەسیان لەرەگەزی مێ و 2 هەزار و 869 کەسیان لە رەگەزی نێرن، لەو رێژەیەش 3 هەزار و 590 کەسیان ئازاد کراون کە هەزار و 211 لە ڕەگەزی مێ و 339 لە ڕەگەزی نێر و هەزار و 76 مناڵی کچ و 964 مناڵی کوڕن.
هاوکات ژمارەی ئەو رفێنراوانەی کە بەدەستی رێکخراوەکە کوژراون و تەرمەکانیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزراوەتەوە و ڕادەستی کەسوکاریان کراوەتەوە، 274 کەسن، کە 37ـیان مێ و 237ـیان نێرن.
هەر بەپێی ئەو داتایەی دراوە بە پەنجەرە، تائێستا 2 هەزار و 553 ڕفێنراو چارەنووسیان نادیارە، کە هەزار و 329 کەسیان لە ڕەگەزی نێر و هەزار و 224 کەسیان لە ڕەگەزی مێن.