بۆچی قاسم ئەعرەجی زوو زوو سەردانی هەولێر دەکات؟

٣ ئاب ٢٠٢٥ - ٢:٥٥ پاش نیوەڕۆ

بۆچی قاسم ئەعرەجی زوو زوو سەردانی هەولێر دەکات؟

 

په‌نجه‌ره‌

هاوكات له‌گه‌ڵ تێكچونى زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان حكومه‌تى عێراقی و پارتی دیموکراتی کوردستان، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانى عێراق چه‌ند جارێك سه‌ردانى هه‌ولێر ده‌كات و له‌ لێدوان و دیداره‌كانییدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى حكومه‌تى هه‌رێم و پارتى، دۆست ده‌رده‌كه‌وێت، سه‌رچاوه‌یه‌ك ده‌ڵێت ناوبراو به‌ ته‌ماى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پارتی پشتیوانێتى، چاودێرێكی سیاسیش به‌ ئه‌گه‌رێكى دوورى نازانێت.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بۆیە زوو زوو سەردانی هەولێر دەکات، چونکە لەلایەن پارتییەوە بەڵێنی پێدراوە پشتگیری بکرێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق.

مانگی ڕابردوو، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی "مەزاری مەلا مستەفا بارزانی" کرد لە ناوچەی بادینان، لەکاتێکدا پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا لەوپەڕی ئاڵۆزیدابوو.

سەرچاوەکە دەڵێت: "پەیوەندی نێوان پارتی و هادی عامری سەرۆکی رێکخراوی بەدر زۆر باشە، ڕەنگە ئەمەش هۆکاری پاڵپشتی پارتی بێت لە قاسم ئەعرەجی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانى ئه‌و رێكخراوه‌."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، هەواڵی پشتگیری پارتی لە قاسم ئەعرەجی گەیشتووەتە محەمەد شیاع سودانی، ئەمەش ناوبراوی بە تەواوەتی توڕە کردووە و بووەتە هۆکارێکی تر بۆ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

لایخۆشیه‌وه‌، چۆمان محه‌مه‌د، پسپۆڕی بواری یاسا و چاودێری سیاسی، به‌ په‌نجه‌ره‌ى راگه‌یاند: مالیكی خواستى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌یه‌، به‌ڵام ئایا بۆ خۆیه‌تى یان بۆ كه‌سێكى تر هێشتا ڕوون نییه‌.

وتیشی: هاوكات سودانیش هه‌موو هه‌وڵێكى بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى پۆسته‌كه‌یه‌، به‌ڵام چانسی كه‌م بووه‌ته‌وه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌: ده‌كرێت له‌ ململانێی نێوان مالیكی و سودانییشدا كه‌سێكى تر بێته‌ پێشه‌وه‌ و چانس په‌یدا بكات بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران.

ئه‌عره‌جی كه‌ خه‌ڵكى پارێزگاى واستی باشوورى عێراقه‌، له‌ دواى ڕووخانى رژێمى به‌عسه‌وه‌ چه‌ند پۆستێكى فه‌رمیی وه‌رگرتووه‌، له‌وانه‌: ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى واست، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، سه‌رۆكى لیستی به‌در له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، وه‌زیری ناوخۆی عێراق و دواین پۆستیش كه‌ پێنج ساڵه‌ وه‌ریگرتوه‌، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقه‌.

 


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو