"ئەمریکا داوای جیاکردنەوەی مەلەفی نەوت و موچە دەکات، مالیکی نەرمە و سودانی ترسی هەیە"

٣ ئاب ٢٠٢٥ - ٤:٣٠ پاش نیوەڕۆ

"ئەمریکا داوای جیاکردنەوەی مەلەفی نەوت و موچە دەکات، مالیکی نەرمە و سودانی ترسی هەیە"

 

پەنجەرە
 
سەرچاوەیەک لە تیمی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت هەوڵێکی زۆر لە ئارادایە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق موچەی مانگی 6ـی موچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە بکات، وەزیری دەرەوەی عێراقیش بۆ ئەو مەبەستە لە ئەمەریکا گەڕاوەتەوە و سەرقاڵی گفتوگۆکردنە، شارەزایەکیش دەڵێت: یەکێتی و پارتی دەیانەوێت نە نەوت بدەن و نە داهات.

سەرچاوەکە لە تیمەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە داوایکرد ناوی ئاشکرانەکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: بە بڕوای من، عێراق موچەی مانگی 6 ڕەوانە دەکات، بەڵام دۆخەکە پڕ لە هەوڵ و گفتوگۆیە، بۆیە ناتوانرێت کاتی ناردنەکەی دیاری بکرێت.

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، ئەمەریکا داوایکردووە دۆسیەی نەوت و موچە لەیەکتری جودا بکرێتەوە و موچە رەوانەی هەرێم بکرێت، تا ئەوکاتەی لەسەر نەوت رێککەوتن دەکرێت.

سەرچاوەکە دەڵێت: نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ ئەوەدایە کێشەی نەوت بە یاسای نەوت و گاز چارەسەر بکرێت و نەرمە بەرامبەر ناردنی موچە بۆ هەرێم، بەڵام محەمەد شیاع سودانی ترسی لە دۆخەکە هەیە و هەڵوێستی هەڵکشان و داکشانی پێوە دیارە.

سەبارەت بە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان، سەرچاوەکە وتی: "حکومەتی هەرێم دەڵێن گوایە ناتوانن مانگانە 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ کۆبکەنەوە، لە مەسەلەی نەوتیشدا بۆچوونیان لە عێراق جیاوازە."

پەنجەرە پەیوەندی بە بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمەوە کرد، تەنها ئەوەندەی وت: "داهاتی ناوخۆی هەرێم لە ئێستادا سەرووی 250 ملیار دینارە و لەو بڕە مانگانە 100 ملیاری بۆ دابینکردنی کارەبا تەرخان دەکرێت، ئەمە جگە لەوەی راییکردنی کاروبارەکانی حکومەت بودجەی دەوێت."

هەروەها وتیشی: بۆ ئەم یەک دوو مانگە ئاساییە، بەڵام ناتوانین تا سەر مانگانە 120 ملیار بدەین بە عێراق.

لای خۆیەوە، محەمەد حسێن، ئەندامی تۆڕی ئابووریناسانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: یەکێتی و پارتی هەوڵدەدەن موچەی مانگی 6 لە عێراق وەربگرن، بەڵام نایانەوێت ئەو ڕێوشوێنانە پیادە بکەن کە دەبێتە هۆی ڕادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی، لەکاتێکدا عێراق نەوت و داهاتی نانەوتی دەوێت.

وتیشی: لایەنی عێراقی دەیەوێت داهاتی دەروازەکان کۆبکرێتەوە و بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و ئیدارەدانی بخرێتە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی نەوت، بەشێوەیەک وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لقێک بێت لە وەزارەتی نەوت، لەکاتێکدا یەکێتی و پارتی دەیانەوێت خۆیان ئیدارەی دەروازەکان و نەوت بدەن، بۆیە ململانێکانی هەرێم و بەغدا دوو ئاراستەی جیایان وەرگرتووە.

جەختیشیکردەوە: بەهۆی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە، لایەنی عێراقی توڕەن لە هەرێم و دەیانەوێت ڕێککەوتنەکان "حەرفییەن" جێبەجێ بکەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو