سەرچاوەیەکی نزیک لە بەرهەم ساڵح: بەرهەم ساڵح پۆستی سەرۆک کۆمار وەرناگرێتەوە
٥ ئاب ٢٠٢٥ - ١:٢٨ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرچاوەیەکی نزیک لە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، ڕایدەگەیەنێت بەرهەم ساڵح هیچ خواستێکی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق نییە.
سەرچاوە نزیکەکەی بەرهەم ساڵح، کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پۆستی سەرۆک کۆمار بووە بە بەشێک لە ململانێی کوردی-کوردی و بەرهەم ساڵح نایەوێت ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.
دەشڵێت: "پۆستەکە بە لای د. بەرهەمەوە هیچ بایەخێکی ئەوتۆی نەماوە."
ئەمەش لەکاتێکدایە بەرهەم ساڵح پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی پچڕاوە و و لەبەرامبەریشدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی ئاسایی کردووتەوە، بەم دواییانەش هەندێک جموجۆڵی سیاسی هەبووە، هۆکاری جموجۆڵەکانی بۆ لۆبیکردن بە مەبەستی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لێکدرایەوە.
رەتکردنەوەی خواستی بەرهەم ساڵح بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لەکاتێکدایە، لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق دەیەوێت بۆ چوار ساڵی تر لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە و خواستی خۆی لای هێز و لایەنەکان نەشاردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، لەتیف رەشید لەهەوڵی خۆنزیککردنەوەیە لە هێز و لایەنە عێراقی و کوردییەکان، دەیەوێت گەرەنتی پشتگیری ئەوان بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکەی بکات.
پۆستی سەرۆک کۆمار کە لەدوای رووخانی رژێمی بەعسەوە بەرکەوتەی کوردە و لە نێو کوردیشدا بەرکەوتەی یەکێتییە، ئەو حزبە هەرچەندە چاوی لە بەدەستهێنانەوەیەتی، بەڵام لە ئێستادا ناوی هیچ کەسێکی بەفەرمی وەکو کاندیدی داهاتوو بۆ ئەو پۆستە، نەهێناوە.