بۆچی چین لەسەر ئاستی باڵا پێشوازی لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ناکات؟

٥ ئاب ٢٠٢٥ - ٢:٠٨ پاش نیوەڕۆ

بۆچی چین لەسەر ئاستی باڵا پێشوازی لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ناکات؟

 

په‌نجه‌ره‌

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ کورسی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای بەدەستهێنایەوە، هەست دەکرێت چین بەراورد بە جاران لە عێراق و هەرێمی کوردستان چالاکتر بووە، سه‌رباری ئه‌وه‌ش نایەوێت ببێتە جێگرەوەی ئەمەریکا و په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌ ئاستى دیپلۆماسییدا له‌گه‌ڵ هه‌رێم هێشتا لاوازه‌.

لەچەند ڕۆژی رابردوودا، چین ژمارەیەک رۆژنامەنوسی کوردی رەوانەی وڵاتەکەی کرد، ئەمە جگە لەوەی بە بەردەوامی پەرلەمانتار، بازرگان و بەرپرسانی ئیداری هەرێم بە مەبەستی بینینی خول و راهێنان دەنێرێتە وڵاتەکەی و تێچووی ناردنی هەرکەسێک، بڕی 10 بۆ 15 هەزار دۆلار لەسەر ئەو وڵاتە دەکەوێت.

لەمڕێگەیەوە چین دەیەوێت خەڵکی کوردستان بە زمان و کلتورو فەرهەنگی وڵاتەکەی و مۆدێلی چینی ئاشنا بکات، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە نایەوێت هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست بکات.

ئه‌م جۆره‌ به‌رنامانه‌ش وڵاتانى تریش ئه‌نجامى ده‌ده‌ن، له‌نمونه‌ى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مریكا، به‌ڵام ئه‌و به‌پێچه‌وانه‌ى چینه‌وه‌، بره‌وى به‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا داوه‌.

 

تائێستا چین بانگهێشتی هیچ بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستانی نەکردووە

 

له‌به‌رامبه‌ردا چین سەرباری ناردنی ژمارەیەکی زۆر بازرگان، بەرپرسی ئیداری، پەرلەمانتارو رۆژنامەنوس بۆ وڵاتەکەی، تا ئێستا ئەو وڵاتە بانگهێشتی هیچ بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستانی نەکردووە، جگە لە جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆمار کە ئەویش وەکو بەرپرسێکی عێراقی پێشوازی لێکردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە باڵیۆزخانەی عێراقەوە دزەیانکردووە، پێشتر مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە فڕۆکەیەک بەرەو چین کەوتووەتە ڕێ، بەڵام لە رێگە ئاگادار کراوەتەوە کە لەسەر ئاستی باڵا پێشوازی لێناکرێت، بۆیە فڕۆکەکەی لە وڵاتی کوێت نیشتووەتەوەو دواتر گەڕاوەتەوە بۆ هەرێم.

پەنجەرە بەدواداچوونیکرد لە بارەی هۆکاری خۆ بەدوور گرتنی چین لە ڕووی سیاسییەوە لە هەرێمی کوردستان، زۆربەی سەرچاوە دیپلۆماتکارەکان ئاماژەیان بەوەدەکرد چین نایەوێت لەبەر هەرێم، وڵاتانی تر لە خۆی نیگەران بکات کە بەرژەوەندی ئابووری لەگەڵیان هەیە.

 

چین نایەوێت ببێتە جێگرەوەی ئەمەریکا

 

بەپێی وتەی سەرچاوەکان، چین دۆزی هیچ وڵات و هەرێمێک ناکات بە دۆزی خۆی و تەنها بەرژەوەندی ئابووری لا گرنگە، ئەمەش هۆکاری خۆ بەدوور گرتنیەتی لە پەیوەندی سیاسی لەگەڵ هەرێم.

سەرباری چالاکبوونی چین بەهۆی پاشەکشەی ئەمەریکا لە ناوچەکە، بەڵام چین نایەوێت ببێتە جێگرەوەی ئەمەریکاو عێراق و هەرێمیش پشتی پێببەستن، بەڵام لە حاڵەتی پاشەکشەکردنی هێزێک و جێگرتنەوەی بە هێزێکی تر واقیعییەکە وادەردەکەوێت کە هێزی دووەم جێگرەوەیە.

پێچەوانەی هەرێمی کوردستان، چین بایەخێکی گەورەی بۆ عێراق هەیە و هەرێم بۆ سەقامگیری عێراق هاندەدات، چونکە 11 بۆ 13% سەرچاوەی وزەی چین پشت بە نەوتی عێراق دەبەستێت، ئەمە جگە لەو گرێبەستانەی بواری وزە لەگەڵ عێراق کردوونی.

چین دەیەوێت عێراق سەرچاوەیەکی گەورەی وزە بێت و بەردەوامی بدات بە دابینکردنی وزە بۆی، هەروەها عێراقیش بازاڕێکی کراوە و واڵا بێت بۆ کاڵا و شمەکی چینی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو