بەرپرسێکی یەکێتی لە کەرکوک: مام جەلال تەنها ڕێگەی بەکەرکوکییەکان دەدا شارچێتی بکەن
٥ ئاب ٢٠٢٥ - ٢:١١ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
بەرپرسێکی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، مام جەلال شارچێتی و تەکەتولی لە کەس قەبوڵ نەکردووە، بەڵام ڕێگەی بەکەرکوکییەکانداوە شارچێتی بکەن.
شێرزاد سەمەد، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: کاتی خۆی مام جەلال دەیگوت، شارچێتی و تەکەتول لەکەس قەبوڵ ناکەم، تەنها بۆ کەرکوکییەکان نەبێت.
لەکاتێکدا یەکێتی لەڕووی ئۆرگانییەوە لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان گرفتی هەیە، بەڵام ئەو حزبە لەکەرکوک تاڕادەیەک تۆکمەتر دەردەکەوێت.
بەهێزی کەرکوکییەکانی ناو یەکێتی وایکردووە ڕێگە نەدەن هیچ بەرپرسێکی حزبەکەیان لەو شارە، پۆستی باڵای حزبی وەربگرێت ئەگەر کەرکوکی نەبێت، لەکاتێکدا کەرکوکییەکان لە دەرەوەی شارەکەیان خاوەنی پۆستی باڵای حزبی و حکومین.
شێرزاد سەمەد دەڵێت: کەرکوک وا دەخوازێت کوردایەتی تێدا بکرێت، یەکێتی هەوڵی وەلانانی کێشەی خۆی و یەکگرتوویی دەدات لە کەرکوک.
یەکێتی لە کۆی پێنج کورسی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەرکەوتەی کورد، خاوەنی 3 کورسییە، هەروەها لە کۆی 7 کورسی بەرکەوتەی کورد لە ئەنجومەنی پارێزگا خاوەنی 5 کورسییە.