د. یوسف محەمەد بۆ پەنجەرە: نزیکیی وادەی هەڵبژاردن دۆخی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی ئاڵۆزتر کردووە
٥ ئاب ٢٠٢٥ - ٥:٣٧ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: بارودۆخی عێراق ئاڵۆزە و موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش کراوە بە بەشێک لە ئاڵۆزییەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش پاڵپشتی پارتی لەدەستداوە و پێویستی بە هەڵوێست توندییە بەرامبەر بە هەرێم.
د. یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: عێراق لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردندایە و تادێت لە وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن نزیک دەبینەوە، ئەمە جگە لەوەی خوێندنەوەی بەرپرسانی هەرێم بۆ شەڕی ئێران و ئیسرائیل هەڵە دەرچوو.
دەشڵێت: هەڵبژاردن و ڕاست دەرنەچوونی گرەوی بەرپرسانی هەرێم بۆ شەڕی ئێران و ئیسرائیل، دۆخی موچەخۆرانی هەرێمی ئاڵۆزتر کردووە.
پێشتر پەنجەرە، لە راپۆرتێکی شیکاریدا ئاماژەی بە کاریگەری جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و خوێندنەوەی هەڵەی بەرپرسانی هەرێم بۆ دۆخەکە کردبوو.
د. یوسف محەمەد، دەڵێت: نزیکیی وادەی هەڵبژاردن وایکردووە هیچ لایەک نەرمی بەرامبەر یەکتری نەنوێنێت، سودانی پاڵپشتی پارتی لەدەستداوە و ئاراستەکەی بەرەو لای قاسم ئەعرەجی و عەدنان زورفی گۆڕیوە.
جەختیشیکردەوە: "سودانی کە لای پارتی لەدەستداوە، ترسی لەوەش هەیە لە ئەگەری نەرمی نواندندا بەرامبەر هەرێم، چوارچێوەی هەماهەنگی ئەم نەرمییە لەدژی بەکاربهێنن، بۆیە هەڵوێستی توندەو دەیەوێت دەنگی شەقامی شیعی بەدەستبێنێت."