دەستەی مافی مرۆڤ بۆ پەنجەرە: هونەر ڕەشید ئاغا لە زیندانە و چاومان پێی کەوت
٥ ئاب ٢٠٢٥ - ٥:٣٩ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
دوای ئەوەی پەنجەرە پەیوەندیی بە سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤەوە کرد بۆ زانینی چارەنوسی هاوڵاتی (هونەر رەشید ئاغا)، دەستەکە دەڵێت: سەردانی ناوبراومان کردووە لە زیندان.
پەنجەرە لە دوو رۆژی رابردوودا پەیوەندی بە مونا یاقو- سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستانەوە کرد دەربارەی چارەنووسی هاوڵاتی (هونەر رەشید ئاغا) کە دەوترێت لە سنووری هەولێر دەستبەسەرە و دەنگۆی گیان لەدەستدانیشی بڵاوبوویەوە.
لە راگەیەنراوێکدا کە دەستەکە بۆ پەنجەرەی ناردوە، دەڵێت: "دوای بڵاوبونەوەی چەند هەواڵێک لەسەر کەیسی هاوڵاتی هونەر ڕەشید ئاغا کە باس لەدیارنەبونی چارەنوسی و کوژرانی دەکرا، بۆ ئەم مەبەستە لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکی دەستە دکتۆرە مونا یاقۆ تیمێکی دەستەی ڕاسپارد بۆ بەدواداچون بۆ کەیسی ناوبراو."
دەشڵێت: "تیمەکەش سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێریان کرد و لەنزیکەوە لەگەڵ ئیدارەی ئاسایش گفتوگۆیان کردو چاویان کەوت بە ناوبراویش."
دەستەکە هەروەها وتوشیەتی: "بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاساو پاراستنی مافی مرۆڤ- تاڤگە عومەر ئاماژەی بەوەکردووە دوای سەردانکردنی و دڵنیابونەوە لەتەندروستی ناوبراو، لە ئێستادا هیچ کێشەیەکی نییە و لەچوارچێوەی ڕیکارە یاساییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و ماوەی یاسایی خۆی بەسەر دەبات و دەستەش بەردەوام دەبێت لەبەدوا داچونەکان لەهەر کاتێکدا پێویست بێت."
هونەر ڕەشید ئاغا، بە بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک ڤیدیۆ ناسراو بوو کە تیایاندا هێرشی تووند دەکاتە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی بنەماڵەی بارزانی، دواتر سنووری ژێر دەسەڵاتی پارتی بەرەو سلێمانی بەجێهێشت، پاش ماوەیەک مانەوە لە سلێمانی، دووبارە گەڕایەوە هەولێر و لەلایەن هێزەکانی سەر بە پارتییەوە دەستگیرکرا و دواتر سۆراغی نەما.