هێزە ئەمنییەکان داوای ڕادەستکردنی ژمارەیەک پێشمەرگەی سۆسیالیست دەکەن و محەمەدی حاجی مەحمود ڕەتیدەکاتەوە 

٥ ئاب ٢٠٢٥ - ٥:٥٤ پاش نیوەڕۆ

هێزە ئەمنییەکان داوای ڕادەستکردنی ژمارەیەک پێشمەرگەی سۆسیالیست دەکەن و محەمەدی حاجی مەحمود ڕەتیدەکاتەوە 

 

پەنجەرە

هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی داوای رادەستکردنی نزیکەی 50 کەس لە بەرپرسان و پێشمەرگەکانی پارتی سۆسیالیست لە محەمەدی حاجی مەحمود دەکەن، ناوبراو تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ڕادەستکردنیان ڕەتدەکاتەوە.

شەوی پێشوتر، کاتێک ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەک بە خێرایی بە جادەی بەردەم گوڵەخانەدا (کە بارەگای سەرەکی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و ماڵی سەرۆکی حزبەکەی لێێیە) تێپەڕیووە، چەکدارانی بارەگاکە دوای کەوتوون و تەقەیان لێکردووە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، جگە لە دەستگیرکردنی ژمارەیەک پێشمەرگەی پارتی سۆسیالیست بەهۆی ئەو ڕووداوەوە دەستبەجێ، هێزە ئەمنییەکان داوای رادەستکردنی چوار کەسی تریش دەکەن و پارتی سۆسیالیست رەتیدەکاتەوە، بەمپێیە سەرجەم داواکراوەکانی ئێستا و پێشووی ئەو حزبە بۆ نزیکەی 50 کەس بەرز دەبێتەوە. دۆسیەی بەشێک لە داواکراوەکان دەگەڕێتەوە بۆ کاتی ناکۆکی نێوان محەمەدی حاجی مەحمود و عەبدوڵڵای برای، بەڵام لە ئێستا هێزە ئەمنییەکان نیگەرانن و سەرجەم دۆسییەکانیان زیندوو کردووەتەوە.

زانیارییەکانی پەنجەرە کە لە بەرپرسێکی باڵای پارێزگای هەڵەبجەوە دەستیکەوتوون، ئاماژەبەوەدەکەن پارتی سۆسیالیست داوای "سوڵحیان" لەو کەسە کردووە کە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەی کردووە، بەڵام سوڵحی ڕەتکردووەتەوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی یەکێتی لە دۆخەکە توڕەن و داوای سۆسیالیستیان بۆ کۆبوونەوە قبوڵ نەکردووە.

بەرپرسەکەی پارێزگای هەڵەبجە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "ئاگادارین کە سۆسیالیست لە ماوەکانی داهاتوودا نیازی مانۆڕی سەربازییان هەیە، بەڵام ئەمە قەبوڵ ناکرێت."

پەنجەرە بۆ وەرگرتنی قسەی ئەوان، پەیوەندی بە د. فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکانی بەردەست نەبوون.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو