سەرکردەیەکی پارتی: سێ هۆکار لە پشت هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمەوەن

٦ ئاب ٢٠٢٥ - ٢:٥٤ پاش نیوەڕۆ

سەرکردەیەکی پارتی: سێ هۆکار لە پشت هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمەوەن

په‌نجه‌ره‌

سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان، هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چەند هۆکارێک دەگێڕێتەوە و پێیوایە محەمەد شیاع سودانی ناتوانێت لێپێچینەوە بکات، چونکە کوتلەی گەورەی پەرلەمانیی لە پشت نییە.

عەبدولسەلام بەرواری، سەرکردەی پارتی و په‌رله‌مانتاری پێشووی حزبه‌كه‌ى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هۆکاری هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتییەکان بۆ سێ ئەگەر دەگەڕێتەوە، میلیشیاکان پێیانوایە لەمڕێگەیەوە لەبەرژەوەندی ئەمەریکا دەدەن، هەروەها هەڵوێستی ئایدۆلۆژییان بەرامبەر هەرێم وەرگرتووە، ئەمە جگە لەوەی دەیانەوێت کێشە بۆ ڕێککەوتنە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دروست بکەن.

سەرکردەکەی پارتی دەڵێت: هاوكات هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم تەحەدای حکومەتەکەی سودانیشە.

سەبارەت بەهۆکاری لێپێچینەوەنەکردنی حکومەتی عێراق لەگەڵ گروپە چەکدارەکان، عەبدولسەلام بەرواری وتی: سەرۆکوەزیران دەبێت لەگەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بێت، بەڵام بەهۆی ڕێکنەکەوتنەوە سودانی کرایە سەرۆکوەزیران، بۆیە ئەو دەزانێت چوارچێوەی هەماهەنگی لەو بەهێزترن و گروپەکانیش ملکەچی بڕیارەکانی نابن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو