ئەمەریکا تەنگ بە حەشدی شەعبی هەڵدەچنێت

٧ ئاب ٢٠٢٥ - ٤:٠١ پاش نیوەڕۆ

ئەمەریکا تەنگ بە حەشدی شەعبی هەڵدەچنێت


 
پەنجەرە

سەرباری هەوڵەکانی هێزە شیعەکانی عێراق بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسایەکی تایبەت بە حەشدی شەعبی، بەڵام ئەمەریکا تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکەی بە "هێڵی سور" داناوە و هۆشداری بە بەرپرسانی عێراق داوە.

تێپەڕاندنی پرۆژەکە یاساکە دەبێتە هۆی دەستەبەرکردنی ئیمتیازی زیاتر بە حەشدی شەعبی، بەڵام ئەمەریکا بەتوندی رۆیشتووەتە سەر هێڵ و هۆشداری داوە لە تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکە. بۆ ئەو مەبەستەش هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەبەغدا سەردانی موحسن مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد.

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، پلانی ئەمەریکا کۆتایی هێنانە بە حەشدی شەعبی و تواندنەوەیەتی لە نێو هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق دا، بەجۆرێک جڵەوی ئەو هێزە بکەوێتە دەست حکومەتی عێراق.

فەرید ئەسەسەرد، بەرپرسی پێشووی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی یەکێتی، بە پەنجەری ڕاگەیاند: "فشارەکانی ئەمەریکا لە دژی حەشدی شەعبی پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە، ئەگینا حەشد دامەزراوەیەکی فەرمییە."

حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014، لەسەر فەتوای مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق بۆ شەڕی داعش پێکهێنرا، بەڵام لە ئێستادا ئەو هێزە فرە ئەجێندایە و بەسەر هێزو لایەنە شیعەکاندا دابەشبووە.

کاتێک ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی دا، هێزو لایەنە کوردییەکان هۆشداری ئەمەریکایان بەهەند وەرگرت و بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکرد.

هەرچەندە هێزە شیعەکان بەڕواڵەت هەوڵی تێپەڕاندنی پرۆژەی یاسای حەشدی شەعبی دەدەن، بەڵام بەڕای چاودێرانی سیاسی ترسیان لە هۆشدارییەکانی ئەمەریکا هەیە و بەجدی وەریانگرتووە.

ئەسەسەرد، دەشڵێت: "ئەمەریکا دەیەوێت حەشدی شەعبی نەمێنێت و پێیوایە ئامرازێکی ئێرانە، وەکو چۆن لەهەموو ڕوویەکەوە تەنگ بە ئێران هەڵچنراوە، ئاواش فشار لە حەشد دەکرێت، بەڵام دواجار حەشد لەناو عێراق دا کێشەی دروست نەکردووە بەتایبەت بەرامبەر بە کوردو سونە."

ژمارەی کارمەند و چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بە سەرووی دووسەد هەزار کەس مەزەندە دەکرێت، دابڕاندنی ئەو هەموو کارمەندو چەکدارە لەموچە و ئیمتیاز عێراق دووچاری گرفتی گەورە دەکات، بۆیە ئەمەریکا دەیەوێت بکرێنە بەشێک لە هێزە عێراقییەکان و تەنها حکومەت دەسەڵاتی بەسەریانەوە هەبێت.

فەرید ئەسەسەرد، وتی: "عێراق مانەوەی حەشد بە پێویست دەزانێت، لەکاتێکدا ئەمەریکا حەشد وەکو کۆپییەکی سوپای پاسداران دەبینێت و دەترسێت ئێران سودیان لێوەربگرێت، بە دڵنیاییەوە ئێران دەسەڵاتی لەناو حەشد هەیە و بەشێکیان پەیوەندییان لەگەڵ ئێران بەهێزە."

هێزەکانی حەشدی شەعبی لە رابردوودا حسابێکی ئەوتۆیان بۆ حکومەتی عێراق نەکردووە، بەشێکیان کە هێزە "وەلائییەکان"ـن رێنمایی لە ئێرانەوە وەردەگرن، بەڵام بەشەکەی تریان بەسەر هێز و سەرکردە شیعەکاندا دابەشبوون.

 


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو