بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێم بۆ پەنجەرە: بەپلان ئاو بەردەدەینەوە و قەیرانی ئاو دروست نابێت
٧ ئاب ٢٠٢٥ - ٤:٠٣ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، رایدەگەیەنێت هیچ مەترسییەک نییە بۆ دروستبوونی قەیرانی ئاو لە هەرێمی کوردستان و ئەوان بەپێی پلان ئاوی بەنداوەکانی هەرێم بەردەدەنەوە.
رەحمان خانی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: مەگەر قەیرانی ئاو لەو شوێنانە دروست ببێت کە سەرچاوەی ئاویان کانییە و کانییەکان وشک بکات، ئەگەرنا ئاوی بەنداوەکان بەپێی پلان بەردەدەینەوە و تا وەرزی باران بارین گرفتمان نابێت.
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان (هەرێم)، بەنداوی دەربەندیخان دوو ملیار و پێنجسەد ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت، لە ئێستادا ملیارێک و شەشسەد ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە. بەنداوی دوکانیش 6 ملیار و 800 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت و نزیکەی 1 ملیار و نیو مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
بەنداوی دەربەندیخان لە کاتی دروستکردنیەوە تا ئێستا چەندین جار سەرڕێژ بووە، لەکاتێکدا بەنداوی دوکان تەمەنی نزیکەی 66 ساڵە، تەنها دووجار سەرڕێژ بووە.
رەحمان خانی، دەڵێت: "ئاوی بەنداوی دەربەندیخان دەگاتە ناوچەکانی دیالە، هەروەها ئاوی دوکانیش بۆ سلێمانی و کەرکوک و بەشێکی پارێزگای سەڵاحەدینە. بەپێی پلان ئاو بەردەدەینەوە و هەماهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی عێراقیش هەیە."