سەرکردەیەکی عەرەب بۆ پەنجەرە: لە کەرکوک کێبڕکێییەکی بەهێز لەنێو ماڵی عەرەبدا ڕوودەدات

٧ ئاب ٢٠٢٥ - ٤:١١ پاش نیوەڕۆ

سەرکردەیەکی عەرەب بۆ پەنجەرە: لە کەرکوک کێبڕکێییەکی بەهێز لەنێو ماڵی عەرەبدا ڕوودەدات

 

پەنجەرە

سەرکردەیەکی سیاسی عەرەبی سونە لە کەرکوک رایدەگەیەنێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کێبەرکێیەکی بەهێز لە کەرکوک لە نێوان کوتلەی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی حەلبوسی و کوتلەی سەروەری، بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر روودەدات.

ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی عەرەبی سونە لە کەرکوک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، عەرەب لە کەرکوک بە چوار لیستی سەرەکی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات.

لیستی تەقەدومی حەلبوسی، هەریەک لە محەمەد تەمیمی وەزیری پلاندانانی عێراق و وەسفی عاسی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران سەرپەرشتی دەکەن. لیستی سەروەری خەمیس خەنجەر، راکان جبوری پارێزگاری پێشووی کەرکوک و خالد مەفرەجی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران سەرکردایەتی دەکەن.

کوتلەی عەزمی موسەنا سامەرائی، لەلایەن ئەحمەد غەرەزەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، هەروەها وەزیری بەرگری عێراقیش لیستێکی هەیەو لەلایەن عومەر جبوری و ژمارەیەک کەسایەتی تری عەرەبەوە نوێنەرانی دەکرێت.

حەدیدی دەڵێت: کێبەرکێ قورسەکە لە کەرکوک لە نێوان کوتلەی تەقەدوم و سەروەریدا دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـى مانگی 8ـى 2025، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم سەردانی کەرکوکی کرد، بڕیارە چاوی بە ژمارەیەک کەسایەتی پارێزگاکە بکەوێت.

ئیسماعیل حەدیدی، وتی: سەردانەکەی حەلبوسی سیاسییە و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و ڕێکخستنەوەی کوتلەکەیەتی.

 


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو