سودانی بە گرێبەستکردن لەگەڵ 2 کۆمپانیای بیانی دڵنیایی دەداتە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم

٧ ئاب ٢٠٢٥ - ٤:١٤ پاش نیوەڕۆ

سودانی بە گرێبەستکردن لەگەڵ 2 کۆمپانیای بیانی دڵنیایی دەداتە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم

 

پەنجەرە
 
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، گرێبەستێکی پیشانی هەندێک لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان داوە، ناوەڕۆکەکەی پەیوەندیداربووە بە چۆنیەتی ڕێگرتن لە ساختەکاریی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

لە هەڵبژاردنی پێشووی عێراق دا، رەخنەیەکی زۆر لە کۆمپانیای (میرۆ سیستەم)ـی کۆری گیراوە و تۆمەتبار کرا بەوەی نەیتوانیوە ڕێگری لە پرۆسەی ساختەکاریی رێکخراو بکات.

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، محەمەد شیاع سودانی، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژمارەیەک لایەنی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی پێداون لە پارێزراویی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێبەرانی عێراق.

گرێبەستەکان لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەڵمانی و ئیسپانیدا ئەنجامدراون، بۆ ئەوەی چاودێری سیستەمی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران بکەن، کە بڕیارە لەمانگی 11ـ ی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.

ئەو دوو گرێبەستەی حکومەتی عێراق لەگەڵ دوو کۆمپانیا ئیسپانی و ئەڵمانییەکەدا ئەنجامیداون، تێچووەکەیان 58 ملیار دیناری عێراقییە، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق بۆ سەرخستنی هەڵبژاردن سەرووی 398 ملیار دیناری تەرخانکردووە.

ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ دوو کۆمپانیا ئەڵمانی و ئیسپانییەکە لەکاتێکدایە، پێشتر رەخنەی ئەوە لە کۆمپانیای (میرۆ سیستەم)ـی کۆری گیرا، گوایە ئەزمونێکی ناشەفاف و گوماناوی هەبووە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کۆنگۆ و عێراق لەساڵی 2018 و 2021.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو